هەنگەوانی لە چوارچێوەی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بووژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە بەرهەمهێنانی هەنگوینیشدا هەزاران جوتیار خراونەتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنییەوە.
زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٥٠ تۆن بووە، لە دوای پشکنینە کیمایی، فیزیایی و مایکڕۆلۆجییەکان لە تاقیگە پێشکەتووەکانی وڵاتان، لە ئەنجامدا بە باشترین هەنگوینەکانی جیهان هەژمار کراوە، لەو چواچێوەیەدا کار بۆ ئەوە کرا هەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە تاکوو ئێستا زیاتر لە دوو تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر کراوە، لە ماوەیەکی تردا هەناردەی وڵاتانی تریش دەکرێت.
ئەحمەد پشدەری، هەنگەوانێكە و لەبارەی ساغكردنەوەی هەنگوینەكەی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “لەوەتەی پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوین هەیە، خواست لەسەر هەنگوین زۆر بەرز بووەتەوە، ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەكەن بۆ داواكردنی هەنگوین، ئەوەش لە قازانجی هەموو هەنگەوانانە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی یەك كەس نییە.”
کابینەی نۆیەم؛ بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی جوتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، تاکوو بتوانرێت جوتیاران بەردەوام بن لە کشتوکاڵكردن و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان.
ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 8 هەزار هەنگەوان لە ئاكرێوە تاكوو سنووری هەولێر و شارباژێر و پێنجوێن و گەرمیان هەن، كۆی گشتی 350 هەزار پوورەهەنگیان هەیە، بە پێی ستانداردی جیهانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستمان بە زیاتر لە 2 هەزار تۆنە.”
گوتیشی: “پلانی ناردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە، بەتایبەت كە هەنگوینی كوردستان كوالێتییەكی باشی هەیە و وڵاتان چاویان لەسەرییەتی. بۆ ئەمەش هەنگوین یەكێكە لەو بەرهەمانەی دەست بە هەناردەكردنی كراوە. دوای ئەوەی چەندین كۆمپانیا لە ڕێگەی یاساییەوە داوایان پێشكەش كرد، لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و نووسینگەی سەرۆكوەزیران لە دوای پشكنینی هەنگوینەكە، پرۆسەی ناردنی هەنگوین دەستی پێ كردووە.”
ئەو هەنگوینەی هەناردە كراوە، هەنگوینی ناوچەكانی سەفین، ئاكرێ، پشدەر، بیتوێن، شارباژێر، كەلار و هەڵەبجەی تێدایە و جوتیارانی هەموو كوردستان بەشدارییان لە پرۆسەكە كردووە. جگە لەوەش هەنگوین بۆ ناوەوەی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابین دەكرێت.
هەناردەکردنی بەرهەمی جوتیاران بەردەوامە، تا ئێستا، هەنار، پەتاتە، هەنگوین، برنج، سماق، هێلکە، مریشک، تەحین، کونجی، زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە کراون. لە ماوەیەکی نزیکدا، سێو و ترێ هەناردە دەکرێن و كار بۆ هەناردەكردنی شیرەمەنییەكان دەكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری