سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێژەی بووژانەوە و گڵدانەوەی ئاو لە بەنداوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رێژەی بووژانەوە و گڵدانەوەی ئاوی 48 کاتژمێری رابردوو، لە بەنداوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند؛ بەنداوی دووکان زۆرترین و بەنداوی دهۆکیش کەمترین رێژەی ئاوی گلداوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رێژەی بووژانەوە و گڵدانەوەی ئاوی هەر سێ بەنداوی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی شەپۆڵی باران بارینی 48 کاتژمێری رابردوو بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 77 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە و بە قەبارەی 84 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی گلداوەتەوە.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، لەو ماوەیەدا، 16 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان گلدراوەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکە 24 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.

لەبارەی بەنداوی دهۆکیش، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 300 مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوی دهۆک گلدراوەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکەش 20 سانتیمەتر بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە، کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کەشی ئەمڕۆ سێشەممە 06-12-2023،  ئاسمان  ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت  و خێرای باش لەسەرخۆ  (5 – 10) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و،  پلەکانی گەرماش “بەگشتی نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ ناوچە شاخاوویەکان کەمێک نزمتر دەبێتەوە بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان”.

لە بارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، 27-12-2023، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: کەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە باکورى هەرێم ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ خێراى با لەسەرخۆ – مامناوەند  (5 – 15) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و پلەکانی گەرماش  بەرز دەبێتەوە بە (1 -2) پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر:  18 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى

دهۆک: 15  پلەى سیلیزى

کەرکووک: 20 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 17 پلەى سیلیزى

 زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 21 پلەى سیلیزى

حاج ئۆمەران: 6 پلەى سیلیزى

سۆران: 14 پلەى سیلیزى