ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق: حکوومەتی عێراق بەشێکە لە کێشەی شنگال و هێزە عێراقییەکان لە شنگال پشتگیریی پەکەکە دەکەن

پێگەی دارکامازی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی نێو شنگال، ڕایگەیاندووە؛ بە فەرمانی (یەبەشە) کە لقیکی سەر بە پەکەکەیە، بڕیاری داخستنی دەرگای هەموو دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی عێراق لە سنووری قەزای شنگال جگە لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی شنگال، خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە چەکدارەکانی یەبەشە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری داخستنی فەرمانگەکان، چوونەتە نێو بارەگا حکوومییەکانەوە و دەرگای فەرمانگەکانیان داخستووە.
ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقیش، بۆ “هەولێر” هەواڵەکەی پشت ڕاست کردەوە و گوتی؛ ئەوەی ڕوو دەدات لە شنگال مامەڵەکردنی پەکەکەیە وەک خاوەن ماڵ و حکوومەتی عێراقیش بەشێکە لە کێشەکە”.
ناسر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە “هەولێر”ی راگەیاند؛ لە ڕێگای سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشتر لیژنەیەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی شنگال، دوای ئەوەی لە فەرماندە سەربازییەکانی عێراق بەڵێنی ئەوەمان وەرگرت چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بکرێت لە ڕێگای ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە، بەلام پەشیمان بوونەوە و نەکرا.
گوتیشی؛ حکوومەتی عێراق بەشێکە لەو گرفتەی لە شنگال هەیە، لە ئێستادا حکوومەتی عێراق دوو بەشە، بەشێکیان کارتۆنییە و بڕیار دەدات. بەشەکەی دیکەش سەربازییە و پەیڕەوی بڕیارەکان ناکات. وەک ئەوەی ئێستا لە شنگال کە بە داخەوە هێزە عێراقییەکان پشتگیریی لە مانەوەی پەکەکە دەکەن، هەرچەندە حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەرکردنی پەکەکە.
ناسر هەرکی، باسی لەوەشکرد، ئەوان لە پەرلەمان هەرچی لە توانایاندا هەبوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کردیان و هەوڵەکانیان گەیشتووەتە بن بەست و تەسلیمی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراقی دەکەن. گوتیشی؛ پەکەکە هێزیكی دەرەکییە و تەنیا چارەسەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بەکارهێنانی هێزە و دەبێت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال دەربکرێن.
لای خۆیشیەوە، بەڕێوبەری شارەوانیی شنگال، ئەوەی پشت ڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە؛ هیزەکانی سەر بە پەکەکه‌ نووسراوێکیان ئاراستەی ئێمە کردووە، کە دەبێت بینایەی شارەوانی چۆڵ بکەن.
جەمیل سڤۆک، بەڕێوبەریی شارەوانیی شنگال، دەڵێت؛ پەکەکە هێزێکی چەند کەسی لەبەر دەرگای شارەوانی داناوە، تاوه‌کو بڕیارەکەیان جێبەجێبکەن”.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەوان پەیوەندییان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، کە ئەوان ئه‌ویان زانیوه‌ و رێکارەکانی خۆیان دەگرنەبەر و هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی بەرەو شنگال رەوانە دەکەن.
لە دوای ئەوەی چەکدارانی پەکەکە بە هاوکاریی هێزە جۆراوجۆرە عێراقییەکان خۆیان خزاندە شەنگالەوە، تا ئێستا ڕەوشی شنگال دوای چەندین ساڵ لە دەرکردنی داعش نائاسایی و ناسەقامگیرە و ئاوارەکانی شنگال ناگەڕێنەوە و داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکەیان دەکەن. هەرچەندە ڕێککەوتنی فەرمی لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بەڵام هەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە و حکوومەتی عێراق بە کەمتەرخەم لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەزانرێت.

ھەواڵی زیاتر