د.ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان: جێگای هەڵوەستەکردنە ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە کەمبوونەوە نییە

ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پێی نایە ٦٩ ەمین ساڵی تەمەنی و تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە خزمەت و بە پێی ئامارێک کە دەست ڕۆژنامەی هەولێر کەوتووە، ڕێکخراوەکە لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ هەزار ئەندامی هەیە. د.ڤیان سلێمان، سکرتێری ڕێکخراوەکە بۆ “هەولێر” باس لەوە دەکات ئامانج و ستراتیژی ئەمڕۆی ڕێکخراوەکە جیاوازە لە سەردەمانی پێشووی و، لە ئێستادا ئامانجیان بەشداریی کارای ڕۆڵی ئافرەتانە لە کۆمەڵگە و کار لەسەر چەسپاندنی یەکسانی جێندەری دەکەن.

د.ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە دیمانەی لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر، باسی لەوەکرد، بەپێی سەردەم و گۆڕانکارییەکان فۆکس و ئامانجی ڕێکخراوەکەی ئێمەش دەگۆڕێت و لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک ئامانجامان هەیە. گوتی؛ لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی گشتی کار لەسەر پەیوەستبوونی نیشتیمانی و بەشداریی کارای ئافرەتان لە بواری نیشتیمانپەروەری و ئاوەدان کردنەوەی وڵات و ڕۆڵبینینی ئافرەتانی کوردستان لە پێکەوژیان و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا و چەسپاندنی یەکسانی جێندەری دەکەین بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو کۆسپانەی دێنە بەردەممان.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەمیان باس لەوە دەکات، یەکێک لەو شتانەی کە ئیستا بە کۆسپی دەزانن شەپۆلی توندڕەوی کلتوورییە، دەڵێت؛ ئێمە لە ڕیگای چالاکییەکانمانەوە هۆشیاریی بە ئافرەتان و کۆمەڵگە دەگەیەنین، بەلام تەوژمی دیکەش لە کۆمەڵگەدا هەیە لەوانە تەوژمی نەریت پارێز و توندڕەوی کلتووری کە پێچەوانەی ئیمە کار دەکەن و ئەوانیش هەوڵی مانەوەی خۆیان دەدەن. گوتیشی؛ ڕاستە ئەوانە ناتوانن ڕامان بگرن، بەڵام لە خێرایی گەیشتن بە ئامانجەکانمان خاومان دەکەنەوە.
د.ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بەو ئامارانەی ئەوە نیشان دەدەن توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە زیادبووندایە، نەیشاردەوە کە ئەوەی هەیە بەراوارد بە ساڵانی پێشتر توندوتیژی دژ بە ئافرەتان کەمی نەکردووە و گوتی؛ ئەمە جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە ئاماری توندوتیژی کوشتن و خۆکوشتنی ئافرەتان کەمی نەکردووە. گوتیشی؛ ژمارەی سکاڵاکان لە لایەن ئافرەتانەوە ڕێژەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە گوتەی سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتان، ئەمە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکێکیان ئەوەیە ئافرەتان دەیانەوێت بەرەنگار ببنەوە و ئەو دۆخەیان قبوڵ نییە، دووەمیشیان پەیوەندی بە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژییەوە هەیە.
د.ڤیان سلێمان، باسی لەوەشکرد، ئەوان پتەویی و تەندروستیی خێزان بە بنەمایەکی گرنگ دەزانن بۆ کۆمەڵگە و دەیانەوێت خێزان پەنایەکی ئارامی ئافرەتان بێت، گوتیشی؛ ڕێژەی جیابوونەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە هەمان کاتدا پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیریی کەمی کردووە. باسی لەوەشکرد، لە ڕێگای وەزارەتی تەندروستییەوە و بە هەماهەنگی بە نیازی پرۆژەیەکن بەشێوەیەک لە ڕێگای خوولی تایبەتەوە بۆ ئەو کوڕ و کچانەی نیازی هاوسەرگیرییان هەیە ڕۆشنبیریی و ڕێنمایی تەواویان پێ بدرێت سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیریی.

ھەواڵی زیاتر