حکوومەتی هەرێم لە سنوورەکە بیست و یەک پڕۆژەی جێبەجێ کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کرایەوە. بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، دەڵێت: پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاوی سەنتەری قەزا و ھەژدە گوندی سنوورەکە دابین دەکات.

بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لە ٢٠١٢ دانرابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ لەبەر شەڕی داعش پڕۆژەکە ڕاگیرا، ئێستە لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەدابینکردنی بودجەی پێویست کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردووەتەوە و قۆناغی باشی بڕیوە.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە سەرچاوەکەی ڕووباری قەندیلە، دەتوانێت ئاوی سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێ و دەوروبەری کە زیاتر لە ھەشتا ھەزار کەسە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بە بەردەوامی دابین بکات.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە سێ سەد و پەنجا و حەوت ملیار دینار بۆ چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، یەکێک لە شوێنەکان دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ چاککردنەوەی پڕۆژەکان بۆ ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەڕین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاکرێ بوو.
حکوومەتی ھەرێم لە سنووری ئاکرێ ھەنگاوی گرنگی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ناوە، بیست و یەک پڕۆژەی جێبەجێ کردووە، لەوانەش دوازدە پڕۆژە تەواوبوونە و نۆ پڕۆژەیان بەگوژمەی چواردە ملیار دینار لە جێبەجێکردندان، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بایەخدانی بە ناوچەکە.
قەزای ئاکرێ، دەکەوێتە دووریی ١٢٠ کم باشووری ڕۆژھەڵاتی دھۆک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بایەخدان بە قەزاکان و شار و شارۆچکەکان، بایەخی ھەمەجۆری پێ داوە.
ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، دەڵێت: دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاکرێ پڕۆژەکە دەستی پێکردەوە و پارەی پێویستیش بۆ پڕۆژەکە دابین کرا، ئێستە کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و پڕۆژەکە قۆناغی باشی بڕیوە، کە ئێستە ٥٤% کارەکانی پڕۆژەکە بە کۆتا ھاتووە.
بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، زیاتر دەڵێ: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێرانی بەگوژمەی سەد و نۆ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە لە ھەر کاتژمێرێکدا سێ ھەزار مەتر سێجا ئاو بۆ سەنتەری قەزای ئاکرێ و ھەژدەی گوندی سنوورەکە دابین دەکات، بەوەش کێشەی کەمی ئاو لەو ناوچانە نامێنێت.

ھەواڵی زیاتر