دەبێت مووچە لە هەموو پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەر چەندە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستە حکوومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا ھاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش داوای ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی ڕاستەقینە دەکات. وتەبێژی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵی داھاتوو حکوومەتی ھەرێم چاوەڕێی پابەندی تەواو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، چونکە کات کوشتن چیتر کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ناکات.

ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نۆ سەد و چل ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرھێنان و تێچووی بەرھەمھێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتھێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داھاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، بودجەی عێراق لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینار پێکھاتووە، پشکی ھەرێمی کوردستان بە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار بۆ ساڵێک ھەژمار کراوە.
ڕۆژی ٢٥-٣-٢٠٢٣، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگیرا، ئەوەش کێشەی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دروست کرد. وەکو پەرلەمانتاران دەڵێن: ئەگەر پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، ھیچ کێشەیەک بۆ ناردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان نامێنێت.
ڕۆژی سێ شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا کە دواتر لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ جێگیرکرا، پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابین بکرێت، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو.
کۆتایی مانگی ڕابردووش، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چووبووە بەغدا، شاندەکە داوایکرد تا کاتی ھەموارکردنی یاسای بودجە، ناردنی حەوت سەد ملیار دینارەکە بەردەوام بێت بە ناردنی پشکی مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ـی ئەمساڵیشەوە.
کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و وێڕای تاوتوێکردن و خستنەڕووی دۆسیەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان، دووپاتیان کردەوە کە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ تاکو ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەبەرانبەریشدا ھەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و ھەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و ھەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە، داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکات.
ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لەوەش کردەوە، چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدراڵە لە ساڵی نوێ ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارە بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستە بەداخەوە بەھۆی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدراڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، دەڵێن: ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق پشکی ھەیە، بۆیە دەبێت بۆ ساڵی نوێ بەغدا ئەو پشکە بە تەواوی ڕەوانە بکات، ئەگەر یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە یان نا، دەبێت بەغدا بەپێی پشکی ھەرێم پارە بنێرێت، ھەموو ھەوڵێکیش دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر گرفتی مووچە نەبێت.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٣ وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی باشمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ھەبوو، بەڵام ئەوان پابەندی باشیان نەبوو، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێم، ئاماژەی بەوەشکرد: لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە حکوومەتی ھەرێم چاوەڕێی پابەندی تەواو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، چونکە کات کوشتن چیتر کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ناکات.
پێشەوا ھەورامانی، گوتیشی: دەبێت مووچە لە ھەموو پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە و حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی خۆیان نابن و مافی خۆیانە سنوورێک بۆ ئارامی خۆیان دابنێن.

ھەواڵی زیاتر