بەشێكی هاووڵاتیان دژی ڤاكسینن

لە هەرێمی كوردستاندا بەشێكی زۆر و شارەوای كۆمەڵگە تا ئێستەش هیچ بڕوایان بە ڤاكسینەکردن نییە و بیر لە خۆدزینەوە دەكەنەوە بەشکەم ڤاكسینە نەکرێن.

مامۆستایەکی كێك لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان، گوتوویەتی بە چەند هاوڕێیەكی خۆی كە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە ڤاكسینە بکرێت و داوای لێ كردوونە ڕێگەچارەیەكی بۆ بدۆزنەوە.
ئەو مامۆستایە با لێرە ناوی لێ بنێین شادیە، دەربارەی هۆكاری نەباوەڕی بە ڤاكسینمان لێ پرسی، گوتی: ڕاستە تا ئێستە لە هیچ شوێنێك نەمانبیستووە كە ڕاستەوخۆ خەڵك بە ڤاكسین مردبێتن، بەڵام بە داخەوە هیچ بڕوایەكم بۆ دروست نەبووە كە بە ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاكسینە بکرێم، دەترسم شتێكم لێ بێت، یانیش بەرگەی ئەو ئازارە ناگرم كە وەك باس دەكرێت دوو سێ ڕۆژ زۆر بێتاقەتت دەخات و ڤاکسینگرتە تووشی هەڵپروكان دەبێت.
ئازاد عەلی، فەرمانبەرە لە یەكێك لە دەزگاكانی حكوومەتدا؛ ئەویش وەك خۆی دەڵێت لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێكانیدا بڕیاریان داوە كە ڤاكسینە نەکرێن و تا ئێستە هیچ بڕوایەكیان بۆ دروست نەبووە خۆیان ڤاكسینکوت بکەن.
لەو ماوەیەدا بەشێك لە هاووڵاتیان بۆ خۆدزینەوە لە ڤاكسین، پەنایان بردووەتە بەر دەرهێنانی كارتی ساختە! وەزیری تەندروستی جەختی كردەوە كە چەندین كەسیان لەسەر دروستكردنی كارتی ساختە دەستگیر كردووە؛ گوتیشی، پرۆسەی دروستكردنی كارتی ڤاكسین لەمەولا بە شێوازی ئەلیكترۆنییە و ساختە ناکرێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕوونی كردەوە كە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 لە وڵاتانی پێشکەوتووەكان دەستیان کرد بە ڤاکسینەکردنی خەڵک، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ئەمساڵ یەكەمین كاروانی ڤاكسین گەیشتە هەرێم و، سەرەتای مانگی چوار دەست كرا بە ڤاکسینەکردن.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: سەرەتا ڤاکسین زۆر کەم بوو، دوایی بە هەوڵی حكوومەتی هەرێم، ڕێژە و جۆرەکانیشی زیادی کرد و ئێستا و سێ جۆر ڤاكسین بەردەستە؛ سینۆفارم، فایزەر و، ئاسترازینیكا.
دەربارەی خۆدزینەوەی بەشێکی خەڵک لە ڤاكسین، وەزیری تەندروستی، نەیشاردەوە كە ئەوانیش ئەو ڕاستیە دەزانن و گوتی: وەزارەت، ڤاكسینی پێویستی دابین كردووە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم؛ بێجگە لە سەنتەرەكان، تیمی گەڕۆكیشمان هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ڤاكسیە بکەن؛ ئەڵبەت بەشێک لە هاونیشتمانیان دژی ڤاکسینن.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان 180 بنکە و 45 تیمی گەڕۆکی پێدانی ڤاکسین هەن؛ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ٦ملیۆن‌و171هەزارو73 کەسە، لەو ژمارەیە ٤ملیۆن‌و366هەزارو500 کەس لە سەرووی 12 ساڵانەوەیە کە ئامانجی وەزارەتە ڤاکسینە بکرێن؛ لەو ژمارەیە 22%ی پێكوتەی یەکەمی ڤاکسینیان لێ دراوە و 16%ش پێكوتەی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە”.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا تەمەنی 12 ساڵان و گەورەتر، ڤاکسینکوت دەکەین؛ هەندێک بەڕێوەبەری قوتابخانە زۆر بە ڕێکوپێکی هەموو مامۆستایان و قوتابیانی سەرووی 12 ساڵانیان ڤاکسینکوت کردووە کە جێگای دەستخۆشیە.
هیوایشی خواست ئەو هاووڵاتیانەی تا ئێستا خۆیان و خانەوادەکەیان ڤاکسینکوت نەکردووە، زووتر سەردانی سەنتەرەکانی ڤاکسین بکەن، وەک ئامادەکاریەکی گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆڵی پێشبینیکراوی ئەم زستانە، با تووشی کۆرۆنا و خەوێندران لە نەخۆشخانە و خوانەخواستە مردن نەبن.
دەربارەی مەترسیی هاتنی شەپۆلێكی تری كۆرۆناوە، د. سامان بەرزنجی ڕایگەیاند: ئەگەری هەیە لە ماوەی چوار تاوەکو پێنج هەفتەی داهاتوودا بەرەو شەپۆلێکی دیکە بڕۆین و داوایشی کرد، زووتر هاونیشتمانیان روو لە سەنتەرەکانی ڤاکسین بکەن با ڤاکسینکوت بکرێن.
وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند وەك وەزارەتەكەیان ڤاكسینکوت، دەكەنە مەرج.

ھەواڵی زیاتر