سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: هەڵومەرجی هەرێم وا دەخوازێ بە هەموو لایەکمان هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە بده‌ین

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (71)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز ده‌كات.

له‌ په‌یامێكدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی  كه‌ ئاراسته‌ی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.كراوه‌، تیایدا راگه‌یاندراوه‌، ئەمڕۆ (71)ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەو ڕێکخراوەی بە بڕیار و ڕێنمایی(بارزانیی نەمر) لە (11/ 12/1952) دامەزرا، دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە وەرچەرخانێکی دیار و گرنگ بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و تێکۆشانی نەپساوەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە گشتی و ئافرەتان بە تایبەتی.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بزووتنەوەیەکی مێژوویی و کاریگەر و گرنگی گەلەکەمانە و یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی توێژی ئافرەتان، کە ڕۆڵ و سەنگی کاریگەری هەبووە لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا.

هه‌روه‌ها راشگه‌یاندراوه‌،  لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوە بە درێژایی تەمەنی شکۆداری خۆی قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی ئافرەتانی لە خۆبردوو و تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە بووە، بەمەش خزمەتێکی بێ پایانی خەباتی مەدەنیانە و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی لە کوردستاندا کردووە.

 مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیده‌گه‌ێنێت، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەو کاروانەی تەمەنی خۆی هەمیشە ڕێکخراوێکی پێشەنگ و بوێر بووە بۆ خستنەڕووی خواست و ویستی ئافرەتان و دەستەبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هۆشیاریی و هزری نەتەوەیی و نشتیمانی و لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆری بەخشیوە، بۆیە هەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازی گەلەکەمانن.

 هه‌روه‌ها راگه‌یاندراوه‌، یەکێتیی ئافرەتان بە پێی کار و ئەرک و پلان و پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی خۆی توانیویەتی بە شانازییەوە دەستکەوتی مەزن لە هەموو بوارەکاندا بۆ توێژی ئافرەتان دەستەبەر بکات، هەروەها لە هەموو کایەکانی ژیان و جومگە گرنگ و دامەزراوەکانی هه‌رێمی كوردستان و ناوەندەکانی بڕیاردا ڕۆڵی شیاوی خۆیان ببینن بۆ داکۆکیکردن لەو ئەزموونە و پرۆسەی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەدا.  

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاندووه‌،   ئەمڕۆ هەلومەرجی هەرێمی كوردستان و ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە وا دەخوازێ بە هەموو لایەک و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان لەسەر ئاستی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەوە، بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە و سەقامگیریی و ئارامی و دەسکەوتەکانی بدەن.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، یادکردنەوەی ئەم بیرەوەریە کە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی بەستنی نۆیەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەتان، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بەردەوامی پارتیمان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ئومێدەوارین دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەوڵی سەرخستنی کۆنگرە و نوێکردنەوە و پێشخستنی ئەو ڕێکخراوە گرنگە بدەن و، بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان لەئاست گۆڕانکاریەکان و پێداویستیەکانی قۆناغەکە و خواست و ویستی سەرجەم ئافرەتانی کوردستاندا بن.  هیوادارین بۆ هەمیشە لە ئاست ئەو کار و ئەرک و پەیامە پیرۆزەتان بن بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانتان.
له‌ كۆتاییدا راگه‌یاندراوه‌، بەرزو پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان،سڵاو و دروود بۆ گیانی پاک و بێگەردی شەهیدانی ئەو کاروانە شکۆدارەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان..