سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە قەزای ئاكرێ 9 پرۆژە بە گوژمەی 14 ملیار دینار لە جێبەجێكردندان

لە قەزای ئاكرێ لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، 21 پرۆژە جێبەجێ كراون و بەشێكیشیان بە گوژمەی 14 ملیار دینار تەواو دەكرێن.
بڵند ڕەزا زوبێر، سەرۆكی شارەوانیی ئاكرێ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “كابینەی نۆیەم لە سنووری ئاكرێ هەنگاوی گرنگی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان ناوە؛ 21 پرۆژەی جێبەجێ كردووە، لەوانەش 12 پرۆژە تەواو بوونە و 9 پرۆژەیان بە گوژمەی 14 ملیار دینار لە جێبەجێكردندان.”
پرۆژەكان سێكتەری ڕێگەوبان، پەروەردە و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاریی جیاجیا دەگرنەوە، كە ناوچەكە پێویستیی پێیانە.
هاشم موستەفا، هاووڵاتییەكی دەڤەری ئاكرێیە، لەوبارەیەوە گوتی: “سوپاسی حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ گرنگیپێدانی بە ناوچەكە، لەم ناوچەیەی ئێمەدا شەقامی باش دروست كراون، بەهیواین زیاتریش گرنگی بە پرۆژەكانی دەڤەرەكە بدرێت.”
قەزای ئاكرێ دەكەوێتە دووریی ١٢٠ کم ـی باشووری ڕۆژھەڵاتی دهۆك، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە قەزاكان و شار و شارۆچكەكان، بایەخی هەمەجۆری پێ دراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری