سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزی كرێی ئاو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

وەزارەتی شارەوانی بڕيارى لێخۆشبوون و داشكاندنی ڕێژەی (15%) لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان جێبه‌جێ دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕيارى لێخۆشبوون و داشكاندنی ڕێژەی (15%) لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كراوە، داوا دەكات پاڵپشت بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرز لەسەر هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی (3) سێ مانگ كە لە ڕێككەوتی (10-12-2023) دەستپێدەكات و له‌ ڕێكه‌وتی (9-3-2024) كۆتایی دێت.

رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازێكی ساسان عەونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری سه‌باره‌ت به‌ لێخۆشبوون و داشكانی قه‌رزی هاوبه‌شانی كرێی ئاو په‌سه‌ند كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە درابوو، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێکی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنی بە ڕێژەی %15 لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی کرێی ئاو پەسەندکرد، بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە.