سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نیکۆلۆس ستێریولاس، کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی کوردستان کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەرکابوونی لە کونسوڵی گشتیی یۆنان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەربڕی.
ئەوەش خراوەتەڕوو: “کونسوڵی گشتیی یۆنان، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی کولتووری و بازرگانی و کشتوکاڵیدا.”