پارتی ھەڵگری بارە گرانە نەتەوەییو نیشتیمانییەکەیەبۆیە دەنگم دەنگی لیستی ١٩٧ی پارتیە

مستەفا خۆشناو

پارتی ھەڵگری بارە گرانە نەتەوەیی
و نیشتیمانییەکەیە
بۆیە دەنگم دەنگی لیستی ١٩٧ی پارتیە

پارتی دیموکراتی کوردستان ھەرلە سەرەتای درووستبوونیەوە وەکو زەرورەتێکی مێژوویی ھاتە کۆڕی خەبات وشانی دایەبەر ئەو ئەرکە قورسەی کەوا لەسەر شانی مرۆڤی کوردە بۆ داکۆکیکردن و دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانی ولەم پێناوەشدا خەباتێکی دوورو درێژو بێوچانی کرد و ڕووبارێک خوێنی لەم پێناوەدا بەخشی. لەم وڵاتە شۆڤینی و دکتاتۆرییەی عێراق زۆر ئەستەمە بتوانرێ قەناعەت بەو دەسەڵاتە تاکڕەویە بکەی کەوا گوێت بۆ بگرێ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانت کەچی ئەوەی تاکو ئێستا ھاتۆتە دی لەسەر دەستی پارتی بووە جا چ بە شەڕ و زەبری ھێز بووبێ، یاخود بە ئاشتی و ڕێگای گفتوگۆ بگرە ھەر لە ئۆتۆنۆمی، ھەڵبژاردنی دیمۆکراسیانە، سیستەمی فیدراڵی و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان. لەم پڕوپاگەندەی ھەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش پارتی پەیامێکی زۆر ڕوونی بە گوێی ھەموو ئەو نەیارانەدا چرپاند کەوا دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان لە کردنی ڕیفڕاندۆم و ھەڵگرتنی درووشمی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵەی کردووە یاخود پەشیمان بۆتەوە و دەستی لێ ھەڵگرتووە، بە ڕوون و ئاشکرا پەردەی لە سەر ھەموو ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە ھەڵدایەوە و بە دەنگێکی بەرز ھاواری کرد و پێی ڕاگەیاندن بەڵێ پارتی و سەرکردایەتییە حەکیمانەکەی ھەڵگری ھەمان دروشمی سەربەخۆیی کوردستانە و لێشی پەشیمان نییە وە دوور و نزیک دەبێ ئەم درووشمە ببێتە کردار و جێبەجێی دەکەین؛ ئەم پەیامەی پارتی ئەوە دەردەخات کەوا پارتی بە شەرمەوە ئەم درووشمانە بەرز ناکاتەوە ولە ئەنجامەکانیشی ناترسێ، بەڵکو بە ئاشکرا جاڕی بۆ دەدات و پەیگیری لێ دەکات وھەرگیز نە خۆی لێیان دەدزێتەوە و نە لێشیان پەشیمانە بەڵکو کار لەسەر قوناغی داھاتووی دەکات کەوا چۆن ڕێگای یاسایی و دەستووری شیاوی بۆ دەدۆزێتەوە تا درووشمەکانی بکات بە کردار و بیکاتە ئەمری واقیع و بیچەسپێنێ، چونکە پارتی قەت ھەنگاوی ھەڵە و نا ستراتیجیی ناھاوێژێ کەوا تێیدا شەرمەزاری مێژووی گەل و ووڵاتەکەی بێت بەڵکو ھەر ھەنگاوێکی بەپێی شیکارییەکی واقیعییانەی دیراسەتکراو دەھاوێژێ.
ئیستا ھەموو نەیارانی پارتی ڕووی دەمیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانە کەوا ھەر خۆی بە تەنیا ھۆی سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە کەوا بووە ھۆی سەرھەڵدانی ئەو قەیرانانە و ھێڕشی ھێزە عێراقیەکان و لە دەستدانی پانتاییەکی فراوانی خاکی پیرۆزی کوردستان، بەبێ ئەوەی ئەو خیانەتە چەپەڵە بێ وێنەیە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخواری کورد بیھێننە بەر چاوی خۆیان و دان بە ڕاستیەکاندا بنێن کەوا ئەم ھەموو خاکە چۆن و بەچ شێوەیەک لەدەست درا و تەسلیمی دوژمن کرا؟ کەوا بە گەواھی بەشی ھەرە زۆری شارەزا و زانا و سیاسەتمدارانی ناوخۆ و دەرەوە، ڕیفراندۆم باشترین بەڵگە و وەسیلەیە کەوا کورد دەبێ شانازی پێوە بکات نەوەک خۆی لێ لابدات و لەبەری ڕابکات و خۆی لێ بشارێتەوە چونکە تازە کار لە کار ترازاوە و لە دەستی سیاسیەکان دەرچووە و بووەتە بڕیارێکی مێژوویی گەل. ڕیفراندۆم دەبێ وەکو بەڵگەنامەیەک و سەنەدێکی قانونیی بەھێز سەیر بکرێ و نکۆڵی لێ ناکرێ و دەبێتە شانازیەکی گەورەش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وسەرکردایەتیە سیاسیەکەی لە سەروویانەوە جەنابی سەرۆک بارزانی کەوا نە شەرمی لێ دەکات و نە لەبەری ڕادەکات و نە نکۆڵی لێ دەکات؛ بەڵکو خۆی بە داڕێژەر و پارێزەری دەزانێت و شانازیشی پێوە دەکات وە ئومێدێکی زۆریشی بە دەرەنجامەکەی ھەیە وە ڕۆژیک دێ ئەم خەونە دەبێتە ڕاستی و ئەو کات نەیارانی پارتی بە دەستەوەستان و زەلیلی چۆک لەبەردەم ئەم ھەنگاوەی پارتی دادەدەن ودانی پێدادەنێن. ئێستاش کەوا پارتی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق ئامادە دەکات، خەڵکی ئەو ناوچانە، بە تایبەت خەڵکی کەرکووکی دڵی کوردستان ئومێدیان لەسەر سەرکەوتنێکی گەورەی پارتی ھەڵچنیوە، چونکە دەزانن تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە کەوا دەتوانێت ئەو دەستانە ببڕێت کەوا دەست بۆ مافەکانیان درێژ دەکات و شکۆ بۆ مرۆڤی کورد لەو ناوچە دابڕێنراوانە لە کوردستانی دایک بگێڕێتەوە .

ھەواڵی زیاتر