چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەئەمشەوەوە دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی رەشید لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێر هەشتی ئەمشەوەوە گەشتیاران دەتوانن بەشێوەیەکی ئەلیکتۆنی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بکڕن.

دەشڵێت، ئەم میکانیزمە نوێیە پێویستی بە کڕینی پێشوەختە هەیە و ئەوەش لە رێگەی لینکێکەوە ئەنجامدەدرێت کە لە پەڕەی فەرمی بانکەکەدا دانراوە کە مافی ئەوە بە کڕیاران دەدات سەردانی لقەکانی بانکی رەشید بکەن و پارە دینارەکانیان بە کاش پێشکەش بکەن و لە بەرامبەردا دۆلار لە رێگەی لقی بانکەکە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادا وەربگرنەوە.
باسی لەوەش کرد، ئەم رێکارە کڕینی دۆلار بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران ئاسانتر دەکات و هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی راست و دروست زانیارییەکان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دراودا روو نەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی رابردوو بانکی رەشید لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت دۆلار بکڕن، پێویستە بچنە ناو ماڵپەڕی فەرمی بانکەکەوە و لە ڕێگەی ئەو فۆڕمەی کە بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراوە، داواکاری پێشکەش بکەن.
پێشتریش بانکی تی بی ئای لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاری کڕینی پێشوەختەی دۆلار بە رێگەی ئەلیکترۆنی بۆ کڕیاران دەخرێتە کار و کڕیاران دەتوانن لە رێگەی لینکێکەوە لە ماڵپەڕی فەرمی بانکەکەوە فۆڕمێک بە مەبەستی کڕینی پێشوەختەی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ ١٠٠ دۆلار پڕبکەنەوە.