سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: “باشترین هەنگاو لە ئێستادا بۆ غەززە دابین کردنی ئاگربەستێک و ئامانجی لە پێشینەشمان ئاشتییەکی سەقامگیرە لە ناوچەکەدا”.

سەرکۆمار تورکیا ڕایگەیاند، “باشترین هەنگاو لە ئێستادا بۆ غەززە دابین کردنی ئاگربەستێک و ئامانجی لە پێشینەشمان ئاشتییەکی سەقامگیر دەبێت لە ناوچەکەدا” و گوتیشی “هەموو جیهان پشت لە غەززە بکەن، ئێمە وەک تورکیا لە پاڵیان دەبین و بەردەوامیش دەبین لە پاڵپشتییان”.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئەڵمانیا، لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤ قسەی بۆ میدیاکارانی یاوەری کرد.

ئەردۆغان سەرەتا وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی لەبارەی پرسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گوتی: “لە هەموو جیهانی ڕۆژئاوا و پێکهاتە ئیمپریالیستە خاچەکانیشیاندا، لە سەردانەکەی دوێنێشم دا (بۆ ئەڵمانیا) بە داخەوە ئەوەم بینی. لە سەرکۆماری (ئەڵمانیا)شدا ئەوەم بینی”.

گوتیشی: “هەر پێکهاتەیەکی تیرۆریستی ئەگەر ئەمریکا و ئەورووپای لە پشت بێت و هەر چۆنێک بیهەوێت بجولێتەوە، ئەوە ڕێکخستنتی جیهانی بە تەواوی تێکدەچێت”.

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕوو لە کاربەدەستانی ئەڵمانی گوتی: “١٠ هەزار بارمتە لەدەست ئیسرائیلدا هەیە. وەک ئەڵمانیا هەوڵ بدەن بۆ ئازادکردنیان و ئێمەش بکەوینە هەوڵی ئەوەی ئەوانەی دەستی حەماس ئازاد بکرێن”.

سەرکۆماری تورکیا سووربوونی وڵاتەکەشی لەسەر هەڵوێستە سیاسی و مرۆییەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: “ئەوەندی تورکیا بەهێز بێ و هەڵوێستی بەهێزی هەبێت لە هەر بوارێکدا، ئاستی دوژمنایەتییەکانی سەریشی زیاد دەبن. هەر کەسێک بە تێگەیشتنەوە یان نەزانانە بە ئێمە بڵێت، سووریا، عێراق، قەرەباغ، لیبیا، بۆسنا و قودس بە ئێوەچی، ئەوە دژ بە ڕێپێوانە مەزنەکەی تورکیایە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان ڕایگەیاند، “بە دوو هەزار پارێزەرەوە لە هەر شوێنێک پێویست بکات سکاڵا دژ بەو کۆمەڵکوژییە تۆمار دەکەین. بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لە نیوەی ڕێی بەجێی ناهێڵین و دەبێ باجی ئەوە بدەن”.

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لەو پارتە سیاسیانەی تورکیا گرتکە لەگەڵ پرسی فەڵەستین هاوسۆز نین و گوتی: “بە داخەوە دەبینین لە ناو پەرلەمانەکەماندا سەرۆکی گشتی حزبی سیاسی هەیە کە ڕێک وەک ناتانیاهو قسە دەکات. ئێستا ئێمە وەڵامدەری ئەوان دەبین، لە ژێر چەتری ئەم پەرلەمانەدا نابێت و ناکرێت ڕێگە بە کەسانێک بدرێت کە وەک ناتانیاهو قسە بکەن”.

سەرکۆمار ئەردۆغان لە قسەکانیدا هەروەها ڕۆژەڤی ناوەکی ئیسرائیلی باسی کرد و وەک ڕەواندنەوەی هەر مەترسییەک لە بوونی چەکی ناوەکی لەم وڵاتە گوتی: “وڵاتان بۆ ئاسایشی ناوەکی دەتوانن داوای چاودێری لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکەن و بەو پێیە چاودێری بکرێت. ئێمە ئەوە دەکەین. ئێمە وەک تورکیا ئەو بانگەوازە ڕادەگەیەنین. هەتا کاتەکەی بەسەر نەچووە، گومانەکان لەسەر چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل مەهێڵن و لە ژێر چاودێری دابێت”.

ئەردۆغان لەبارەی داوای یارمەتی کەسوکاری دیلە ئیسرائیلییەکان لە ئەردۆغان گوتی: “دەزگای هەواڵگریمان ڕاسپاردووە بۆ ئەم مەبەستە و لەم بابەتە دەکۆڵینەوە و بۆ دەستکەوتنی دەرئەنجامێک لە هەوڵ داین”.

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکان لە کەرتی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: “لێگەڕێن لە چەک، تۆپ و تانک دەچنە ناو نەخۆشخانەکان، بە دوای تونێلەکاندا دەگەڕێن. هەموو ئەوانە دەرکەوت کە درۆن”، گوتیشی: “لەگەڵ میسر لەهەوڵداین بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەستمان بەوانە ڕابگات کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە”.

سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە، “باشترین هەنگاو لە ئێستادا بۆ غەززە دابین کردنی ئاگربەستێک و ئامانجی لە پێشینەشمان ئاشتییەکی سەقامگیرە لە ناوچەکەدا”.