دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئایا شەڕی فەلەستین کێشەی عەرەبە و لەسەر خاکە؟

عومەر چنگیانی

بەڕێزان: دوای ئەوکۆپلە پرسیارەی لە کۆتایی بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا ئاراستەم کرد، دەڵێم: بێگومانم کە ناتوانم لەڕێگەی ئەم نووسینە رۆژنامەییەوە وەڵامەکان بدەمەوە، بەڵام بۆزانینی کەمێکیان، وەرن با پێکەوە بچینە خزمەت، دەقە پیرۆزەکانی قورئان و ئاکارو گوتاری پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – و یارانی و بچینە نێو کتێبە پڕبەھاکانی مسوڵمانان دابزانین لەوێ ڕا چ باسە؟!.
یەکەم/ پەروەردگارمان لە قورئانی پیرۆزدا، کە باسمان لە چمکێک لەژیان وھەڵسوکەوتی موسا پێغەمبەر – سڵاوی خوای لێبێت – و نەتەوەکەی کە بەنی ئیسرائیلە بۆدەکات لە بیست و بیست و یەکی سورەتی(ئیسرا)دا، دەفەرمێت:
(موسا بە قەومەکەی خۆی گوت: نازو نیعمەتەکانی خوا وەبیر خۆتان بێننەوە، ئەوزەمان و سەردەمانە بێننەوە بیرتان کە خوای گەورە کەرەمی کرد لەگەڵتان، کە ھەر لەخۆتان چەندین پێغەمبەری بۆ ناردن و چەندین کەسیشی لێکردنە پاشا و سەرگەورە و دەستەڵاتداری بە توانا، زۆرنیعمەتی وای بە ئێوە بەخشێوە کە لە ھەمووجیھاندا، بەخەڵکی تری ڕەوا نەبینیوە!، ئەی قەومەکەی من بڕۆنە ناو ئەوزەوییەی کە خوا پیرۆزی کردووە و بۆئێوەی نووسیوە! پشت نەکەنە پەروەردگارتان وخۆتان تووشی زیان مەکەن).
من نامەوێت لەم نووسینەمدا زۆر درێژی بکەمەوە، بەڵام بۆلێکدانەوەی ئەم دوو ئایەتە پیرۆزە دەتان بەمە نێو باغستانی سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکانی بەردەم مسوڵمانان:
1- ئیمامی قورتوتبی خاوەنی تەفسیری (الجامع لاحکام القران) لە لێکدانەوەی ئەم ئایەتەدا دەڵێ: (وشەی موقەدەس کە خوا لێرەدا ھێناوێتی واتە پاککراوە وپارێزراولە برسێتی و لە بێبارانی، مەبەستیش لەوشوێنە، دیمەشق و فەلەستین و ھەندێکە لە ئوردون).
2- ئیمام فەخری ڕازی لە(التفسیر الکبیر)ەکەیدا، دەفەرمێت: (دەگێڕنەوە کە ئیبراھیم پێغەمبەر– سڵاوی خوای لێبێت – چووە سەر جەبەل لوبنان پەروەردگار پێی فەرموو: ئەوەندەی زەوی دەکەوێتە پیشچاوت، ئەوە موقەدەسە و، میراتی نەوەکانی تۆیە، ھەروەھا دەڵێن: کە خوای گەورە موسای لەدەست فیرعەون ڕزگار کرد و لە میسر دووری خستنەوە و لە دەریا پەڕاندنییەوە، پەیمانی ئەوەی پێدان، کە لەزەوی شام نیشتە جێیان بکات، و فەرمووی: ئەوە ئەو زەوییەیە کە خوا بۆئێوەی نووسیوە!، واتە: خوای گەورە لە لەوحولمەحفوزدا، بڕیاری داوە و بەئێوەی بەخشیوە! و فەرمانی پێداون کە بچنە ناوی!).
3- مەحمود شوکری ئالووسی لە تەفسیرەکەیدا بەناوی(روح المعانی)دەڵێ: (مەبەست بەزەوی موقەدەس لەئایەتەکەدا، دیمەشق و فەلەستین و ئوردون و ئەو زەوییەیە کەکێوی تووری تێدایە لەگەڵ دەوروبەرەکەیشی تا ئەگاتە نێوانی فورات و عەریشی میسر!، کەدەیش فەرموێت: خوا بۆئێوەی نووسیوە!، واتە: دەبێتە شوێنی ژیان و حەوانەوەتان).
4- محەممەد عەلی شەوکانی لەتەفسیرەکەیدا (فتح القدیر، الجامع بین فنی الروایە والدرایە من علم التفسیر)دەڵێ: (کە پەروەردگار دەفەرموێت: خوا بۆئێوەی نووسیوە!، واتە: لەقەدەری خوا و بڕیاری ئەودا بۆیکردوونەتە شوێنی ژیان و حەوانەوەتان!).
5- جاروڵڵای زەمەخشەری لە تەفسیرەکەیدا بەناوی (الکشاف عن حقائق التنزیل وعیون الاقاویل فی وجوە التاویل)دا دەڵێ: (خوای گەورە ئەوناوچەی بەخشیوە بە ئیسرائیل، کە پێی دەگوترێت: شام کە فەلەستین و دیمەشق و ھەندێک لە ئوردون دەگرێتەوە).
6- عیزی کوڕی عەبدولسەلام، لە تەفسیرەکەیدا بەناوی (تفسیرالقران)دەفەرموێت: (ئەوزەوییەیان پێبەخشرا لەخواوە، دواتر لەبەر تاوان لێیان سەندرایەوە).
7- حوسەینی کوڕی مەسعودی بەغەوی، لەتەفسیرەکەیدا بەنێوی(تفسیر البغوی معالم التنزیل)دا دەڵێ: (عەبدوڵڵای کوڕی عەباس رەزای خوایان لێبێت دەفەرموێت: بەر لەبەنی ئیسرائیلی ھیچ کەس نەبووە کە خوڵام وکارەکەرو بەردەستی ھەبووبێت، دوای رزگاربوونیان لەدەست قیبتێکان لە میسر، خوای گەورە وەک چۆن فەرمان دەدرێت بۆنوێژکردن فەرمانی دا بەبەنی ئیسرائیل، کەبچنە بەیتول موقەدەس و ئەوزەوییەیەی پێبەخشین، کەدەکاتە شام ھەرھەمووی).
ماویەتی…