دیمانە: هێمن خەلیل
(مامۆستا سامی حوسێن قادر) ساڵی (2017) تاوتوێی ماستەرنامەی كراوە بە ناونیشانی (بەبەرهەمیی پڕۆسەی لێكدان لە زمانی كوردیدا), كە لەبارەی بەرهەمییەوەیە لە پرۆسەی لێكداندا, پرۆسەی لێكدان وەك پرۆسەیەكی وشە ڕۆنان لە مۆرفۆلۆژیدا یەكێكە لە پرۆسە گرنگەكانی وشە رۆنان و بەبەرهەمیی تیایدا لە زۆربەی پرۆسەكانی دیكە زیاترە, لەم لێكۆڵینەوەیە بەبەرهەمی یاساكانی پرۆسەی لێكدان تیشكیان خراوەتە سەر و كراوەتە بابەتی لێكۆڵینەوەكە، سەبارەت بە مۆرفیم و جۆرەكان دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد.
سەرەتا لە مامۆستا (سامی)مان پرسی مەبەست لە مۆرفیم و جۆرەكانی لە زمانی كوردییدا چییە؟
لە وەڵامدا گوتی: “پاش ئەوەی وشە نەیتوانی پێویستی وشەسازی پڕبكاتەوە مۆرفیم لە لێكۆڵینەوەی زمانەوانیدا سەریهەڵدا . رۆنانكارە ئەمریكییەكان گرینگترین دەستكەوتییان دۆزینەوەی ئەو ڕاستییەیە, كە وشە خاوەنی ڕۆنانێكی ناوخۆیە, كە بۆ پارچەی وردتر كەرتدەكرێت و پارچەی وا كە ئەركی ڕێزمانی یان واتایی هەبێت, واتا وشە لە یەكەی بچووكتر پێكدێت كە (مۆرفیمە) گرنگی تەواوی بیرۆكەی مۆرفیم لە وشەی ناسادە دەردەكەوێت, چونكە ئەمانە لە یەكەی واتایی بچووكتر دروستبوون, واتە بۆ پارچەی واتایی بچووك كەرت دەبن. بۆ نموونە وشەی ( گوڵە گەنم ) لە مۆرفیمەكانی / گوڵ + ە + گەنم / پێك هاتووە. دوای سەرهەڵدانی بیری مۆرفیم لە لایەن زمانەوانانەوە, مۆرفیم وەك دانەیەكی زمانی گرنگیی پێ دراوە و پێناسەیان كردووە كە مۆرفیم بچووكترین دانەی زمانە, وشەیەك یان بەشێك لە وشە دەنوێنێت و واتادارە, بۆ یەكەی بچووكتر دابەش نابێت بێ لەدەستدانی یان تێكچوونی واتاكەی و شیانی دووبارەبوونەوەی هەیە, لێرەدا دەبینیین پێناسەی مۆرفیم لەسەر بنەمای هەبوونی واتا, كەرتنەبوونی پارچەكانی بێ لە دەستدانی واتا كراوە؛ بۆ نموونە وشەی (باخ) ناتوانرێت پارچە بكرێت بێ لەدەستدانی واتاكەی, توانای دووبارەبوونەوەی هەیە وەك لە وشەكانی (باخچە, باخەوان). كاتامبا پێی وایە كە مۆرفیم بچووكترین جیاوازییە لە فۆرمی وشەدا كە بتوانێ كەمترین جیاوازی لە واتای وشە یان ڕستە یان دروستەی ڕێزمانی دروست بكات. لێرەدا پێناسەی مۆرفیم لەسەر كەمترین جیاوازی فۆرمی وشەكان كراوە, بەجۆرێك هۆكاری جیاوازیی نێوان دەربڕینە زمانیەكان چ لە ئاستی مۆرفۆلۆژیدا بێت یان سینتاكس، بۆ نموونە وشەی (گوڵدان) كە لەگەڵ وشەی (گوڵزار) دەردەكەوێت لە مۆرفیمی /گوڵا / هاوبەشن بەڵام جیاوازی واتایییان بەهۆی /دان/، /زار/ دروست بووە, بۆیە/ دان ، زار / مۆرفیمن. لە ئاستی سینتاكس بۆ نموونە: لە وشەكانی ( شارێك, شارەكە) / ئێك/ , /ەكە/ جیاوازی واتای ڕێزمانی لە نێوان هەردوو فۆرمە جیاوازەكەی وشەی (شار) دروست كردووە, بۆیە /ئێك , ەكە/ مۆرفیمن.
مۆدێلی وشە – بناغە دەیتوانی ئەو وشە ناسادانەی پێ شی بكرێتەوە كە وشەی سادە لە پێكهاتنیاندا هەبێت, بەڵام نەیتوانی دروستبوونی وشە بۆ نموونە لە (ڕەگ و گیرەگ) لێك بداتەوە؛ وەك (توانا, بخۆر, زانا و, هتد) بۆیە زمانەوانان گرنگییان بە مۆدێلی مۆرفیم –بناغە دا و مۆرفۆلۆژییان بە دیراسەكردنی ڕۆنانی وشە دانا, مۆرفیم ئاماژە بە بچووكترین دانە دەكات كە ئەو دانە پێكهێنەرانەی وشە ناتوانرێت لە ڕووی واتا و ئەركی ڕێزمانی بچووكتر بكرێنەوە, واتا مۆرفیم بچووكترین دانەی واتادار یان خاوەن ئەركی زمانە و ناتوانرێت بۆ دانەی بچووكتر هەڵبوەشێتەوە بۆ نموونە (چا) وشەیەكی سادەیە لە هەمانكاتدا یەك مۆرفیمە چونكە هەڵناوەشێتەوە, /نا/ مۆرفیمی نەرێیە لە (ناچم, ناڕاست, ناگرم) بەڵام لە وشەی (ناسك) مۆرفیم نییە چونكە نرخێكی واتایی و ئەركی ڕێزمانی نییە. واتە ناسك وشەیەكی سادەیە و لە هەمانكاتدا مۆرفیمێكە. دەكرێ مۆرفیم یەك فۆنیم بێت, بۆ نموونە /ە , ا , ر/ لە وشەكانی ( شەكرە, زانا, دەخوێنرێ) مۆرفیمن .”
لە پرسیارێكی تر لە مامۆستامان پرسی چۆن مۆرفیم پۆڵێن دەكرێت؟
لە وەڵامدا دەڵێ: “زمانەوانان بە پێی سروشتی كارەكانیان و ئەو زمانانەی كاریان تێدا كردووە مۆرفیمەكانیان بە شێوەی جیاجیا دابەش كردووە, بە پێی سروشتی زمانی كوردی دەتوانین جۆرێك لە پۆلێنكردن بۆ مۆرفیم پەسند بكەین, كە مۆرفیم دەبێتە هەریەكە لە مۆرفیمی سەربەخۆ و بەند. مۆرفیمی سەربەخۆ هەریەكە لە مۆرفیمی لێكسیكی و ئەركی دەگرێتەوە؛ مۆرفیمی بەندیش هەریەكە لە نووسەك و مۆرفیمی بنكە و گیرەكەكان لەخۆ دەگرێت, ئەمانەش مۆرفیمەكانی (ڕەگ, بنكەی بەند, پێشگر و پاشگری داڕشتن و ڕێزمانی و، مۆرفیمی لێكدەر) دەگرنەوە.”
سەبارەت بە مۆرفیمەكان بە پێی دەركەوتنیان چەندن، مامۆستا سامی ئاماژەی دا: “لە پۆلێنكردنی جۆرەكانی مۆرفیم بە شێوەیەكی گشتی واتا و ئەرك و شوێنی مۆرفیمەكان گرینگییان هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە پۆلێنكردن دەكرێن, مۆرفیم بۆ چەند جۆرێك دابەش دەكرێت لە ڕوانگەی دەركەوتنەوە, دەبنە مۆرفیمی سەربەخۆ و مۆرفیمی بەند.”
لە مامۆستامان پرسی مەبەست لە مۆرفیمی سەربەخۆ چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: “مەبەست لە مۆرفیمی سەربەخۆ ئەو چەشنەی مۆرفیمە كە بەتەنیا دەتوانێت وەك وشەیەكی سەربەخۆ دەربكەوێت بۆ نموونە: (دار, دڵ, شاخ …) وشەن، واتە هەموو مۆرفیمێكی سەربەخۆ وشەیە, وشە سادەكان مۆرفیمی سەربەخۆ دەنوێنن. لە ڕووی چەمكەوە ئەم جۆرە مۆرفیمە یان خاوەن واتای فەرهەنگین یان ئەركیان هەیە لە زماندا, ئەم چەشنە مۆرفیمە فەرهەنگیانە تایبەتمەندیان ئەوەیە, كە پۆلێكی كراوە پێك دەهێنن, واتە دەتوانرێت بە هاتنەناوەوەی وشەی دیكە پۆلەكەیان فراوانتر بكرێت, بە گشتی هەڵگری ئەو واتا و پەیامانەن كە دەگەیەنرێت. بەشە ئاخاوتنەكانی وەك (ناو, هاوەڵناو, كار و، هتد) دەگرێتەوە و دەروازەی فەرهەنگییان هەیە؛ وەك: (كچ, كوڕ, جوان, كرد و هتد). مۆرفیمە ئەركییەكانیش لە شێوەی سەربەخۆ هەن, لە ڕاپەڕاندنی ئەركی سینتاكسیدا ڕۆڵیان هەیە, ڕۆڵی بەیەكبەستنەوەی وشەكان یان جێگرەوە دەبینن و واتای فەرهەنگییان نییە و گروپێكی داخراون, واتە ژمارەیان دیاریكراوە؛ وەك: (ئامرازی نیشانە, پریپۆزیشن و, هتد) دەگرێتەوە كە بریتین لە (بۆ, لە, بەڵام, لەبەرئەوە و, هتد) .”
تایبەت بە مۆرفیمی بەند مامۆستا ڕای وایە: “مۆرفیمی بەند بەو جۆرەی مۆرفیم دەوترێت كە بە شێوەی سەربەخۆ دەرناكەوێت و، بە مۆرفیمی دیكەوە دەنووسێت؛ واتە بە تەنیا ئەرك و واتایان لە زمان دەرناكەوێت؛ ئەم چەشنە مۆرفیمە، سێ جۆرە: بنكە و نووسەك و گیرەكەكان.
ئەگەر یەكەمیان لە گیرەكەوە دەستپێبكەین ئەوا گیرەك جۆرێكە لە مۆرفیمی بەند کە پاشگر و پێشگر و مۆرفیمی لێكدەر دەگرێتەوە و، پێكەوە گیرەك دەنوێنن. هیچ زمانێك ناتوانێ مەبەستەكانی خۆی تەنیا بە ڕەگ جێبەجێ بكات, ئەگەر چی واتای وشە لە ڕەگدا كۆ دەبێتەوە, بەڵام زمان بۆ ئەو مەبەستە سوود لە گیرەكەكان وەردەگرێت كە هەموویان مۆرفیمی بەندن, واتە گیرەكەكان پێویسیتی سەرەكین لە زماندا. بەتەنیا دەرناكەون و دەچنە سەر هەندێك مۆرفیمی تری وەك ڕەگ یان قەد یان بنكە؛ گیرەك دوو جۆرە: گیرەكی ڕێزمانی و گیرەكی وشەداڕێژ.
كە باس لە گیرەكی ڕێزمانی دەكەین ئەم چەشنە گیرەكە بەهۆی پێویستی ڕێزمانی لە وشە دەردەكەون؛ ئەرکیان ئاماژەكردنە بۆ پەیوەندییە ڕێزمانیەكان. ئەم گیرەكانە بە پێی شوێنی دەركەوتنیان لە وشەدا دوو جۆرن؛ پێشگر و پاشگر. پێشگر بەو مۆرفیمە بەندانە دەوترێت كە دەكەونە پێشەوەی بنكە؛ وەك: /دە-/ , /نە-/ … لە وشەكانی (دەگرم, نەبوو). پاشگر ئەو مۆرفیمەیە كە بە پاشەوەی بناغەدا دەنووسێت؛ وەك: /-ەكە/ , /-ان/ بۆ نموونە لە وشەی شارەكان.
گیرەكی وشەداڕێژ جۆرە گیرەكێكە بە مەبەستی داڕشتن و پێكهێنانی وشە بەكار دێت؛ كاتێك دەچنە سەر وشە یا ڕەگ و قەد، وشەی نوێ دروست دەكەن, واتە وشەیەكی نوێ لە ڕووی فۆررم و واتاوە بەرهەم دێت؛ گیرەكە وشەداڕێژەكانیش بەپێی شوێنی دەركەوتنیان لە وشەدا هەریەكە لە پێشگر و پاشگر دەگرێتەوە. پێشگر وەك/هەڵ-/ , /بە-/ , … لە ( هەڵكرد, بەهێز, …). پاشگر وەك /-ستان/ , /-ەر/ لە وشەكانی ( كوردستان, نووسەر, …).
جۆری دووەم مۆرفیمی بەندی بنكەیە كە ئەو مۆرفیمانەن بە تەنیا دەرناكەون و، واتای سەربەخۆیان نییە, كاتێك گیرەكەكانیان پێوە دەلكێت دەبنە مۆرفیمی بنكەی سەربەخۆ، بۆ نموونە (نووس) مۆرفیمی بەندی بنكەیە لەم وشانەدا: ( نووسەر , نوسراو , پێنووس ,…). هەندێ مۆرفیمی بنكە ڕەگ دەنوێنن, كە ناتوانرێت چیتر بۆ مۆرفیمە پێكهێنەرەكانی شیتەڵ و شی بكرێتەوە, واتە ڕەگ ئەو بەشەی وشەیە دوای لابردنی هەموو گیرەكەكان, بۆ نموونە (گر, خۆ) لە چاوگەكانی (گرتن, خواردن) مۆرفیمی ڕەگن . (فرۆش) بنكەیە بۆ (فرۆشیار)، لە هەمان كات ڕەگیشە, (فرۆشیار)یش بنكەیە بۆ (فرۆشیاری) بەڵام ڕەگ نییە. لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە هەموو ڕەگێك لە توانایدایە ببێت بە بنكە بەڵام هەموو بنكەیەك ڕەگ نانوێنێ. هەر چەند گیرەكێک بۆ بنكە زیاد بكرێت بنكەی نوێ و وشەی تازە دروست دەبێت. زیادكردنەكەش سنووری دیاریكراوی خۆی هەیە.
جگە لەو مۆرفیمە بەندانەی كە باسمان كردن زمانەوانان بە پێی تایبەتمەندی و شوێنی دەركەوتنیان لەسەر وشە ئاماژە بە چەند جۆرێكی دیكەی مۆرفیمی بەند دەكەن؛ وەك: (نووسەك, ناوگر, مۆرفیمی لێكدەر, …) بۆ نموونە مۆرفیمی لێكدەر بە تەنیا واتایان نییە بەڵام لە لێكدانی وشە هاریكاری دەكەن و، لە بەشێك لە وشە لێكدراوەكاندا دەبینرێن؛ بۆ نموونە: /-ە-/ , /-و-/ ,/-ەو-/ مۆرفیمی بەندن و بە تەنیا دەرناكەون و، لە وشەكانی (پیرەمێرد, دەموچاو, سەرەولێژ) ڕۆڵی لێكدان و دروستكردنی وشەی نوێیان بینیوە.”