سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری: پێویستە سزای لەسێدارەدان بەسەر بازرگانانی ماددە هۆشبەردا بسەپێندرێت

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داواکارن گۆڕانکاری لە یاسای لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بکرێت و پێویستە سزای لەسێدارەدان بەسەر بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بسەپێندرێت.

عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵی یەکەمی لەژێرناوی “رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر گوتی: “دەتوانم بڵێم ماددەی هۆشبەر لەوە دەرچوو کە تەنیا مەترسی بێت، بەڵکو بووەتە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، ئێستا حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لەو بابەتە دەڕوانن و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ نەهێشتنی یان کەمکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بۆیە ئەو کۆنفرانسە گرنگە بۆ کۆمەڵگە، دەبێ هەموومان هاوکاربین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان”.

گوتیشی: “لە ساڵی 1965 یاسای ژمارە 68 هەبوو لە عێراق سزایەکی زۆر توندبوو بۆ بەکارهێنەر و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، بۆیە ترسی زۆر هەبوو لە بەکار‌هێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، تەنانەت خەڵک دەترسان ناوی ماددەی هۆشبەر بێنن، دەتوانین بڵێین تا پێش ساڵی 2003 عێراق وڵاتێکی خاڵی بوو لە ماددەی هۆشبەر، بەڵام دواتر بەهۆی دۆخی ئەمنی عێراق بەتایبەتی بازرگانەکان بە هەلیان زانی بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەر بێنە ناو عێراق دواتریش بۆ هەرێمی کوردستان، تا وای لێهات ئێستا دەتوانین بڵێین ژمارەی بەکار‌هێنەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق بووەتە ملیۆنان و بازرگان بووەتە هەزاران، هاکات لە هەرێمی کوردسیتانیش ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە زیادبوونە”.

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: “ئێستا بەکار‌هێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و دەبێ بە هەموومانەوە رووبەڕووی ببینەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “تا ساڵی 2020 لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 68ی ساڵی 1965 بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ دەکرا، دواتر لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کرایەوە، کە جیاوازیەکی وای نییە لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق کە ساڵی 2017 هەموار کراوەتەوە، بەراورد بە یاسای پشتر واکراوە سزاکان سووک بکرێن و سزای پێبژاردن (غرامە) زیاد بکرێت، لەوکات بەدواوە بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر بووە، بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەو سزایانە ناترسن، بۆیە بە باشی دەزانم گۆڕانکاری لەو یاسایەدا بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزا بە تەنیا چارەسەر نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، پێویستە بەپێی یاسا سزای بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە پێنج ساڵ زیندانی کەمتر نەبێت و بۆ بازرگانەکانیش پێویستە سزاکە زیندانی هەتا هەتایی و لەسێدارەدان بێت”.

عەبدولجەبار عەزیز، جەختیکردەوە: “لە ماوەی رابردوودا بۆمان دەرکەوت کە خەڵک لە یاسای سزای (غرامە) پێبژاردن ناترسن و بەکار‌هێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان رۆژ دوای رۆژ زیاد بکرێت”.

گوتیشی: “راستە هێزە ئەمنییەکان زۆر کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە، بەتایبەتی بازرگانەکان، بەڵام هێشتا زۆرن کە بەردەوام لەو کارە، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە رووبەڕووی ماددە هۆشبەرەکان ببینەوە، چونکە ئەوانەی بەکار‌‌هێنەری ماددەی هۆشبەرن هیچ بەهایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئابووریان نامێنێت، ناتوانن هیچ کارێک بکەن پەنا بۆ دزی و کوشتن و خۆکوشتن دەبەن، بۆیە دەبێ خەڵک بزانێ کە زیانەکانی ماددەی هۆشبەر چین، ئێمە وەکو تەنیا یاسا جێبەجێ دەکەین و ئەوەی لەسەرمان بێت کردومانە، بەڵام ئەو راستیە کە پێویستە لە هەموو رووێکەوە رێگری لە ماددە هۆشبەرەکان بگیرێت بەتایبەتی لە سنوورەکان”.

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، گوتی: “جارێکیان لە دانیشتنمان لەگەڵ شاندی وڵاتێکی دراوسێ گوتم: لە سنووری ئێوە ماددەی هۆشبەر زۆر دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدا گوتی: لە سنوورەکانی دیکەش دەهینرێتە ناو وڵاتی ئێمە، مانای ئەوەیە دەبێ هەر دەوڵەتە و ئاگاداری سنوورەکانی خۆی بێت، هەروەها هەموو وڵاتان هەماهەنگ و هاوکاربن، بۆ ئەوەی لە سنوورەکانەوە مامەڵەی پێوە نەکرێت، ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی ماددەی هۆشبەر”.

ئاماژەی بەوەشدا: “راستە بەکار‌هیێنەری ماددەی هۆشبەر نەخۆشە، بەڵام بەو مانایە نییە کە تاوانی نەکردووە، بێگومان دەبێ سزای توندیش بدرێت، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش تێڕوانینێکی دیکەیان هەیە و پێیان وایە ئەوانە نەخۆشن و دەبێ هاوکاریان بکرێت و راهێنانیان پێ بکرێت تا بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بەجۆرێک دوای سزادانی توند بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگە”.