پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ڕۆڵی ڕۆشنبیر
ئەوە مارکس بوو، بۆ یەکەمین جار قســـەی لەســـەر ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کرد کە لەکن ئەو ڕۆشنبیرێک بوو، دەستی لە قازانجی تایبەتیی خۆی هەڵدەگرت و دەیدایە پاڵ پرۆلیتاریا. لە سەروەختی ڕێنیسانسیشدا، ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ، هەر وایان کردبوو، بەرژەوەندیی خۆیان فەرامۆش کردبوو، دابوویانە پاڵ خەڵکی هەژار و بە بیری ڕۆشنیان، ڕێیان بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشـــی ســـاڵی 1789ی فەرەنســـا خۆش کردبوو. مارکس لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، ڕۆشـــنبیر کە چووە نێو بزووتنەوەی پرۆلیتاریاوە، ئیدی ببێتە پاشکۆی بڕیار و هەڵوێستی سەرانی ئەو بزاڤە و دەستبەرداری ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی خۆی ببێت. لینین بە دۆگماکردنی فیکری گەیاندە لوتکە، کاتێک دونیای بەســـەر ڕەش و ســـپیدا و ڕۆشنبیرانیشی بەسەر لایەنگران و دوژمنانـــی پرۆلیتاریـــادا دابەش کرد و بەرەی یەکەمی بەردایە گیانی بەرەی دووەم، بێ گوێدانە ئەوەی، بەرەی دووەم پڕبوو لەو ڕۆشـــنبیرانەی لایەنی دادپەروەری، ئازادی و پێشـــکەوتنیان دەگرت. ئەوی ئەو تێزانەی پەســـەند نەکردبا کە بەلشـــەفیکەکان لە بارەی خەباتی چینایەتی و شۆڕشـــی پرۆلیتاریاوە بانگەشەیان بۆ دەکرد، لینین بە دوژمن هەژماری دەکرد و خۆی گوتەنی، فڕێی دەدایە زبڵدانی مێژووەوە. لینین بە مەبەســـتی دۆزینەوەی پاســـاو بۆ تێزەکانی، بەرهەمی گەورە نووســـەرانی وەک: تورگنیڤ، پووشـــکین، تۆلستۆی، دەستۆیفســـکی و گۆگۆڵی بەسەر دەکردەوە. لە سەردەمی ستالینیشـــدا، پێوەندیی هەر ڕۆشـــنبیرێک بە حیزبەوە، بەگوێرەی پێوەری لینین نەبووایە، دووچاری دوورخســـتنەوە و
گرتن دەبوو. (ماو)یش هەمان ڕێگەی تاقی کردەوە، ســـەردەمی شـــەڕی ڕزگاریخوازی و شۆرشـــی بەدناوی ڕۆشنبیری، ئەوی دژ بە هێڵی ئایدۆلۆجیی ئەو با، بەر هەڵمەتی پاکســـازی دەکەوت. لە ســـاڵانی شەســـتی سەدەی ڕابردوودا، سوپای سوور کە زۆربەی لە خوێندکاران پێک هاتبوو، بە دەم بڵندکردنەوەی کتێبە سوورەکەی ماوەوە، بە تۆمەتی بۆرژووابوون، ئەوپەڕی ســـووکایەتی بە نووســـەران و ڕۆشنبیران دەکرد و بە زۆرەملێ، بە پاســـاوی پەروەردەکردنیان، لە کارگە و کێڵگەکاندا دژوارترین کاری پێ دەکردن. لە هەموو ڕێسایەکدا هەڵاوێردن هەیە، ئەنتۆنیۆ گرامشی (1891 – 19٣7) بۆچوونی جیاوازی بەرانبەر بە ڕۆڵی ڕوٴشنبیری ئۆرگانیک هەبوو. لای ئەو ڕۆشـــنبیری ئۆرگانیک، کەسێک بوو، بە پێچەوانەی ڕۆشنبیری دێرین و ترادیشیۆناڵەوە بیری دەکردەوە و هەڵوێســـتی دەنواند. گرامشـــی دەیگوت: (ڕۆشنبیری نوێ ئەگەر لە ڕۆشـــنبیری کۆن دانەبڕابێت، ئەوا نە هیچی تازەی پێیە، نە پێوەندیی بە ڕەوشە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەوە هەیە و هیچ نییە لە غەیری پاشماوەی واقیعی کۆنی بەبەردبوو، واقیعێک کە بووە بە مێژوو.) ڕۆشـــنبیری ئۆرگانیک لای گرامشـــی کەسێکە لە چینە شۆڕشگێڕەکەوە نزیکە، نەک کەسێکی خۆپەرست و ڕاڕا کە بە پاساوی داکۆکیکردن لە ئازادیی خۆی، چەوساوەکان فریو بدات. دوای ئەوەی حیزبە مارکسیستە ترادیشیۆناڵەکان، لە بواری پەیداکردنی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکدا، تووشی تێکشکان دێن، لە ســـەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی پێشووەوە، جۆرە ڕۆشنبیرێکی نوێ سەرهەڵدەدەن کە لە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە، یاخی دەبن و بەرەی خەڵک هەڵدەبژێرن، ئەو خەڵکەی بانگەشە بۆ ئازادی و دیمۆکراتی دەکات. (ڤاسڵاڤ هاڤڵ)ی شانۆنامەنووسی چیک کە میللەت لە 1989دا بە سەرۆکی وڵات هەڵیبژارد، نموونەی ئەو ڕۆشنبیرە یاخیبووانەیە.
ڕۆڵی ڕۆشـــنبیر بە پلەی یەکەم لەوەدا چڕ دەبێتەوە، ڕۆشـــنبیریی نوێ بەرهەم بهێنێت. ڕۆشنبیر دەبێت ئەوە بە ئیشی خۆی بزانێت کە جێ بە دیسکۆرسی زاڵ لێژ بکات و زمانێکی نوێ دابهێنێت، زمانێک پشتی بە زاراوەی نوێ قایم بێت. ڕۆشنبیر لە هیچ ڕەوشێکدا، مافی ئەوەی نییە لافی باوکایەتی لێ بدات و پێی وابێت، حەقیقەتی لەکنە. ڕۆشنبیر نابێت خەریکـــی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک بێت، ئاخر خۆی یەکێکە لەو خەڵکە، ئیللا مەگەر خەڵک ڕۆڵی دەمڕاســـتی خۆیانی
پێ بسپێرن.
یەکێک لە ئەرکەکانی ڕۆشنبیر، ڕەخنەگرتنە لە حیزب، بۆیە ئەگەر لە حیزبەوە نزیک بوو، ئازادیی ڕەخنەگرتنی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەگەر گوێڕایەڵی حیزب بوو، ناتوانێت وەکوو پێویست، ئەرکی سەرشانی وەک ڕۆشنبیرێک جێبەجێ بکات، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزە، حیزب ســـنوور بۆ ئازادیی بیرکردنەوەی دابنێت. ســـتەمکار و ڕۆشـــنبیر هەردووکیان خەریکی گەمەن، ســـتەمکار گەمە بە ژیانی ئینسان و ڕۆشـــنبیر گەمە لەگەڵ وشەدا دەکات. ڕقی ستەمکار لە ڕۆشنبیر زادەی ئەوەیە، ڕۆشـــنبیر بەهۆی گەمەکردنەوە لەگەڵ وشـــەدا، لێ ناگەڕێت ئینســـان مل کەچ بکات، ڕێ لە بەشتبوونی
ئینسان دەگرێت، بوار نادات ئینسان لە کرۆکی ئینسانییانەی خۆی بەتاڵ ببێتەوە و وەک ڕۆبۆتی لێ بێت