پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
داگەی فیدراڵی عێراق، لای بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، بە بەربەستی بەردەم لێکنزیکبوونەوەی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەو دادگە لە ٢ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین کاروچالاکییەکانی تەرخان بووە بۆ هێڕش کردنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و لاواز کردن و هەڵوەشانەوەیان. کۆتا بڕیاریش هەڵوەشانەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو.
دادگەی فیدراڵی عێراق چییە؟
چیرۆکی بوونی دادگەیەکی لەوشێوە لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ٥٥ ساڵ لەمەوبەر، ئەوکات بە مەرسوومی کۆماری لە عێراق بڕیاری دامەزراندنی درا و بەناوی دادگەی دەستووری دامەزرا؛ کە ژمارەی ئەندامەکانی ٩ ئەندامی سەرەکی بوون. بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچ کاتێک ئەو دادگە دەستوورییە تێکەڵاوی کاری سیاسی نەکراوە و دەسەڵاتەکانیشی بەوشێوەیەی ئێستا نەبووە، بگرە خۆی لە هەندێک دەسەڵاتی یاسایی دەبینیەوە و کەمترین سکاڵاشی تێدا تۆمار کراوە.
لە عێراقی نوێدا و پاش ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاری دروستکردنی دادگەی باڵای فیدراڵی درا و ساڵی ٢٠٠٥ یاساکەی پەسەند کرا و جێگای دادگەی دەستووری گرتەوە. دادگەی باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هیچ کاتێک نەبووەتە جێگای یەکلایی کردنەوەی کەیسی سیاسی و دەسەڵاتی ئەوتۆشی پێ نەدراوە، بەهۆی ئەوەی لەو ساڵانەدا بنەماکانی عێراقی نوێ جێگای ململانێی سیاسی گرتبووەوە کە پێک هاتبوون لە تەوافق و تەوازن و شەراکەت لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.
بەڵام، لە ساڵی ٢٠٢١ دا بەهۆی چەند گۆڕانێک لە هەیکەلی دادگەکە، پەرلەمانی عێراق یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی هەموار کردەوە و ئیتر لەو کاتەوە کێشەکان سەریان هەڵدا و باڵادەستیی هەندێک لایەنی شیعی بەسەر پرۆژە یاساکەوە زۆر بە ڕوونی دیاربوو دواجاریش دادگەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان لایەنگیری سیاسیی پێوە دیار بوو.
ئەم دادگەیەی ئێستا بەهەمان شێوەی پێشتر، لە ٩ ئەندام پێک دێت و بۆ دەرکردنی بڕیارێک لە دادگەکە پێویست دەکات دەنگی زۆرینەی ئەندامەکانی لەسەر بێت، بەڵام بۆ ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم هەیە پێویست دەکات کە بە ٥+١ ی دەنگی ئەندامانی دادگەکە یەکلایی بکرێتەوە.
لە ٢ ساڵدا ٣ جار دادگەی دژی هەرێمی کوردستان بڕیاری دراوە
لەدوای هەموارکردنەوەی پرۆژەی یاسای دادگەی فیدراڵی و پێکهێنانەوەی دادگەکە، ڕای جیاوازی لەسەر دروست بوو تەنانەت بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان پێیان وابوو لە هەموار کردنەوەی پرۆژەیاساکەیدا نادەستووریی کراوە و پێشێلی ماددەی ٤٤ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات کە لەدەستووردا هاتووە.
بەلام دادگەکە هەرمایەوە و لە هەڵویستە یەکلاکەرەوەکاندا زۆر بە ڕوونی دەرکەوت دەکەوێتە ژێر کەریگەری ململانێ سیاسییەکان. چاودێرێکی سیاسیی باس لە بڕیارەکانی ٢ ساڵی ڕابردووی دادگەکە دەکات لە دژی هەرێمی کوردستان و دەڵێت؛ بەپێی زانیارییەکان لە ٢ ساڵدا نزیکەی ٤٠ سکاڵا لەسەر هەرێمی کوردستان لەو دادگەیە تۆمار کراوە و بەشێکیان بڕیاریان لەسەر دراوە و بە زیانی هەرێمی کوردستان کەوتووەنەتەوە. وەک هەڵوەشانەوەی یاسای نەوت و گاز، دەستوەردان لە ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێگریی لەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پارە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، مەگەر ئەوەی بەپێی یاسای بودجە و لەڕێگای ڕەزامەندی پەرلەمانەوە بێت. هەروەها ٢ بڕیاری دیکەشی ئەوەبوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک یاسای پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش هەڵوەشایەوە.
بەپێی گوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، ئەم بڕیارانە هەرگیز بڕیاری حکوومەتی عێراق نین، بەڵکو لە دەرەوەی خواستی حکوومەتی عێراق و بەپێی گوشارە سیاسییەکان ئەو دادگەیە بڕیارەکان ئاراستە دەکات و هەر کاتێک گوشاری سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەم دادگەیە ڕۆڵی خۆی دەخاتە گەڕ و ئەگەر هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر باری هەندێک بڕگەی نادەستوورییەوە بەدڵی هەندێک لایەنی دەستڕۆشتووی عێراق ئەوا دادگەکەش خۆی لە زۆر سکاڵا دەبوورێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان.
نوێترین مەترسیی ئەو دادگەیە لەسەر هەرێمی کوردستان
لە تازەترین هەوڵدا، دادگەی فیدراڵی عێراق خەریکی مشتومڕە لەسەر کەیسێکی زۆر هەستیار تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ئەویش تایبەتە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ماوەکەی دیاری کرد و سەرۆکی حکوومەتیش هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە ئامادەکارییەکان دەست پێبکەن. ئێستە بەهۆی هەبوونی سکاڵایەکەوە لەو دادگەیە کە لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییەوە لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە، وەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشانەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی سکاڵاکە تایبەتە بەو ماددانەی کە بەهەڵوەشاندنەوەیان لەمپەری گەورە بۆ هەڵبژاردن دروست دەبێت، ئەوانیش ژمارەى کورسییەکان و بازنەى هەڵبژاردنن.
ئەگەر ئەم سکاڵایەش بە زیانی هەرێمی کوردستان بشکێتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی جددی تری دەوێت و مەحاڵی زۆر دێتە پێشی.
ئەگەرچی لەماوەی ڕابردوودا بە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جموجووڵی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەو وردەکارییانەوە ڕێک بکەون، بەڵام سەرەنجام بابەتەکە بە ناکۆکی مایەوە و دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لێکەوتەوە و وا چاوەڕوان دەکرێت دادگەی فیدراڵیش ناکۆکییەکە قووڵتر بکاتەوە.