عێراق بە درێژایی مێژووی خۆی، لە دوای دۆزینەوەی نەوتەوە، هیچ هاوبەشییەکی نێوان وڵات و کەرتی تایبەتی ناوخۆیی نەناسیوە، کە سەدەیەک لەمەوبەر دەستی بە دەرهێنانی نەوت کردووە.
کۆمپانیای نەوتی “کار” یەکێکە لەنێو ئەو کۆمپانیا کەمانەی عێراق، کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەشدارییان لە وەبەرهێنانی نەوتدا کردووە، سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە “باز بەرزنجی” کە لەکوردستان بە (شێخ باز) ناسراوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا گوتی: “داهاتووی وزە لە ناوچەیەکی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەندە بە سەرکەوتنی ئەزموونی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە پەرەپێدانی ستراتیژی نەوتدا کە ئابووری دەخاتە پێش سیاسەت و جەخت لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی نەوت دەکاتەوە”.
4 سەردەمی مێژوویی نەوتی عێراق
سیاسەتی نەوت لە عێراقدا بە چوار سەردەمی مێژوویدا تێپەڕیووە، سەرەتا لە سەردەمی عوسمانیەوە دەستی پێکرد، لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن و دەسەڵاتی مەدەنی بەریتانیاوە، پاشان قۆناغی کۆمار و سیاسەتی بە نیشتمانیکردن، بە ئەزموونی دوای سەدام حوسێن کۆتایی هات، لە هەموویاندا نەوت ئامرازێک بوو لە دەستی سیاسەتدا، هەروەک بەرزنجی باسی لەوە کرد، کە “پێی وایە دەنگدان بە دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 دەرفەتێک بوو بۆ یەکخستنی عێراقیەکان و چالاکییە حزبیەکانیان لەسەر سیاسەتی نەوتی نەرم و نیان کە بۆ گەشەکردن و گەشەپێدان”.
بە گوتەی باز بەرزنجی، ئەزموونەکانی عێراق لەگەڵ وەبەرهێنانی نەوت، بڕیاردەری خستە بەردەم ئەو راستییە چەسپاوە، کە رزگارکردنی نەوت لە دەسەڵاتی سیاسەت بووەتە حەتمییەکی مێژوویی و تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکی ئایدیۆلۆژییان دەگرتەبەر زوو گەیشتنە ئەو ئاستە، ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق دەتوانێ بڕیارێکی جێگیری هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وزە، بە مەرجێک وڵاتی عێراق پرەنسیپی سیاسەتی ژێردەستەی ئابووری بگرێتەبەر و بە پێچەوانەوە نەبێت، بەجۆرێک گەشەپێدان بەرژەوەندیی سەرەکی نەوت و وەبەرهێنانی تێدا بێت.
سەرۆکی کۆمپانیای کار لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: سود وەرگرتن لە مۆدێلە سەرکەوتووەکان لە جیهاندا پێویستی بەوەیە عێراقییەکان رێکبکەون و لە سیاسەتی نیشتمانیی نەوت تێبگەن، لەگەڵ پاراستنی گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت لە پێشینەی کارەکانیدا لە کورتخایەن و درێژخایەندا.
بەرزنجی نموونەیەکی ئومێدبەخش دەداتە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژێرخانی کەرتی نەوت لەم هەرێمە چالاکە و نوێنەرایەتی سەرمایەیەکی وەبەرهێنان دەکات بۆ عێراق، بەو پێیەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان وەبەرهێنانیان لەم پیشەسازییەدا کردووە، بە رەزامەندی حکومەتەکان و یاسایی بانکی و دامەزراوە داراییەکان، ئەم جۆرە هاوبەشییە دواجار یارمەتیدەر بووە بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی نیشتمانیی لە کەرتی نەوت کە ڕۆڵ و پانتایی هەموو کەسێک لە کەرتی نەوتدا دیاری بکات، چ هەرێم یان کەرتی تایبەت و گشتی.
گریبەستی یاسایی نەوت و گاز
لە چەند مانگی رابردوودا سیاسییەکانی عێراق خەریکی نوسینی رەشنووسێکی نوێی یاسایی نەوت و گازن. کە لە ساڵی 2005ەوە وەستاوە و بەدووری نازانرێت، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێبپەڕێنرێت، تەنانەت لەگەڵ سیاسیەکانیشدا لە ناو هاوپەیمانی “ئیدارەی دەوڵەت”دا کە بەڵێنیان داوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی کە لە کەرتی نەوتدا هەیە.
لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی “کار” پێی وایە کە هێزە عێراقییەکان لەبەردەم رەشنووسی جیاوازی یاساکەدان، یەکێکیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و یەکێکی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە و لە نێوانیاندا بۆچوون لە لایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە هەیە پارێزگاکان کە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت، دەشڵێت: پێناچێت بگەنە کۆدەنگیەک لەسەر یاساکە و بە لێکدانەوەی دەستوری عێراقی، ئەمە جگە لە بڕیارە دادوەرییەکان لە هەریەک لە بەغدا یان پاریس، کە بەربەستێکیان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروستکردووە و گفتوگۆی نێوانیان قورستر کردووە.
شێخ باز، پێش دانانی یاسایی نەوت و گاز رێگایەکی پێویست پێشنیاز دەکات، کە بریتییە لە لێکدانەوەی بڕگەکانی دەستوور کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانەوە هەیە، یەکلاکردنەوەی بڕگە مشتومڕاوییەکان و گەیشتن بە دەقێکی ئاماژە کە هیچ کەس ناتوانێت لێی دەربچێت یان دەستکاری بکات، هەروەها رێبازەکە رێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دارایی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی کە ئەو رێککەوتنەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت کاتییە و ساڵانە بەپێی یاسایی بودجە نوێ دەکرێتەوە یان دەگۆڕدرێت، لە کاتێکدا زۆرینەی سیاسییەکان قۆرخکاری فۆرمولەکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن.
بۆیە لێرەوە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و هەولێر ناکۆکی لەسەر نەوت یەکلایی بکەنەوە، بەو پێیەی سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بۆیان نییە وەک لایەنێک یان بەشێک لەم ناکۆکییە بچنە ناوەوە مەگەر لە سنووری چارەسەری تەکنیکی نەبێت.
هاوبەشی لەگەڵ کەنداو
سەرۆکی کۆمپانیای کار پێی وایە سەردەمی هاوبەشی لەگەڵ کەنداو لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، کە لە روانگەی ئەوەوە هەموو شتێک بەرەو سەرکەوتن دەبات، بەو پێیەی وڵاتانی کەنداو تەنها سەرمایە پێکناهێنن، بەڵکو ئەزموونی کەڵەکەبووی ساڵانێکیان هەیە، عێراقیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئێستاش گفتوگۆی پێشکەوتوو ئەنجام دەدات سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تۆڕەکانی کارەبا، ئەمە جگە لەو لێکۆڵینەوە و گفتوگۆیانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەنداوەوە ئەنجام دەدرێن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و گاز لە ماوەی خولی داهاتووی مۆڵەتدان.
بەرزنجی دەشڵێت، گەشبینی بە ڕۆڵی کەنداو لە عێراقدا بەس نییە، چونکە هێشتا پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دابینکردنی بەرگێکی یاسایی کە پارێزگاری لە گرێبەستە وەبەرهێنانەکان بکات و بەردەوامییان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا مسۆگەر بکات، کە وەبەرهێنەری کەنداو و ئەوانی دیکە، پێویستیان پێیەتی، بەبێ ئەوەی ئەو جۆرە دانوستانانە لە ژێر پەردەی حیساباتی سیاسیدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێک کە بە واژۆکردنیان نەوەستاوە.
قەیران لەگەڵ ئێران
شێخ باز قەیرانی لەگەڵ ئێران بە نموونەیەکی روونی گرنگی دانانی ئابووری لە پێش سیاسەت دەزانێت، چونکە نیشاندەری مەترسی بۆ هەمووان روونە، کاردانەوەی سیاسەتیش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری بازاڕی وزە و ژیانی رۆژانەی خەڵک دەبێت، بەڵام جیهان گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسییەی وزەدا بەدی دەکات بەرەو دابینکردنی ژینگەیەکی بازرگانی سەلامەت کە قەیرانە چالاکەکانی ئێستا کەم بکاتەوە.
لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق تیشک دەخاتە سەر پێویستی ناوخۆیی بۆ گاز، پڕۆژەکانی ئێستا لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی گاز و گەشەپێدانی ژێرخان و گرێبەستە نوێیەکان کە لە عێراقدا بەرنامەیان بۆ دانراوە، لەوانە ئەوانەی بۆ هەرێمی کوردستان، ئامانجیان دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستییەکانی پیشەسازی و بەکاربەرانی ناوخۆییە، بە شێوەیەک کە پاساوی هیچ پارت و کۆمپانیایەکی سیاسی لەم کەرتە هەستیارەدا نەبێت. قەبارەی هەناردەکردن هێشتا گوماناوییە، بەهۆی کەمی بۆرییەکان و ژێرخانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی.
عێراق لە بازاڕی جیهانی گازدا
ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی پسپۆڕ لەم بوارەدا پێیان وایە، لە ساڵانی داهاتوودا عێراق گرنگییەکی زۆر لە بازاڕی جیهانی گازدا دەبێت، هەروەها بەپێی ئەو پڕۆژانەی ئێستا هەن، بڕیارە لە ساڵی 2026دا سەرکەوتوو بێت لە بەرهەمهێنانی سێ ترلیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، بەڵام هاوکێشەی ناوچەیی گەیشتن بە کۆتایی ئەم رێگایە زۆر قورس دەکات.
بەرزنجی ئاماژەی کرد، عێراق ئێستا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئێمە توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی کێڵگەکان نازانین. سەبارەت بە کێڵگە دۆزراوەکان، دامەزراوە نەوتییەکان پێویستە بە زووترین کات گەشەیان پێبدەن، بەهۆی ئەوەی عێراق کورتهێنانێکی گەورەی لە گازدا هەیە.
لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق تیشک دەخاتە سەر پێویستی ناوخۆیی بۆ گاز، پڕۆژەکانی ئێستا لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی گاز و گەشەپێدانی ژێرخان و گرێبەستە نوێیەکان کە لە عێراقدا بەرنامەیان بۆ دانراوە، لەوانە ئەوانەی بۆ هەرێمی کوردستان، ئامانجیان دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستییەکانی پیشەسازی و بەکاربەرانی ناوخۆییە، بە شێوەیەک کە پاساوی هیچ پارت و کۆمپانیایەکی سیاسی لەم کەرتە هەستیارەدا نەبێت. قەبارەی هەناردەکردن هێشتا گوماناوییە، بەهۆی کەمی بۆرییەکان و ژێرخانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی.
گەڕانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا
شێخ باز گوتی: گەڕانەوە بۆ ئەم هێڵە پشت دەبەستێت بە پاراستنی ئەو بۆرییەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە لە شوباتی رابردوودا زیانی پێگەیشتووە، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەی کە لە ئەنجامی بڕیاری دادوەری نێودەوڵەتییەوە هاتووە کە ئەنقەرەی ناچارکردووە قەرەبووی عێراق بکاتەوە.
باز پێشنیازی گفتوگۆی بۆ هەردوو لایەنی عێراق و تورکی کردووە لەسەر ئاستی تەکنیکی و سیاسی، کە دوای سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، دیالۆگەکە دەستی پێکرد بە گۆڕانکارییەکی جددیتر لە نێوان هەردوولادا بۆ پەرەپێدانی چارەسەری تەکنیکی و گرێبەست و دارایی بۆ ناکۆکییەکانی ئێستا، بە رەچاوکردنی ئەوەی کە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ چڕکردنەوەی گفتوگۆ سێ لایەنەییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی بە زووترین کات.
عێراق پشتی بە هێڵی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی جەیهانی تورکی بەستووە، کە توانای یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی هەیە، بەگوتەی بەرزنجی، عێراق توانی نەوتی کەرکوک لە رێگەی هێڵی ئێستاوە ببەستێتەوە و بیگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.
کۆمپانیای کار لە ساڵی 1999 دامەزراوە، کە تیایدا چالاکییەکانی بازرگانیکردنی بە نەوتەوە دەستپێکرد. هەروەها هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە ماوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر عێراق بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان و گرێبەستەکانی لە بواری بیناسازی و کارەبادا واژۆ کرد.
وەک یەکەم کۆمپانیای عێراقی “کار” گرێبەستێکی گەشەپێدان و هاوبەشی لە کێڵگەی خورمەڵە و دواتر لە کێڵگەکانی سەبا و لاهیس و حەمرین بەدەست هێنا، لە کاتێکدا بەهای گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوت گەیشتە نزیکەی نیو ملیار دۆلار لە ماوەی ساڵانی 2004 و 2006دا.