ئاگری بێ دووکەڵ

حەمەسەعید حەسەن

هونەری پەیداکردنی دوژمن
ڤی ئێس نایپاوڵ (19٣2 – 2018) لە ترینیداد لەدایک بووە، لە هەژدە ساڵییەوە لە ئینگلیستان ژیاوە و لە زانکۆی ئۆکســـفۆرد ئەدەبی ئینگلیزیی خوێندووە. (خانوویەک بۆ میستەر بیسواس 1961) کە ناودارترین بەرهەمی ئەوە، باس لە ڕەنج و خەباتی باوکی دەکات، بۆ دابینکردنی خانوویەک و ژیانی ئەو هیندییانەیش بەســـەر دەکاتەوە کە لە ئەنجامی دابڕانیانەوە لە زێدیان، ڕەگوڕیشـــەی خۆیان بزر کردووە و لەگەڵ تاراوگەیشـــدا نەگونجاون. (مەتەڵی گەیشـــتن 1987)یش ژیاننامە یان دەفتەری بیرەوەرییەکانی خۆیەتی. ئەو دوو ڕۆمانە بوون، ڕیگەی بەرەو خەڵاتی نۆبڵیان بۆ خۆش کرد. نایپاوڵ بۆیە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، چونکە ”بە ســـەرنجە ڕۆشـــنە سازشنەناســـەکانی،
خوێنەری فێر دەکرد، لایەنە فەرامۆشکراوەکانی مێژوو بە ڕوونی ببینێت.” نایپـــاوڵ کە یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنووســـە هەرە چالاکەکانی دنیا، نووســـەرێکی فرەبەهرەیش بوو، وێڕای نۆڤێل، ڕۆمان، گەشـــتنامە و گوتاری ئەدەبی، بە دیرۆکیشەوە خەریک دەبوو. شەپۆلە ئەدەبییە نوێیەکان، کە نووسەرانی دیکەیان لە ڕەگەوە هەڵدەکێشـــا، ئەویان نەدەبزواند، ئاخر لاســـایی کەســـی نەدەکردەوە، زەحمەتیش بوو کەس بتوانێت، لاســـایی وی بکاتەوە. لە ڕۆمانەکانیدا کە هونەرمەندانە مێـــژووی دۆڕاوەکانی دەگێڕایەوە، دیواری نێوان ڕۆمان و دۆکۆمێنت بزر دەبوو. نایپاوڵ وەک جۆزێڤ کۆنراد، وەستای هەڵماڵینی پەردە بوو، لەسەر ڕووخساری ئومێدە ساختەکان و هەرگیز لایەنە ڕەشـــەکانی، ڕۆشن پیشان نەدەدا، کە کارەسات چاوەڕێمان بوو، بە گەشبینییەوە باسی داهاتووی بۆ نەدەکردین. ئەو بە شێوازی گاڵتەجاڕییانە و بە ڕۆچوون بە ناخی ئینساندا، کارێکی دەکرد دیوی ناوەوەی ململانێیەکان ببینین و کە بەسەرهاتی گەشەکردنی خودی خۆی دەگێڕایەوە، ڕووناکیشی دەخستە سەر مێژووی ئیمپریالیزم. نایپاوڵ کە خۆی بە بێنیشتمان دەزانی، نۆستالجیای بۆ هیچ وڵاتێک نەبوو، نووسەرێکی جیهانی بوو، هەموو دنیا گۆڕەپانی کاری بوو، بەڵام لە خۆی بترازێت، خۆی بە نوێنەری کەسی تر نەدەزانی. ئەوی بە ڕەچەڵەک هیندی، بە ئینگلیزییەک دەینووســـی، گەلێک لە زمانی نووسەرە ئینگلیزەکان جوانتر، بۆیە ئەوێک کە پەخشانننووسێکی بـــێ ڕکەبەری بـــە ئینگلیزی نووس بوو، زمانی ئینگلیزیی بە وڵاتی خۆی دەزانی. نایپاوڵ دەیگوت: “زمان چونکە ئامرازێکە بۆ پێوەندیکردن، پێویســـتە ڕوون بێت، نەک ببێتە دیوار لەنیوان دەق و خوێنەردا و پێویســـتە خوێنەر هەمیشە چی لەودیو زمانەوە هەیە، بیبینێت. نایپاوڵ دەیگوت: “لە جیهانی ســـێدا، ســـاڵ چۆن دەســـت پێ دەکات، هەر وایش دوایی دێت، هەمیشە کارەسات دووبـــارە دەبیتـــەوە و وێنەیەکی ڕوونـــاک نابینم.” دێریک واڵکۆت و تۆنی ماریســـۆن، دواکەوتووییی ئینســـانی (سەرڕەش)یان بە کۆمەڵێك هۆکاری مێژوویی و سیاسییەوە دەبەستەوە، نایپاوڵ دەیگوت: “سەرڕەش بۆیە خۆی بزر دەکات، چونکە لە ڕوانگەی سپیپێساتانەوە، خۆی هەڵدەسەنگێنیت و گومانی لە توانای خۆی هەیە.” سارتەر دەیگوت: “نووســـەری چاک و داهێنەر هەمیشە پێشکەوتنخوازە.” نایپاوڵ ئەو نووسەرە داهێنەرە، کە لە کێشەی نێوان وڵاتانی بندەســـت و ئیمپریالیزمدا، لایەنی دووەمی دەگرێت، کارێکی کرد خوێنەر گومانی لەو گوتە جوانەی سارتەرهەبێت. نایپاوڵ لە (ڕێگاکانی دنیا)دا دەڵێت: “لەو کەلەپوورە تێناگەین کە چۆکی لەسەر سنگمان داداوە و بە خۆمانی بێگانە کردووین” و پێی وابوو ئینســـانی شارستانی کەسێکە، بتوانێت سوود لە سروشت و کولتوور و مێژوو وەربگرێت. نایپـــاوڵ دەیگـــوت: “چونکە ئیســـلام بوار بۆ دیالۆگی نێوان خود و ئینســـان ناهێڵێتەوە، بۆیـــە لە ئیمپریالیزم خراپترە.” یان دەیگوت: “ئیســـلام ئەو کارەســـاتە گەورەیە بوو، مێژووی هیندی شـــێواند.” ئەو وای بۆ دەچوو، “ئیســـلام هەڕەشەیە بۆ ســـەر کولتووری میللەتانی غەیرە عەرەب و کارێک دەکات ئەو میللەتانە تووشی بزربوون ببن.” ئێدوارد سەعید ئەو بۆچوونەی پێ دروست نەبوو، دەیگوت: “بەگوێرەی ئەو لۆگیکە، دەبێت تەنیا خەڵکی ڕۆما دوای باوەڕی کاسۆلیک بکەون.” نایپاوڵ ڕەخنەگرێکی زمانبزماراوی بوو، بۆ نموونە: ناودارترین بەرهەمی ئێدوارد مۆرگان فۆرســـتەری بە ســـکراب دەچواند و دەیگوت: “فۆرســـتەر هیندی خۆرئاوای خۆش ناوێت، بەڵکوو وەکوو هۆمۆسێکســـوێڵێک کوڕانی گەنج و جوانی ئەو دەڤەرەی خۆش دەوێت.” ڕۆســـەماریا نیەڵســـن، ئەو ژنەی چەندان کتێبی ئەوی کردبوو بە سوێدی، دەیگوت: “نایپاوڵ پیاوێکی ئاڵۆز بوو، حەزم نەدەکرد، بیبینم.” جۆن کاسی کە توێژەرەوە بوو لە زانکۆی کامبریج،
گوتبووی: “2001 نۆبڵ بە نسیبی نایپاوڵ بوو کە نووسەرێک بوو، سڵی لە پەیداکردنی دوژمن نەدەکردەوە.