پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كە‌ بە‌ھا كاڵ دە‌بێتە‌وە‌ و لە‌ كیس دە‌چێ!

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

رۆژێكیان مامۆستایەكی خەمخۆر و دڵسۆزی پەروەردە، لە قوتابیەكی زیرەك و خۆشەویستی پرسی: حەز دەكەی ببیتە چی؟ قوتابیەكە ئاهێكی قووڵی هەڵكێشاو وتی: حەز دەكەم ببمە هەموو شتێ، بەس نەبمە دكتۆر! مامۆستاكە بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسییەوە: ئاخر بۆچی؟ قوتابییەكە چەند دڵۆپە فرمێسكێكی لە چاوان داباری و بە قوڕگی پڕ گریانەوە، وتی: دوای مردنی باوكم، بۆ ئێمە دایكم رووناكی ماڵ و هەناسەمان بوو، لە نەخۆشیەكی ئاسایی بەپێیەكانی خۆی خستە بەر نەشتەری دكتۆرێكی چاوچنۆك و بێبەزەیی؛ نەخۆشیەكەی هیچ مەترسیەكی بۆ سەر ژیانی نەبوو، کەچی پێی وت: دەبێ هەر ئێستا نەشتەرگەریت بۆ بكەم؛ دایکم بە پێی خۆی چووە بەر دەستی و بە مردوویی هێنایانە دەرەوە، ئەوەندەی سكاڵامان دژی نووسی بەڵام لەو
ناهەقیە هەقیان پێی دا، بەرگرییان لێی كرد. مامۆستا جگە لە هەناسەیەكی دوورودرێژ، هیچ قسەیەكی نەكرد. مامۆستایەكی دیكە لە قوتابیەكی زیت و ژیكەڵەی پرسی: تۆ قوتابیەكی زیرەكی، دەپرسم ئاخۆ حەز دەكەی لە دواڕۆژ ببیتە چی؟ قوتابیەكە نەختێ سەری بادا و چاوی نایە سەر یەك و كردیەوە، وتی: حەز دەكەم ببمە هەموو شتێ، تەنها ئەندازیار نەبێ! مامۆستاكە بەپەرۆشەوە وتی: ئەندازیاری بەدەست هەموو كەسێ ناكەوێ، هەموو
كەسێ نابێتە خاوەنی بڕوانامەیەكی ئاوا بەرز، بۆچی حەزی پێ ناكەی؟ نەختێ لێوی خۆی كرۆشت و وتی: بەهۆی هەڵە و كەمتەرەخەمی ئەندازیارێكەوە باوكم لەسەر باڵەخانەیەكی سێ نهۆمی كەوتە خوارەوە؛ لەوەتەی خۆمم ناسیوە هەرجارێ لە دەرگای ماڵمان بدرێ وادەزانم ئەو باوكمە لەئیش دەگەڕێتەوە بەغاردان دەچم دەرگاكە دەكەمەوە، بەڵام چۆن بەجێی هێشتین ئێستا ئەو دیمەنە جوانەیم لەبیر ناچێ كە دەهاتەوە سەرەڕای ماندوویەتی، بەدەم زەردەخەنەوە باوەشی بۆ دەكردمەوە تا بچمە باوەشی. مامۆستاكە خۆی بۆ نەگیرا دایە پرمەی گریان و بەدوایەوە هەموو قوتابیەكان دایانە
گریان. مامۆستا یەکی تر لە قوتابیەكی زیرەكی پرسی: خەون و خولیات چییە؟ حەز دەكەی لەدوا رۆژ ببیتە چی؟ قوتابیەكە وتی: لەبەر گەورەیی تۆ نامەوێ هیچ بڵێم؟ مامۆستاكە وتی: دەی قسەیەكمان بۆ بكە؟ قوتابیەكە بە شەرمەوە سەری داخست و وتی: حەز دەكەم ببمە هەموو شتێ تەنها
مامۆستا نەبێ! مامۆستاكە چاوی ئەبڵەق بوو، بە سەرسڕمانەوە پرسی: ئاخر بۆچی؟ قوتابیەكە بەكزۆڵیەوە وتی: ببوورە ئەو قسەیە لەحزوری تۆ دەكەم، بەڵام هەرگیز ئەو
رۆژە لەبیر ناكەم مامۆستایەكمان هەبوو ئەوەندە غەدارو بێ ڕەحم بوو، هەمیشە دارێكی زلی بەدەستەوە بوو، بەس بەدار وەڵامی دەداینەوە، رۆژێكیان لەسەر نەنووسینەوە ئەو بابەتەی پێی دابووین كە لەماڵەوە دە جار بینووسینەوە، بەدار وەرگەڕایە سەر براكەم، بەهەموو هێزێكیەوە پازدە بیست داری لێدا، هەر دەستی لەبەر دارەكەی لا ببردایە، بەدار لە شان و ملی دەدا، تا لەهۆش خۆی نەچوو، دەستی لێ هەڵنەگرت، براكەم لەو رۆژەوە وازی لەقوتابخانە هێناوە، مێشكی لەدەست داوەو لەبەر خۆیەوە دەڵێ:
مامۆستا مامۆستا. مامۆستاكە نەختێ سەری باداو وتی: بەداخەوە بۆ مامۆستای ئاوا.
هەر یەك لە ئێمە سەرگوزشتەیەكی هەیە، بەسەرهاتەكان هەندێكیان پڕ سوێن و هەندێكیان ئەگەرچی ئەوەندە بەئازاریش نەبن، بەڵام هەرگیز لەبیر ناچنەوە. كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەوە پێش دەكەوێ كە پارێزەری خاك و نیشتمانەكەی بێت و لەكارەكەی دەست و داوێن و دەم پاكبێ، دلسۆزی و ویژدان بكاتە سەنگی مەحەك بۆ هەموو هەنگاوەكانی، كاتێك دادپەروەری هەڵدەگیرێ ئەوە دەبێ چاوەڕوانی هەموو شتێكی نەخوازراو بكەین بۆ شوێنێ كە بەها بەرزەكانن یاساو رێسا لە پاشەكشەدایە. ئەركی دایك و باوكە لە جەنجاڵی ئەو رۆژە شوومانەدا، مناڵەكانیان پەنا بدەن، توند لەخۆیانی بگرن، بە كلۆجێ گۆشیان بكەن بە رەوشت و ئاكاری بەرز، گوێ بەو دەوروبەر نەدەن كە لەپەنای ئازادی و بوێری، جوانیەكان گۆڕەوشار دەكەن و تەنها دەست بەو شتانەوە دەگرن كە دواجار لەو رێیەوە كۆمەڵگا قورسایی خۆی لەدەست دەدات و هیچ شتێ بۆ بەختەوەری و جوانیەكان نامێنێتەوە جگە لەوەی تەنها و تەنها
ئاخ و ئۆفی بۆ هەڵكێشین. لەوەشدا ئەركی مامۆستایە لەو ژینگەی تێیدا گوزەر دەكات رۆڵی خۆی جێبەجێ بکات؛ ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیشە لەو پێگەیەی بوونەتە چاودێر و هەڵسووڕێنەری هاونیشتمانیان زەمینەیەك بڕەخسێنن كە كۆمەڵگا بەرەو پێشەوە
بچێت.