پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

وشە بەدەم سەماوە
شـــیعری نوێ وێنەی خۆرنشـــین، خەرمانەی مانگ، درەوشانەوەی ئەســـتێرە، هەڵچوونی زەریا، هاژەی ڕووبار، جریوەی چۆلەکە، باڵای چنار، ســـەوزاییی دارســـتان و کرانەوەی دەمی خونچە ناکێشـــێت، بە کامێرای نهێنیی وشـــە، وێنەی خەون و خولیا، هەســـت و نەســـت، خەم و شـــادی، هیوا و نائومێدی، دڵەڕاوکی، نیگەرانی، ئارامی و ئەڤین دەگرێت. شـــیعری نوێ بە ناخدا ڕۆ دەچێت، جەســـتە بەبەر گیانی دۆخە ئاڵۆزەکاندا دەکات، تژییە لە شـــتگەلی ســـەیر و نهێنی و ناکۆک. هیچ هونەرێک هێندەی شـــیعر، ناخی ئینسان ناخاتە ڕوو، شیعر هەرچەندە هاواری ناخی شاعیرە، کەچی لە ناخی کەسانی تریشدا دەنگ
دەداتەوە. شیعر سەبارەت بە شتێک نادوێت، شتەکە دێنێتە گۆ.
تازەگەری لە شـــیعردا لە بۆشاییدا ڕوو نادات، بەشێکە لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکی پتەوی بەو قۆناغە مێژوویییەوە هەیە کە هەر جڤاکێکی پێدا تێدەپەڕێت. شیعری نوێ لە دەسەڵات یاخی دەبێت، ئاخر شـــیعر تەنیا بە شـــێوازی کۆن و باو دەتوانێت لە ڕاژەی دەســـەڵاتدا بێت. کەس شیعری سوریالی بۆ دیکتاتۆر ناڵیت، دەســـەڵاتدار لە شـــیعری سوریالی تێناگات، بۆیە دژی دەوەستێتەوە. ڕیتمی شیعری ســـتوونی، ڕیتمی گیانی خێڵە، بۆیە نوێخوازترین شـــاعیریش کە بخوازێت بە باڵای ســـوڵتاندا هەڵبڵێت، دەگەڕێتەوە ســـەر هەمان ڕیتم. (ســـەییاب)ی نوێخواز کە ناســـاغ بوو، بە شیعرێکی ستوونی، ستایشی
(قاسم)ی کرد، تا بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی عێراقی بکات.
ئەدونیس پێی وایە: (زمانی ئاسایی زمانی ڕوونکردنەوەیە، زمانی شیعر زمانی ئاماژەیە، شیعر ئەو شتانە دەڵێت کە بە زمانی ئاسایی ناگوترێن.) بۆچی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی/ مەی بۆ نەڕژی شیشە لە سەد لاوە شکاوە! نالی بەڕاشکاوی نەیگوتووە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە فرمێسکی ئاڵی لە مەی و دڵی ناسکی لە شووشە دەچێت. زمانی شیعر لە زمانی ڕۆژانە جیاوازە، بەڵام ئایا کرۆکی شیعر، بریتییە لە زمانەکەی؟ ئایا دەقی شیعری بە پلەی یەکەم، جەستەیەکە لە زمان؟ ئایا زمانێکی سادە، لە زمانێکی ئاڵۆزی داتاشـــراو شـــیعریتر نییە؟ ئایا جۆزیف برۆدسکی گوتەنی: شیعر زمانە لە باڵاترین توانایدا؟ ئایا زمان ئامانجە؟ (شەکســـپیر بەســـەر زماندا زاڵ بوو، شـــارەزای نهێنییەکانی بوو، بەڵام ئەوەی ئەوی بە
نەمریی هێشتووەتەوە، لە زمان قووڵترە، ئەوەیە کرۆکی ئینسانی ناسیوە.)
داهێنان بە گوتنی شـــتگەلی جیاوازەوە بەندە، نەک بە بزربـــوون لە کەلەپووردا. تەقاندنەوەی زمان، نە فەرامۆشکردنی ڕێزمانە، نە شێواندنی ڕێنووسە، نە بەکارهێنانی وشەی بێگانەیە و نە تەمومژی ساختە، بەڵکوو گەشەدانە بە زمانە دێرینەکە، بۆ ئەوەی بتوانێت، دیاردە نوێیەکان بەسەر بکاتەوە، ئاخر زمانیش دەبێت لە گەشەسەندندا بێت، ئەگەرنا توانای پرسیاری نوێی نابێت. ئەوە ئەرکی شاعیرە، بوێرانە مامەڵە لەگەڵ زماندا بکات، ڕچە بشـــکێنێت و ســـڵ لە بەزاندنی تابوو نەکاتەوە، بـــەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، (شیعری باڵا وەک پارچەئێسکێک فڕێ بداتە بەر دەمی سەگی پەخشان.) شاعیری بوێر، شوفێر نییە تا نیزار قەبانی گوتەنی: لەبەردەم چرای سووری سەروادا بوەستێت. خۆبەستنەوەیش بە کێشێکی دێرینەوە،
هەر لاساییکردنەوە و گیرخواردنە لە بازنەیەکدا کە پێشتر سنوورەکەی دیاری کراوە.
خۆت لە دووبارەکردنەوەی وشەی هاوواتا بپارێزە. وشەی ئاسایی بەکار بهێنە نەک ئاڵۆز. بە دڵنیایییەوە مەدوێ. ئەوانە مۆچیارییەکانی (بۆرخیس)ن کە شیاوی ئەوەن شاعیر ڕەچاویان بکات. بەلای (برۆکس) ەوە، شـــیعر بەرجەستەکردنی بیرۆکەیەکی پێشوەختی شاعیر نییە، شیعر شتێک بە خوێنەر ناگەیەنێت، خۆی بە خوێنەر دەگەیەنێت. کەمن ئەو فەیلەسووفانەی شیعری جوانیان نووسیوە، چونکە زمانی شیعر، زمانی فەلســـەفە نییە. شـــیعر هاوزەمان کێشانی وێنە و لێدانی مۆسیقا و سەمایە بە وشە. سەرنجی هەر ڕســـتەیەکی جوانی شـــیعری بدەین، هاوزەمان وێنەیەک و ڕستەیەکی مۆسیقایییە کە وشەکانی سەرقاڵی
سەمایەکی ئەفسووناوین