پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. مازن عەبدولخالق:لە كۆلێژی پەروەردە بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی و پاڵپشتیی سەرۆكی زانكۆ، دڵنیام كاری نایاب دەکەین

دیمانە: هێمن خەلیل

كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەلاحەدین یەكێكە لە كۆلێژە گرنگ و گەورەكانی زانكۆی سەلاحەدین، ئەم كۆلێژە لە ١٠ بەشی زانستی پێك هاتووە، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لێی دیدارێكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. مازن عەبدولخالق عوسمان) ڕاگری كۆلێژی پەروەردەدا ساز كرد.

سەرەتا ڕاگری كۆلێژ باسی لە بەشە زانستیەكانی كۆلێژی پەروەردە كرد و گوتی: “كۆلیژی پەروەردە پێک هاتووە لە (10) بەشی زانستی، كە ئەمانەن: زمانی كوردی، زمانی ئینگلیزی، زمانی عەرەبی، بایلۆجی، كیمیا، فیزیا، ماتماتیك، پەروەردەی تایبەت، ڕێنمایی و دروستیی دەروونی، زمانی سریانی، هەروەها خویندنی ئێوارانمان پێک دێت لە سێ بەش؛ واتە: زمانی كوردی، زمانی ئینگلیزی، زمانی عەرەبی.
تایبەت بە وەرگرتنی كۆنمرە، د. مازن دەڵێ: “كۆنمرە ساڵانە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت؛ بەرزترین كۆنمرە بەشی زمانی ئینگلیزیە كە بریتیە لە (644) و، كەمترین كۆنمرە بەشی زمانی سریانیە بە كۆنمرەی (437).”
ماوەی چەند مانگێكە (د. مازن) پۆستی ڕاگری كۆلێژی پەروەردەی وەرگرتووە و، پلان و بەرنامەی بۆ ساڵانی داهاتوو داناوە و ئاماژەی دا: “سەبارەت بە دەستبەكابوونمان كۆمەڵیك ئامانجم داناوە و بڕوام بەكاری تیم و هەماهەنگی هەیە، چونكە كاری پێكەوەیی هەمیشە سەركەوتووترینە، چەند ئامانجێك دەخەمە ڕوو:
1- گرنگیدان و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی گشت بەشەكاندا، كە لەگەڵ بازاری كاری ئێستا گونجاوتر بێت.
2- پتەوتركردنی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ ڕاوێژ و ئاگاداربوون لە كاروباری یەكتری و تەواوكردنی كارەكان بە هەماهەنگی لەڕێی لیژنەیەكی تایبەت، چونكە كۆلیژی پەروەردە مامۆستا ئامادە دەكات بۆ وەزارەتی پەروەردە، بۆیە هەماهەنگیی نێوانمان كارێكی پێویستە.
3- هاندان و پاڵپشتی توێژینەوەی مامۆستایان و بەشداریكردنیان لە كۆنفرانسە جیهانی و نێوخۆییەكان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی ساڵانە و چالاكی لە بۆنە و یادە نیشتمانیەكانمان (سیمینار – وێركشۆپ – پانێڵ …)
4- ئەپدەیت و نوێكردنەوەی تاقیگەكان و دابینكردنی ئینتەرنێت بۆ مامۆستایانی كۆلێژ بۆ ئەوەی لە وانەكان و سوودی لێ وەربگرن هەروەها دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كۆلێژ و دانانی بەشێكی ئەلیكترۆنی بۆ كتێبخانە و بەشێكی تایبەت بە نامەی ماستەر و دكتۆرا و توێژینەوەی مامۆستایان و باسی دەرچوونی قوتابیان.
6- كردنەوەی خول و وێركشۆپی جۆراوجۆر و پەرەپێدانی توانای مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان وەك: دانانی پرسیار و هەڵسەنگاندنی و ئاشناكردنیان بە ڕێگا نوێیەكانی وانەوتنەوە و كۆنترۆڵی پۆل و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە وانەوتنەوەدا و سەركردایەتی و نووسینی توێژینەوە و دروستكردنی پۆستەر و بەڕیوەبردن و هتد.
7- فیستیڤالی ڕۆژی كۆلیژ كە بەشێوەی ساڵانە بکرێت.
8- كاركردن بۆ كردنەوەی بەشی پەروەردەی هونەری/ زانستی كۆمپیوتەر)
9- كاركردن بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان مامۆستا و مامۆستا لە لایەك و مامۆستا و قوتابی لە لایەكی تر لە ڕێگەی دروستكردنی لیژنەی هەماهەنگی و ڕابەری پۆل و ئەنجامدانی پرۆژەی دیاریكردنی مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابی ساڵ لەسەر ئاستی كۆلیژ.
10- گرنگیدان بە سەردانی مەیدانی قوتابیان بۆ دامەزراوە و دەزگای پەیوەست بۆ قوتابیان بەپێی پسپۆڕی و كردنەوەی خولی جۆراوجۆری وەرزشی و هونەری و، هەڵمەتی پاككردنەوەی بەردەوام.
11- گرنگیدان بە پركردنەوەو نەهێشتنی كەموكورییەكانی هۆڵەكانی خوێندن و یانەی كۆلێژ و كێشەی ئاو و كێشەی كەمیی سەوزایی.
12- كردنەوە خول و وۆركشۆپی كارگێڕی بۆ بەرپرسی یەكە و فەرمانبەرانمان و ڕێكخستنەوە دۆسیەكانی مامۆستا و فەرمانبەرانی كۆلێژ و بە ئەلیكترۆنی كردنیان و دروستكردنی داتابەیسی كارگێری بۆ یەكەكانی كۆلێژ و ئەرشیفی ئەلیكترۆنی بۆ تۆماری كۆلێژ و خۆیەتی.
13- دانانی لیژنەیەك لەسەر ئاستی كۆلیژ بۆ داوەتكردنی كەسانی پسپۆڕ لە گشت بوارێك بۆ ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار و ۆركشۆپ لەسەر بابەتی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و كۆمەلایەتی و وەرزشی و هونەری و تەندروستی و ژینگە…بە شێوەی هەفتانە یا دوو هەفتە جارێك (رێكخستنی پانێڵ بۆ گفتوگۆ لە بارەی پەروەردە و فێركردن و بابەتی هەمەجۆری تر.
لە وەڵامی ئەوەی تاچەند دەرچووانی بەشەكانی كۆلێژی پەروەردە لەدوای دەرچوونیان هەلی كاریان دەست دەكەوێت د. مازن گوتی: “سەبارەت بە هەلی كار بەپێی بەدواداچوونم قوتابیانمان بە ڕێژەیەكی زۆر باش كاریان دەست دەكەوێت و پڕۆژەیەكیشمان هەیە بۆ ئەم مەبەستە كە دوایی رایدەگەنین بۆ ئەوەی ئاگامان لە قوتابیانمان هەبێ لەدوای دەرچوون و ڕەخساندنی هەلی كار بۆیان.”
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. مازن باسی لە تاقیگەكانی كۆلێژی كرد و دەڵێ: “سەبارەت بە تاقیگەكانمان ئامێر و ئامراز، تاڕادەیەك باش هەمانە؛ بەردەوام كاریش دەكەین لەسەر دابینكردنی ئامێری نوێ و پێشكەوتوو بۆ كۆلیژەكەمان، هەروەها سپاس بۆ خوا باشین لە ڕووی ژماری هۆڵ و پێداویستیەكانی، بەڵام نایشارمەوە پێویستیمان بە هۆڵی زیاتر و پێداویستی زێتری نێو هۆڵەكان هەیە و لە ماوەی ئەم سێ مانگە كاری نۆژەنكردنەوەمان بۆ گشت بەشەكان کردووە و بەشێك لە پێداویستیەكانیشمان دابین كردووە بۆ گشت بەشەكان .”
سەبارەت بەئاستەنگەكانیش دكتۆر گوتی: “بەڕێوەبردنی كۆلیژێك كە لە 13 بەش پێك هاتبێت، 10 بەشی بەیانیان و 3 بەشی ئێواران، بەدڵنیایی گرفت دێتە پێشەوە بەڵام بە كاری پێكەوەیی و پاڵپشتیی سەرۆكی زانكۆ و هەماهەنگی ئەنجومەنی كۆلیژ، دڵنیام بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبین.”
لە كۆتاییدا د. مازن داواكارییەکی هەیە و دەڵێ: “داواكاریم لە قوتابیان ئەوەیە هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ بەدواداچوونی زانست و زانیاری و بەتایبەت فێربوونی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی كە لە بازاڕی كاری ئێستا زۆر پێویستن، هەروەها ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی و گرنگیدان بە پاكڕاگرتنی كۆلیژ و بەشداری لە چالاكییەكانی؛ لێرەوە بەڵێنیان پێ دەدەم كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیان دەبم بۆ كار و چالاكیی زانستی و دابینكردنی پێداویستیەكان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان لە کۆلیژ .”