سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دەربارەی نەخۆشینی زەهایمەر

حانیە زاغی

نەخۆشینی زەهایمەر باوترین جۆری نەخۆشینی بیرچوونەوەیە. نەخۆشیەکە وردەوردە زیاد دەکا؛ سەرەتاکەی بەوەوە دەست پێ دەکا کە نەخۆشەکە بیروهۆشی کەم دەبێتەوە و، شتی لاوەکی و سادەی لەبیر دەچێتەوە؛ کەمەکەمە لەوانەیە نەخۆشەکە شتی گرنگی ژیانیشی لەبیر بچێتەوە و، تەنانەت لەگۆ بکەوێت و، قسەی پێ نەکرێ و، کاردانەوەی نەمێنێ؛ زەهایمەر ئەو بەشانەی مێشک دەگرێتەوە کە بیرکردنەوە و یادەوەری و ئاخافتن بەڕێوە دەبەن. لەوانەیە وەها کار بکاتە سەر کەسەکە، ئیتر کاری ڕۆژانەی خۆیشی پێ نەکرێ.

زەهایمەر، تا ئێستا چەندی لێ زانراوە؟
زانایان هێشتا بە تەواوەتی نازانن هۆکاری یەکاویەکی نەخۆشینی زەهایمەر چیە؛ دەڵێن پێدەچێت تاکە هۆکارێکی نەبێ و، چەند هۆیەکی هەبێ؛ هەرکەسەو هۆکارێک و بە جۆرێکی جیاواز کاری تێ دەکات.

تەمەن
هەڵکشانی تەمەن و بەساڵداکەوتن، هۆکارێکی هەرە ناسراوی دەرکەوتنی نەخۆشینی زەهایمەرە.

مێژووی خێزانی
توێژەران پێیان وایە کە ڕەنگە کنێت یاخود بۆماوە (جینات) ڕۆڵی هەبێت لە دەرکەوتنی نەخۆشینی زەهایمەردا. ئەڵبەت بۆماوەی هەرکەسێک و جۆرێکە. شێوازی ژیانی تەندروست لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشینی زەهایمەر. دوو توێژینەوەی گەورە و درێژخایەن ئاماژە بەوە دەکەن کە چالاکیی گونجاوی جەستەیی و خۆراکی سروشتی و، سنووردارکردنی خواردنەوەی ئارەق و، جگەرەنەکێشان و دوورکەوتنەوە لە دووکەڵ و بەلاوەنانی نێرگەلە، مێشک و بیروهۆش دەپارێزێت.
لەوانەیە ساڵانێک پێش دەرکەوتنی یەکەم نیشانەکانی زەهایمەر، پێکهاتەی مێشک وردەوردە بگۆڕێ. توێژەران لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا پەروەردە و خۆراک و ژینگە چ رۆڵێکیان هەیە لە راکێشکردنی نەخۆشینی زەهایمەردا. بەڵگەی زانستی لە زیادبووندایە کە ڕەفتارە تەندروستەکان کە دەرکەوتووە ڕێگری لە شێرپەنجە و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ دەکەن، ڕەنگە مەترسی دابەزینی مەعریفی بابەتیی کەمبکاتەوە.

نیشانەی پێشوەختەی نەخۆشینی زەهایمەر
زەهایمەر بەشێکی ئاسایی نیە لە ڕەوتی پیربووندا. کێشەی بیرەوەری و کزداگەڕانی بیروهۆش بە شێوەیەکی گشتی یەکێکە لە یەکەم نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی نەخۆشینی زەهایمەر و بیرچوونەوە بە گشتی؛ جگە لە کێشەی بیرەوەری، کەسێ کە تووشی نەخۆشینی زەهایمەری ببێ، ڕەنگە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوەی لێ دیاری بدا:

  1. لەدەستدانی بیرەوەری کە ژیانی ڕۆژانە تێک دەدا؛ وەک ونبوون و بزرکەوتن لە شوێنێکی ئاشنا یان دووبارەکردنەوەی پرسیار.
  2. کێشە لە ژماردن و مامەڵەکردن بە پارە.
  3. ئەرکی رۆژانەی ماڵەوە و دەوامی پێ ناکرێ.
  4. توانای لێکجیاکردنەوەی چاک و خراپ و حوکمدانی نامێنێ.
  5. لە هەڵگرتن و دۆزینەوەی شتەکاندا تووشی کێشە دەبێ.
  6. شوێنپێی خۆی پێ هەڵناگیرێتەوە و هەنگاوی خۆی لێ بزر دەبێ.
  7. گۆڕانی باری دەروونی، رەفتار یان کەسایەتی

تێبینی: مەرج نیە ئەوەی ئەو نیشانانەی هەبێ، زەهایمەری گرتبێ.

چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی زەهایمەر
پشکنین لەلایەن دابینکەری چاوەدێری تەندروستیەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو نیشانانەی کە تووشی دەبیت پەیوەندییان بە نەخۆشینی زەهایمەرەوە هەیە، یان حاڵەتێکی چارەسەرکراوتر وەک کەمداگەڕانی ڤایتامین یان کاریگەریی لاوەکی و دەرژانگی دەرمان. هەروەها دەستنیشانکردنی ورد و پێشوەختە دەرفەت بۆ تۆ و خێزانەکەت دەڕەخسێنێت کە پلانی دارایی لەبەر چاو بگرن؛ پلانی پێشوەختە دابڕێژن، ناویان تۆمار بکەن لە تاقیکردنەوەی کلینیکی و پێشبینیکردنی پێداویستیەکانی چاودێری.

نەخۆشی زەهایمەر چۆن چارەسەر دەکرێت؟
دەستێوەردانی پزیشکی دەتوانێت کوالیتی ژیان بۆ زەهایمەرگرتە و ئەو کەسانەیش باشتر دەکا، کە چاودێرییان دەکەن. هێشتا هیچ چارەسەرێکی تایبەت نەدرۆزراوەتەوە بۆ نەخۆشینی زەهایمەر؛ چارەسەر چەند بوارێک دەگرێتەوە؛ یارمەتیدانی خەڵک بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک، کۆنترۆڵ و بەرزەفتکرەنی نیشانە و دەرهاویشتەکانی زەهایمەر، کاڵکردنەوە یان دواخستنی نیشانەکانی نەخۆشینەکە.

کەمکردنەوەی مەترسیەکانی نەخۆشینی زەهایمەر
زانستی کەمکردنەوە و خۆپاراستن لە مەترسیەکانی زەهایمەر، بە خێرایی پەرە دەسێنێت و، بوارەکە پێشکەوتنی گەورەی بە خۆوە بینیوە؛ بۆ نموونە، بەڵگەی سەلماو هەیە کە ئەو کەسانەی کە خووی خۆیان دەگۆڕن و، ژیانێکی تەندروست دەگرنە بەر، بەردەوام وەرزش دەکەن و، ئاگایان لە خوێنپەستانی خۆیان هەیە و، بەرزەفت و کۆنترۆڵی دەکەن، کەمتر تووشی نەخۆشینی بیرچوونەوە دەبن؛ بەڵگەی زانستی سەلماندوویەتی کە ڕەفتاری بێوەی و تەندروستانە، مرۆڤ لە شێرپەنجە و شەکرە و نەخۆشینەکانی دڵ دەپارێزێت؛ ڕەنگە مەترسیی کولداگەڕانی زەین و لەکەڵککەوتنی مێشکیش کەم بکاتەوە.