عومەر چنگیانی
٢٣٤
دەنگۆ و زیانی بۆ کۆمەڵگا
زۆر بە داخەوە، سەد حەیف و مخابن! دەمهەراشی یان دەمنەوێستاوی و، لەدووی ڕاستی نەچوون و، تەشەنەدان بە هەر هەواڵێک کە بەرگوێ کەوت، یان بڵاو کرایەوە، بۆتە دیاردەیەکی ناشیرینی سەردەم؛ جابۆیە ئەرک بوو لەسەرمان لە گوتارێکی هەینیدا بیهێنینەوە بیری بسڵمانان کە ئەوە نەخۆشییە زیانۆکە و، ڕۆژگارێک بوو تەنها خوو و ئاکارێکی بەدی هەندێ لە دووڕووەکانی سەردەمی پێغەمبەر بوو لە مەدینە، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت و ناکرێ بڕواداران ئەو خووە ناپەسەندە لایان ببێتە کارێکی پیرۆز و، پێشبڕکێیان بێت لەسەری و هۆکارەی ببن و خووی پێوە بگرن، لە کاتێکدا کە خوای باڵادەست لە ئایەتی 83ی سوورەتی (نیسا)دا وەک بەدکارییەکی دووڕووەکان تۆماری دەکات و دەفەرمێت: لە کاتی ئاشتەوایی و حەوانەوە و خۆشی، یاخود لە وەختی بیم و ترس و تۆقیندا هەر هەواڵێکیان پێ بگەیشتایە دەمهەراشانە تەشەنەیان پێ دەدا و بڵاویان دەکردەوە کەچی دەبا هەموو شتێکیان ببردایەتەوە خزمەت پەیامگەیێنەکەمان و گەورە و تێگەیشتووەکانیان لێ ئاگادار بکردایەتەوە تا ئەوان بە بیری تیژ و ورد و کارامەیان بابەتەکەیان یەکلا و ڕوون بکردایەتەوە؛ کەخودی ئەم ئایەتە پڕاوپڕ دەڵێی باس لە ئیمڕۆمان دەکات نەخاسمە جیهانی سۆشیال میدیا کە هەرکەس وا خۆی تێدا دەبینێتەوە هەموو شت دەزانێ و لەخۆگۆڕان و بەدحاڵیبوون سیمایە نەک وردبینی؛ ئەگەر مسڵمان ئاوڕێک لە سەرچاوەکان بداتەوە بە تایبەت بە ناو بانگەوازخواز و مەلاکان دەبینن ئەو پاشاگەردانییە لە فەتواداندا و دەم بۆ هەر شت بردنە لای زانایان زۆر بە کارێکی ناشیرین دانراوە، تەنانەت وەک ئیبنو قەیمی جەوزی لە سەرەتای کتێبە بەنرخەکەیدا واتە (اعلام الموقعین عن رب العالمین)، بۆمان باس دەکات کە لە عەبدوڵای کوڕی عەباسەوە خوایان لێ ڕازی، گێڕدراوەتەوە: (ئەو کەسەی لەبارەی هەرشتێکەوە پرسیاری لێ کرا و، فەتوای دا ئەوە شێتە). هەروەها (بوێرترین کەس بۆ فەتوادان کەمزانستترینیانە!) هەربۆیە پێویستە لەسەرمان بەهای گفتار و قسەکانمان بزانین چونکە هەر قسە و وشەیەک کە لە زارمانەوە دەردەچێت کار دەکاتە سەر تاک و کۆمەڵگا؛ جا ئەم وشەیە لە وتاری هەینیدا بێ یان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بێ یان بە هەر ئامرازێک بێ لە ئامرازەکانی سەردەم؛ ئەگەر ئەم وشە یان گوتەیە پشتڕاست نەکرابێتەوە ئەوا دەبێتە دەنگۆ و، یەکێکە لە بانگەشە مەزنەکانی درۆ و تۆمەتی ناڕەوا دژی بێتوانا و بێتاوانەکان و هەمیشە بازاڕی ئەم دەنگۆیانە گەرمە و، دەگاتە لای زۆرینەی خەڵکی لە سەرچاوەی نادروستەوە؛ چەندین هەواڵی درۆیینە کە لە ڕاستیدا هەر نەبووە، بڵاو دەکرێتەوە ، لە بنەڕەتدا هەمووی بوختان و قسەی ناڕاستە و خەڵکانێکی داخلەدڵ و دژمنی بەختەوەرین بە پەرچەکرداری دژمنداری و تۆڵەسەندنەوە وا دەکەن.
ئەرکی مسڵمان ئەگەر گوێبیستی شتێک بوو
مسڵمانی ژیر کاتێک گوێبیستی دەنگۆیەک دەبێ واجبە لەسەری کە لێکۆڵینەوەیەکی جوان و دروستی لەسەر بکا بزانێ ڕاستە یاخود درۆیە پێش ئەوەی بڵاوی بکاتەوە؛ دەشێ مسوڵمان بە پێوەری ئەقڵ و ژیری هەموو گوتەیەک هەڵسەنگێنێ پێش بڵاوکردنەوەی بە ناو خەڵکیدا.
کاریگەریەکانی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ
1- لێکهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا و نەمانی هەستی هۆگری و داشداری (ئینتیما) بۆ خاک و کۆمەڵگا؛ دەنگۆی خراپ شیرازەی کۆمەڵگا هەڵدەوەشێنەوە و، وا دەکا تاکی کۆمەڵگا هیچ هەستێکی مرۆڤایەتییان بەرانبەر یەکتر نەبێت.
2- دەنگۆ، بەها و بنەما بەرزەکانی نێو کۆمەڵگا کاڵ دەکاتەوە؛ بنەمای وەک:
ڕاستگۆیی، هاریکاری، ئامانەتپارێزی؛ ورە و وزە ناهێڵێ و، گومان و خانەگمانی و دڵەڕاوکێ زۆر دەکا.
3- زۆربەی جار دەنگۆ دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزان و، لێکترازان و لێکدابڕینی هاوسەران و زۆر کێشەی تری کۆمەڵایەتییش؛ دەنگۆ کار دەکاتە سەر دەروون و، ئابڕووی ئەندامانی خێزان و، تەنانەت منداڵیشیان دەبا و، ناویان دەزڕێنێ