پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتی پەروەردە بڕیارێك سەبارەت بە ئەو مامۆستایانە دەدات كە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە

لە نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە و واژووی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، جەخت لە ئاسانکارییەکان بۆ ئەو مامۆستایانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، کراوەتەوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، “سەبارەت بەو مامۆستایانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە قۆناغی وەرگرتنی چارەسەریدان، بەو مەرجەی راپۆرتی پشتڕاستکراوی لیژنەکانی تەندروستی تایبەت بە شێرپەنجەیان لە نەخۆشخانەکانی (نانەکەلی) لە هەولێر و (هیوا) لە سلێمانی و (ئازادی) لە دهۆک پەسەندکراویان پێبێت و لەدوای دەرچوونی ئەو گشتاندنە نوێکرابێتەوە، دەتوانن بگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە سەنتەری شارەکان بە مەبەستی نزیکیان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری.”

وەزیری پەروەردە لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەبێ رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت بیانگوازنەوە سەنتەری شارەکان.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە، لە هەمانکاتیشدا، شەش بەشەوانەیان لە کۆی ئەو بەشەوانانەی بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەت بۆیان دانراوە، کەمبکرێتەوە.