پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مه‌لیكه‌ مه‌زان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

مه‌لیكه‌ مه‌زان، شاعیر و رۆمانووسی ئه‌مازیغی مه‌غریبی دۆستی كورد به‌بۆنه‌ی 77ـمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌دایكبوونی سه‌رۆك بارزانی، پیرۆزبایینامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كردووه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه‌، له‌دایكبوونی سه‌رۆك بارزانی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ مێژووی كورد، كه‌ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی شكۆداره‌.

مه‌لیكه‌ مه‌زان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، له‌دایكبوونی سه‌رۆك بارزانی كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌خۆڕا و به‌ رێككه‌وت نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و چركه‌ساته‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی گه‌لی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌جێبهێڵێت. هه‌روه‌ها جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، پارتی له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنییه‌وه‌ بووه‌ته‌ حزبی هه‌موو شۆڕشه‌كان و سێمبۆڵی گه‌وره‌ترین قوربانیدان، كه‌ ئامانجی بریتییه‌ له‌ رزگاركردنی مرۆڤ و خاك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌، زمان، كولتوور، یادگه‌ و گه‌ل.

مه‌لیكه‌ مه‌زان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی شكۆداره‌ و له‌دایكبوونی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌، بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌موو جیهان له‌وه‌وه‌ فێری هونه‌ری ئازایه‌تی، حیكمه‌ت و ژیری بن.

ئه‌و خاتوونه‌ ئه‌مازیغییه‌ی دۆستی كورد ستایشی رۆڵی كاریگه‌ری سه‌رۆك بارزانی كردووه‌ و به‌ نموونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش و ناوازه‌ له‌پێشكردنی خه‌بات و تێكۆشان و پێی وایه‌ خۆشه‌ویستی سه‌رۆك بارزانی بۆ گه‌لی كورد، بووه‌ته‌ هۆی به‌دیهێنانی چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ رزگاركردنی نیشتمان به‌ ته‌نیا پشتی به‌ چه‌ك و شه‌ڕی ئازادی و نه‌وت و دۆلار نه‌به‌ستووه‌، به‌ڵكوو به‌هۆی ره‌وشت و پره‌نسیپ و به‌هاكانییه‌وه‌ به‌ده‌ستیهێناون.

مه‌لیكه‌ مه‌زان تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ژێر حیكمه‌تی سه‌رۆك بارزانیدا، به‌هاكانی لێبوورده‌یی، به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و هه‌ماهه‌نگی و ئاشتی بووه‌ته‌ سامانێكی دیكه‌ی كوردستان له‌پاڵ سامانی پیاوه‌كان و چیاكان.