بەکر کەریم حەسەن*
جیم ڕۆن، پیاوی كارخولقێن و نووسەر و وتاربێژی بواری هاندان، دەڵێ “فێری دەربڕین بە، نەک سەرسامی”.
بێگومان دەربڕین هونەرە كارامەییە، بەڵكو هونەر و كارامەیی هەرە پێویستە بۆ هەر تاكێک لە تاكەكانی كۆمەڵگە، بەبێ ڕەچاوکردنی پێگە و جێگای كەسەكە، بەڵام بە دروستی بۆ كەسی خاوەن پێگە و بەرپرسیاریەتی بەردەوام پێویستی بەوە هەیە كە بتوانێ بە شێوازێکی بێوەی و ڕاست و ڕاستگۆیانە دەربڕینی بەردەوامی هەبێ لە هەر بابەت و باسێك لە هەر جێگا و شوێنێكدا، چونكە شێوازی دەربڕین دەرخەری كەسایەتی و ڕەوشتبەرزیە و، پەروەردەی كەسەكە دیاری دەكات، چونكە دەبێ هەر كەسێ پەرە بە خۆی بدات بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوازی بێوەی و كاریگەر، بیروبۆچوون و هزری خۆی دەربخات و ڕای بگەیەنێ و ڕاشكاو و ڕاستەڕوو بێت لە قسەكردن و، دواندندا و لە دەربڕینی هەست و سۆز بە زمانێكی بێوەی و پاراو و بە شێوازێكی ناوازە و نایاب و كاریگەر كە بتوانێ پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگە پەرە پێ بدا و شارەزا ببێت لە هەڵبژاردنی وشەدا، تا بتوانێ ڕستەی ماناداریان لێ دابڕێژێ و، پیكەوەیان بلكێنێ تا ببێتە چەند بڕگەیەک و دواییش بۆ داڕشتنێ هەر بابەتێک. بۆیە زۆر گرنگە هەموو تاكێک لە كۆمەڵگە تایبەت ئەوانەی جۆرە بەرپرسیاریەتییەكیان لە ئەستۆدایە، دەبێ شێوازی دەربڕینیان زمانی سەردەم بێت و كاریگەریەکی ئەرێنی و، بێوەی و بێمزەڕەتیان هەبێت لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە بەبێ ڕووشاندن و برینداركردنی هەستی ئەوانی تر؛ دوور لە خۆتووڕەكردن و لۆمەی بەردەوام و نیگەرانی و ڕەشبینی و بێزاری؛ لە هەمووی گرنگتر پێویستە شێوازی دەربڕین ڕاستگۆیانە بێت لەگەڵ خۆ و بەرامبەریشدا كە ئەوە متمانە و دڵنیایی و دڵنەوایی دروست دەكات، دوور لە هەموو هەڵچوون و هەڵكشانێكی دەروونی، نەکا خوا نەخواستە بارودۆخەكە بە گشتی بەرەو بێمتمانەیی ببات، بۆیە وا باشترە لە كاتی هەر
هەڵچوون و تووڕەییدا لە قسەكردن و دەربڕین بوەستین. شێوازی دەربڕین بۆ تاكی بەرپرسیار یەكێكە لە هەرە پێویستییەكانی تاک و هەرگیز ناتوانێ دەستبەرداری بێت لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی تەمەنی بۆ بەردەوامیدان بە شێوازی ڕێکوپێک لەگەڵ تەواوی كۆمەڵگە، كە سەرەتا دەبێ گوێگرێكی باش بین تا بتوانین تواناكانمان لە دەربرین بەهێز و تۆكمە بكەین، دواتریش دەبێ بەردەوام خوێنەرێكی باش بین و، بەردەوام زانیاری و بەرچاوڕوونیمان هەبێت لەسەر بابەتە پەیوەندیدار و پێویستییەكان. ئەگەر بمانەوێ زۆر باش و ناوازە بین لە چۆنیەتیی دەربڕینی هەر هەست و سۆز و بابەت و بەرپرسیاریەتیەک، گرنگە لە دەربڕینەکانمان ناوە ناوە ئاماژە بە ئایەتی قورئانی پیرۆز یان فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) یان وتە و قسەی سەركردە كاریزماكان و فەیلەسوف و زانا و نووسەرەكان بكرێ كەوا هێزێكی زیاتر و
پاڵپشتیكراو دەداتە دەربڕینەكان. بە پێویستی سەرەكی دەزانم شێوازی دەربڕین لە ئەركە هەرە سەرەكییەكان بێت و بەڕاستی و راستگۆیی و بێ ترس بتوانین گوزارشت لە هەر هەڵوێست و هەست و بەرپرسیاریەتییەك
بكەین زانستیانە و پەروەردەییانە و سەردەمیانە.