سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئافرەت لە میهرەبانییەوە بۆ دڵڕەقی و تاوانکردن؟

پ.د.نەزاکەت حسێن

دروستکردنی دوو ڕەگەز بۆ پێکەوەژیان وبەردەوامیی بەو ژیانە، پێش هەموو پێداویستیەکی ئەم دووانە بە یەک، پێداویستی و ڕۆڵی تەواوکاریە.واتە دەبێت ئەوژیانە پێویستی بەهەردووکیان لە سروشت توانا وتایبەتمەندیان هەبێت. خاڵی جیاوازی ئەم دووانە هەر یەکەیان بەرامبەر ئەویتر بەهێزیە نەک لاوازی، کە بەداخەوە ئێستە ئەم جیاوازیانە هەندێک ڕێکخراو و کەس بە کەموکووڕی و لاوازی دەزانن. نازانن جیاوازی هێزە نەک نەنگی و جیاوازی جیاوازی دروست دەکات. ڕەنگە تایبەتمەندی و تواناکان کە لە ئافرەت هەبێت زۆر گرنگتر و پێویست تری ژیان بن وەک لەو توانا و تایبەتمەندییانەی لە پیاواندا هەن. بەڵام جیهانی سەرمایەداری و بازاڕو ڕیکلام کە پێویستان بە لەش و لاری ئافرەت هەیە، کاریان کرد تاکو ئافرەت لە سیاقی ئەوەی بۆی دروست و دەربێنن؛ هەرشتێکیش لە شوێن و سیاقی خۆی دەرت هێنا بەدڵنیاییەوە ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و ڕاستەقینەی خۆی ناگێڕێت. ناکرێت لە وتارێکی وا کورتدا باسی هەموو تواناکانی ئافرەت بکەین. بەڵام ئەوەی مەبەستە لەم وتارە کورتەدا لە گۆڕانی سروشتی میهرەبانیی ئافرەت لە هەندێک جاردا بۆ دڵڕەقی و تاوانی دڕندانەیی نامۆ بەسروشتی خۆی، کە لەم دواییەدا هەندێک هەواڵی تاوانی ئەنجامدراوی دەستی ئافرەتانمان لە میدیا کوردییەکان بیست، کە نامۆ بوون بە سروشت و پێکهاتەی ئافرەت و کۆمەڵگەی کوردی. ئاشکرایە وگەردونیش سروشتەکەی وابەرهەم هاتووە هەرشتێک داوای بەخشینی لێ بکەیت یان شتێک ببەخشێت دەبێت وەریش بگرێت واتە سروشتی’اخژ وعگا’ وایە وەرگرتن ئینجا بەخشین، یاخود هەموو بەخشینێک دەبێت بچێتەوە شوێنی. سەیری مانگ بکەین ڕووناکی لە خۆر وەردەگرێت ئینجا دەیداتەوە، زەوی گەرمایی لە خۆر وەردەگرێت و دەیداتەوە، گەردوون و بوونەوەرکان وزە لە خۆر وەردەگرن ئینجا دەیدەنەوە و بەکاری دێنن لە پرۆسەی دروستکردنی خۆراک …هتد.
ئافرەت میهرەبانە، میهرەبانی دەبێت ببەخشێت، چونکە ڕۆڵی دایکایەتی و پەروەردە و ژیان لەگەڵ قۆناغە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کە دێتە دونیاوە، پێی دراوە.دایکایەتی تەواوی پڕیەتی لە قوربانی ومیهرەبانی بەخشین؛ جگە لە سروشتە نەرم و نیانەکەی خودی خۆی و هەستە ناسکەکەی ئافرەت کە سەرچاوەی ئاشتی و پێکەوەژیان و خوازیاری ژیانێکی دوور لە توندوتیژیە. بەڵام بۆ لە ناکاودا ئەم سروشتە پێچەوانە دەبێتەوە و ڕەفتارێکی نامۆ دوور لە میهرەبانی دەنوێنێت. من باسی هەندێک تاک ناکەم کە ڕەنگە گرفتێکی دەروونی یان تەندروستی یان نەخۆشی هەبێت کە لەگەڵی گەورە بووبێت وپاڵنەری بێت بۆ تاوانکردن. بەڵام ژینگەی بەرهەمهێنانی ئافرەتێکی میهرەبان دەبێت تەندروست بێت، واتە دەبێت لە منداڵیەوە ئەم کائینە سۆز و خۆشەویستی و ڕێزو بایەخ و میهرەبانی وەرگرێت لە دایک و باوک وخێزان و کەسە نزیکەکان و قوتابخانەکەی وسەرچاوەکانی تری پەروەردە. بەڵام بە داخەوە نەریتی زۆربەی کۆمەڵگاکان پەسەندیی زیاتر بە کوڕ دەدات وەک لە کچ، بایەخ و سۆزەکەیان زیاتر بۆ کوڕە وەک لەکچ. واتە هەرلە منداڵییەوە ئافرەت سەرچاوەی وەرگرتنی سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەوەی لە میهرەبانیەکەیدا بەکاری بهێنێت نیەتی یان کەمە. دواتریش کە دەچێتە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری شتێک کە باس نەکراوە و پەیڕەو ناکرێت کە ئافرەت دەبێت ژینگەیەکی پڕ سۆز و خۆشەویستی بۆ دروست بکرێت. بەڵکو ئافرەت وەک خزمەتکار و خستنەوەی وەچە و کاروباری ماڵ بەڕێوەبردن سەیر دەکرێت و فەرامۆش دەکرێت. بەداخیشەوە دەڵێین نەریتی کۆمەڵگاکان زۆربەی دیسان وایە پیاو وا پەروەردە دەکات و پەسەندە لای لەگەڵ هاوسەرەکەی توندوتیژ و زاڵ بێت، ئەگینا پیاوەتییەکەی لە دەست داوە. ئەمە ژینگەیەکەی ناتەندروست پڕ لە بۆشایی وەرگرتنی سۆز و خۆشەویستی و ڕێز بۆ ئافرەت فەراهەم کردووە. هەندێک جار ئەم بۆشاییە وای لێ دەکات لەشوێنی تر و کەسی تر بۆی بگەڕێت بەتایبەتی لە ڕەگەزی بەرامبەر کە پیاوە، بۆیە هەر پیاوێک ئەم دەرگای سۆز و خۆشەویستییەی بۆ کردەوە ئاسان دەستەمۆ دەبێت وئیتر هەڵە دوای هەڵە تۆمار دەکات تادەگاتە تاوان. ئەوە ئەگەر کاری دەرەوەش بکات ماندوییە جەستەیی ودەروونییەکەی چەندجارە دەبێت. لە دەرەوەش تا ئێستا ژینگەیەکی دروست بۆ پشتیوانی ئافرەت کە بتوانێت بەپارێزراوی و ئارامیی کارەکانی بکات لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا نییە. پسپۆرێکی کۆمەڵناسیی ئەڵمان دەڵێت: ئافرەتمان هێنایە دەرەوە لەماڵ بۆکارکردن، بەبێ ئەوەی ژینگەیەکی لە باری بۆ بڕەخسێنن لە دەرەوە کە لەگەڵ سروشت و خواستەکانیدا بگونجێت، بۆیە سەرباری پلە دووییەکەی لە ناو خێزاندا، لە دەرەوەش ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەختی بووەوە.
ڕاگەیاندنیش وەک سەرچاوەیەکی دروستبوونی ناسنامە و پەروەردە و پێدانی مەعریفە و زانیاری بە تاک، بەداخەوە دەڵێم نەک ڕۆڵی ئافرەتی فەرامۆش کردووە، بگرە بووەتە جێگایەکی توندوتیژی وبارگرانی دروست کردن بۆ ئافرەت، چونکە ئافرەت ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنەکان کاڵایە، نەک دایک. نەک پەروەرشیار. نەک کەسایەتییەکی سەرکەوتوو.هەموو ئافرەتێکیش ئەو مەرجانەی تیدا نییە کە ببێتە ئەوکاڵایە و ئەو لەش و لارەی هەبێت. بۆیە هەست بەنەبوونی خۆی دەکات لە بەرامبەر وێنەکانی ئافرەت لەراگەیاندنەکاندا. جگە لەوەی قەیرانی ناسنامە یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە ئەمڕۆ توێژینەوەکان ئاماژەی پێ دەکەن؛ کاتێک تاک ڕووبەڕووی شتێک دەبێتەوە لە ڕەفتار جیاوازە لەو ڕەفتارەی لەسەری پەروەردە کراوە و کۆمەڵگەکەی قبووڵییەتی. توشی ئەوە دەبێت پەیڕەوی کامیان بکات، نموونە ئەوە پەیڕەو کات لە دراماکە هەیە، لە ڕیکلامەکان هەیە، یان ئەوەی کۆمەڵگەکەی دەیەوێت، لە ناخیدا جەنگێک دروست دەبێت، ئەم جەنگە جەنگی قەیرانی ناسنامەیە و نەزانینی پەیڕەوی کامە ڕەفتارە، کە ئەمەش نائارامی دەکات. خۆ ئەگەر پەیڕەوی ڕەفتارە نوێیەکە و نامۆ بە ڕەفتارە نەرێتی کۆمەڵگەکەی کرد، ئەوە تووشی توندوتیژیی و لێدان و کوشتن دەبێتەوە، ئەگەر پەیڕەوی نەکرد چی لە جەنگە ناوخۆییە دەروونییەکەی بکات، ناچار بەشتی تر دەری دەبڕێت کە یان توندوتیژی دەنوێنێت یان تاوان دەکات یان بیر لە ڕێگەی جیاواز دەکاتەوە. جگە لەوەی دەروونناسەکان دەڵێن: هەستەکانی مرۆڤ دەتوانن پێچەوانە ببنەوە ئەگەر ڕێچکەی دروستیان نەبوو بۆ دەربرین. بۆ نموونە خۆشەویستی دەبێتە ڕق، میهرەبانی دەبیتە دڵڕەقی…هتد.
ئەوەشمان بیر نەچیت کە قەیرانە ئابووری و سیاسی و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکان پشکی زۆری بەر ئافرەت دەکەوێت و کاریگەریە قورسەکەی بۆ ئافرەت دەبێت، بە حوکمی ڕۆڵەکەی. ئەمانە و چەندین هۆکی تر وا دەکەن ئافرەت لە میهربەخشینەوە ببێتە ئەنجامدەری تاوانی قورس ودڵڕەقی. بۆیە دەبێت لە خێزانەوە تا دەوڵەت و تا ڕاگەیاندن هەوڵی ژینگەیەکی تەندروست و ئارام بۆ بەرهەمهێنانی ئافرەتێک بدرێت کە سروشتی خۆی پیادەکات نەک دڕندەیی.