نەسرین حەسەن
بە پێی هەواڵێك كە لە “یورو نیوز” بڵاوكراوەتەوە، بانکی ناوەندی ئوسترالیا، بۆ یەكەم جار ئافرەتێك دەكاتە بەرێوەبەری ئەو بانكە، بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیە بۆ یەکەمجارە لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی ١٩6٠ەوە بە ئافرەتێك دەسپێردرێت.ئەو ئافرەتە ناوی”میشێل بولۆک”ە کە بڕیارە شوێنی” فیلیپ لۆی”، بەڕێوەبەری ئێستای بانکی ناوەندی ئوسترالیا بگرێتەوە، خولی حەوت ساڵەی” میشێل بولۆک” لە ١٨ی ئەیلولی ئەمساڵ دەست پێدەکات. جیاوازی مووچەی ئافرەت و پیاو لە کەرتی خزمەتگوزاری داراییی ئوسترالیا زیاترە لە زۆرێک لە سێکتەری دیکەی ئابووری ئەو وڵاته. بەم شێوەیە کەرتی خزمەتگوزاری داراییی ئوسترالیا بە یەکێک لە نایەکسانترین کەرتە ئابوورییەکانی وڵات دادەنرێت لە ڕووی وەرگرتنی مووچەی یەکسانەوە.
- بە پێی هەواڵی “یۆرو نیوز”ئافرەتانی ئۆکراینی کە شان بەشانی پیاوان لە بەرەکانی شەڕدا بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن، كێشەیان لە پۆشینی جل و بەرگی سەربازی هەیە كە ناچارن جلی سەبازیی پیاوان یپۆشن. ئاژانسی “فرانس پرێس” سەردانی مەیدانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی لە شاری کیێڤ کردووە بۆ ڕاپۆرتکردن لەسەر ئافرەتە چەکدارە ئۆکرانیاییەکان و ئاماژەی بەم کێشەیە کردووه. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە 4٢ هەزار ئافرەت لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا خزمەت دەکەن، بەڵام زۆربەیان ناچارن جلوبەرگی شەڕی پیاوان بپۆشن.هاوکات رێكخراوێكی کۆمەڵایەتی ناسراو بە “ئافرەتان چەكدار بكەن” بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هاتۆتە ناو ئەو بابەتە و هەزار جلوبەرگی گونجاوی بۆ ئافرەتە سەربازەكان ئامادەکردووه وبە بەکارهێنانی هاوکاری دارایی ئەو جلوبەرگانەیان بە خۆرایی بۆدابینکردوون.
- ئافرەتان لە كاتی دووگیانی و منداڵبوون ئەگەری تووشبوونیان بە كەمخوێنی زیاترە، بە پێی هەواڵی “ئانلاین” ” مەلیحە عەرەب”،پزیشكی ئافرەت و منداڵبوون لە وڵاتی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک کەسێک بەشی پێویستی هیمۆگلۆبین لە خوێنیدا نەبێت، ئەوا کەمخوێن دەبێت و دەڵێت: هیمۆگلۆبین یارمەتی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ هەموو بەشەکانی لەش و و بۆیە پێویستە لە رێگەی پشكنینەوە ئاگاداری حاڵەتی كەمخوێنی بن بە راوێژكردن بە پزیشكی پسپۆرو چارەسەری پێویست وەربگرن و هەروەها ئەو خۆراكانەی كە مادەی ئاسنی زۆری تێدایە بەكار بهێنرێت. هەر چەندە ئەو پزیشكە پێی وایە هەندێ جار كەمخوێنی تەنیا بە خۆراك چارەسەر ناكرێت و دڵنیاییی دەدات كە بە راوێژ لەگەڵ پزیشكی تایبەت و جێبەجێ كردنی رێنماییەكان ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.