گەرمیان گلی – ههولێر
نووسەرو وەرگێڕ شێرزاد هەینی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، بەشی ڕووپێوی لە ئامۆژگەی تەکنەلۆژیای بەغدا تەواو کردووە، خاوەنی شەش منداڵە و ئێستا لە هەولێر و ستۆکهۆڵمدا دەژیێت. وەک خۆی بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: من هەولێرم زۆر خۆش دەوێت و هەموو کات دەڵێم هەولێرتان باش!
نووسەری ڕاستەقینە کێیە؟
ئەو قەڵەم و هزر و ڕامانەیە، وشەکان، نووسینەکان، دەربڕینەکانی راستگۆیانەیە، نزیکە لە ئەقڵ، دوورە لە سیحر و درۆ. نووسەری راستەقینە، ئازایە، بەرد و دار و ئاسمانیش سەرسام دەکات، هەموو مەرجەکانی نووسین دەتوانیت کەم و زۆر چاوپۆشی لێ بکەیت، تەنیا ئەوەیان نەبێت ئەگەر بۆ گۆڕان و پێشوەچوون و ئازادییەکان نەنووسێت، ئەوەیان چاوپۆشی لێ ناکرێت.
خاوەنی چەند کتێبی ئەدەبییت؟
کتێبەکانی چاپم کردوون، فرە لایەن و فرە ناو و فرە بابەتن و زۆرن، هەموویان لە خۆمەوە نزیکن، لەناو هەولێرن، دوازدە کتێبم چاپکردووە، ناوم ناون ڕۆمانی هەولێر، ئەوانە ئەدەب و میژوو و جوگرافیا و دیدار و گەشت و بیرەوەرین، چەند نامیلکەم بە پەخشان و بیرەوەری لەسەر خۆم و تۆ و ئەوان نووسیوە، وا دەزانم دەقی ئەدەبین، کتێبی “پاسپۆرت”، بیرەوەریی سەفەرەکانمە، باسی خۆم و کامێرا و فڕۆکە و جانتا و دیدارەکانی خۆم نووسیوەتەوە، بەڵام دەقی ئەدەبین، کتێبەکانم جیاوازن، من وا دەزانم بنووسم، وا ڕا هاتووم.
خۆشەویسترین کتێبت کامەیە؟
ئەو کتێبەیە چاپ نەبووە و نەمخوێندووەتەوە، نووسەرەکە نەینووسوە و نەکراوە بە کوردی و عەرەبی، ئەو کتێبەیە نووسەرێکی ڕاستگۆ نووسیویەتی و کاریگەریی هەبووە و دەبێت، نازانم بۆ بەڕێکەوت زۆر لە کتێبی ژنانم کردووە بە کوردی، هیچ مەبەستم نەبووە، هاتوون و خوێندومەتەوە و تەواوم کردون و چاپبوون.
ڕۆژانە سەد وشە دەنووسم” باسێکی بکە؟
ئەو گۆشەیەم یادی یەک ساڵەی نووسینەکانە، یەک ساڵە بەردەوام و بێ دواکەوتن دەنووسم، بە بۆنەی رۆژنی بوونیان ئەوەم بۆیان نووسی، ساڵێکە رۆژانە سەد وشە دەنووسم، بەردەوام بووم لەگەڵیان چوومەتە شار، وڵاتان، سەر چیا بەرزەکانیش. لەو بەرنامەیەدا وشە بە وشە و نووسین و خوێندنەوە، سەیرانم کردووە، لەگەڵ دار و بەرد و ئاووهەوا و رەنگ و چوارچێوە و کتێب و قەڵەم و ژن و پیاو و پیر و گەنجان بووم، لەگەڵ رووداو و کارەسات و مێژوو بەشداربووم.
رۆژانە یەکەم جووڵەم کردبێت دانانی سەد وشەکە بووە، شەوانە نەدەنوستم ئەگەر سەد وشەکەم پۆشتە و خاوێن و ڕێزکراو و دانراوم ساز نەکردبێت. لەو هەناسەدانە رۆژانەیەمدا وشەکان و ژمارەکە و فاریزەکان و خاڵبەندی ڕستەکان، منیان وەک جۆلانە هەژاندووە. هیچ گۆشەیەکم بێ مەبەست نەنووسیوە و نەکردووە. لە داهاتووش گۆشەیەک بێ مەبەست نانووسم، هیچیان بێ ناو و ئەدرێس نانێرم، هەناسەم دەمێنێت کە دەنووسم، کە نووسیم، ئینجا دەژیم و هیوادارم ساڵانە یادیان بکەمەوە و بنووسم.
چیت هەیە بۆ ” شاری هەولێر؟
من بۆ هەولێر زۆرم هەیە، بۆ ئەو شارە قسەم زۆرە، دەپرسن، چییە، چیت لە دڵە، بڵێ، دەڵێم:
لە هەموو شارە گەورەکان، وا هەولێریش بووە بە یەکێک لە شارە گەورەکانی ناوچەکە و جیهان، ناوی لەناو شارانی دونیا دایە.
من لە زۆر کەسانی تر لەناو هەولێر ئیشم کردووە، بەشداری ئیفرازکردنی نیوەی گەڕەکەکانم کردووە، هەر لە گەڕەکی راپەرین و کوردستان و نەورۆز و زۆری تر. یەکەمین رۆژنامەم لەپاش راپەڕین بە ناوی هەولێر لە شارەوانی دەرکردووە، خۆم سەرنووسەر و نووسەر و پەیامنێر و ژمێریار و سەرپەرشتیاری چاپی بووم. لە هەموو کۆڕەکانم ناڵێم ڕۆژباش یان سڵاو، ناڵێم بەخێر بێن، بە میوانەکانم دەڵێم: هەولێرتان باش.
پێوەر و ڕەهەندەکانی بوون بە وەرگێر چییە؟
وەرگێڕەکە لە دەقەکە و کتێبەکە نزیک و هاوبەش بێت، دیارە نامەوێ باسی بنچینەکانی تری زمان و ئەزموون بکەم، چونکە ئەوانە ئامرازی سەرەکی وەرگێڕانن.
بۆ وەرگێڕان، ئەزموونی زۆر یان خوێندنەوەی زۆر؟
هەردووکیان، ئەگەر زۆر نەخوێنیتەوە و زۆر بەدوای دەقی ناوازە نەگەڕێیت ناتوانی دەقی بەردڵان بدۆزیتەوە، من هیچ دەق و کتێب و رۆمانێکم وەرنەگێراوە، ئەگەر سەد لە سەد نەزانم چاپ دەبێت و بڵاو دەکرێتەوە و خوێنەری دەبێت، کار لە هیچ دەقێک ناکەم، ئەگەر نووسەرەکە نەناسم و دەقەکە لە خۆم نزیک نەبێت و نەزانم کار لە خوێنەری کورد ناکات، ئەوە ناکەم ئەگەر نەزانم دەقەکە شەکر و سێبەر و جوانی نەبێت بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی.
بە کێ دەگوترێت وەرگێڕی سەرکەوتوو؟
ئەوەی دەزانێت خوێنەری کوردی چیی پێویستە، ئەوەی باش تێدەگات نووسەرەکە، و دەقە ئەسڵییەکە باس لە چی دەکات و بۆ نووسراوە.
زانینی زمان مەرجە بۆ بوون بە وەرگێڕێکی باش؟
وەرگێڕان واتە زانین و تێگەیشتن و خۆشەویستی بۆ زمانی دووەم، ئەگەرنا وەرگێڕان نابێت.
لە وەرگێڕاندا، تۆ خاوەنی چی فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆتی؟
هەر ئەو فەلسەفە و بەرنامەم هەیە، دەقەکە دروست و دەقاودەق بۆ خوێنەری کورد وەکو دەرمان و چاکە و بەرنامە پێویست بێت. دوو دێڕ لە عەرەبییەوە ناکەمە کوردی، ئەگەر نەزانم کاردانەوەیەکی دەبێت یان بزانم مەبەستێک ناپێکێت، زۆر جار بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمدا زۆر لە نووسەرانی کوردی کە بواریان نەدەبوو نووسینی بە هەڵوێست و بابەتی شیاو و کاریگەر بنووسن، بەدوای ئەو دەقە بێگانانە دەگەڕان و ئیشیان لەناو دەکرد و وەریاندەگێڕایە سەر کوردی کە نزیک بوون لە دەردە کورد، لەو رۆژانەی کورد، شیعری ڤێتنامی و فەڵەستینیان دەکردە کوردی، تا پەیامێک بگەیەنن.
ئەم کتێبانەی کاری وەرگێڕانت بۆ کردووە، چی تایبەتمەندی و جیاوازییەکیان هەیە بە گشتی؟
هەمووان نزیک بوون لە خۆم، وەکو گوتم زۆریان نووسەرەکانیان ژن بوون، ئەوەیان نازانم بۆ، بەڵام زۆری پیاوانم کردووە، دوازدە رۆمانی نووسەری عێراقی “عەلی بەدر”م کردۆتە کوردی، رۆمانی دیستوفسکی و گۆرگی و غاندی و نیلسۆن ماندێلاشم کردۆتەوە کوردی و بڵاو بوونەتەوە، بەتایبەت غاندییەکە پێنج جار چاپ کراوەتەوە.