شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ڕووەك هەوای پەنگخواردەی شەو و رۆژێکی ناو ئۆفیس، بە ٨ سەعات پاڵفتە دەکات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەیەكی خویدا ئاشكرای كردووە، دیوارێكی سەوزی بچووك كە كۆمەڵێك ڕووەكی ناوماڵ لەخۆ دەگرێت دەتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەر پیسكەرە ژەهراویەكان لە هەوای دەوروبەری ئۆفیسەكان تەنها لە ماوەی ٨ كاتژمێردا لا ببات.

ئەم توێژینەوە پشتی بەستووە بە ئامارێكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كە مەزەندەی كردووە كە ٦ملیۆن و ٧٠٠هەزار كەس لە جیهاندا بەهۆی پیسداگەڕانی هەوا گیان لەدەست دەدەن، بەهۆی ئەوەی خەڵك لە سەرانسەری جیهان نزیكەی سەدا٩٠ـی كاتەكانیان لە ژوورەوە بەسەر دەبەن، لەوانەش ئۆفیس، ماڵ یان قوتابخانە، پسپۆڕان داوای ستراتیژی نوێیان كردووە بۆ باشتركردنی كوالێتی هەوای ناوماڵ.
توێژینەوەكانی پێشووتر دەریانخستبوو كە ڕووەكەكان توانای لابردنی كۆمەڵێك پیسكەری هەوای ناوماڵیان هەیە، بەڵام لە دوایین لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە كە ڕووەكەكان توانای پاككردنەوەی دوكەڵی بەنزینی هەیە، كە یەكێكە لە گەورەترین سەرچاوەكانی پێكهاتەی ژەهراوی لە باڵەخانەكاندا لە سەرانسەری جیهاندا.
توێژینەوە نوێیەكە كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای ئەمبیوس بۆ چارەسەری لابردنی ڕووەك ئەنجامدراوە، بەو ئەنجامە گەیشتوە كە دیوارێكی سەوزی بچووك كە تێكەڵەیەك لە ڕووەكی ناوماڵ لەخۆ دەگرێت دەتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەر پیسكەرە زیانبەخش و شێرپەنجەییەكان لاببات.
زاناكان توانای سیستمی دیواری ڕووەكی ئەمبیوسیان لە ژوورەكاندا تاقیكردەوە كە بڕێكی كەم بەنزینی هەڵمكراو لە ناوەوەیدا بوو، هەروەها بەراوردیان كرد بە كاریگەرییەكەی لە ژوورەكانی بێ ڕووەك.
توێژەران دڵنیا بوون لەوەی كە ڕووەكەكان لە ماوەی ٨ كاتژمێردا زیاتر لە سەدا ٤٠ـی كۆی پێكهاتە ئۆرگانیکی هەوایان پاڵاوتووە و لایان بردووە