پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئازاد سوبحی؛ دەنگێک لە بێدەنگیدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

چەند زوو وشەکانیم ناسی، هێندەش درەنگ خۆیم ناسی. ناوە ناوە نووسین و وەرگێڕانەکانیم دەخوێندەوە. بەڵام زۆر درەنگ بەخۆی ئاشنابووم، ئەو ناوێکی سەنگین و نووسەرێکی ون. هەر زوو هاوڕێیەکم کتێبی “دەنگ و سێبەر”ی بە دیاری پێدام و خوێندمەوە، کە کۆمەڵە گوتارێکی گەلێک گرنگ و سەنگین بوو، کە لە عەرەبییەوە کردبوونی بە کوردی. ناوبانگی کتێبە شیعرییەکەیشیم “باخچەکانی باوکم” زۆر بیستبوو، بەڵام نەمبینی بوو. دواجار لە کتێبخانەی هاوڕێیەکی دیکە بینیم و لێم خواست و خوێندمەوە. هەر زوو درکم بەوە کرد، کە لەبەردەم نووسەرێکی ئاساییدا نیم. بەڵکو لەبەردەم نووسەرێکی جیاوازنووس و پڕ مەعریفە و سەنگیندام. ئازاد سوبحی، نووسەرێک کە دەنگێکی کاریگەربوو لەنێو بێدەنگیدا. ئەو بێدەنگی دەنووسییەوە. نەک ژاوەژاو. ئەو هەناسەی دەنووسییەوە، نەک قیژە. ترپەی دڵی دەنووسییەوە، نەک نرکە و ناڵە.

کاتێک ناسیم یەکەم سەرنجم ئەوە بوو، کە مرۆڤێکە بەرجەستەبووی نێو دونیای تێکستەکانییەتی. ئەو نووسەرێکی نمایشی و شاعیرێکی بەهاتوهاوار نەبوو. بەڵکو دەیویست دەنگێک بێت لەنێو ئەو بێدەنگییە ساماناکەی ڕۆشنبیریی کوردیدا. ئەو خۆی بە نووسیندا هەڵنەواسیبوو. بۆ نووسەربوون و شاعیربوون نەدەژیا، بەڵکو بۆ نووسین و شیعر ژیا. ئەوەی لە ئازاد و نووسینەکانی وردبێتەوە دەزانێت نووسەربوون بۆ سوبحی گرنگ نەبوو، بەڵکو نووسین و شیعر لای ئەو گرنگ بوون. بۆیە هەمیشە نووسین دەهات بۆ لای، نەک ئەو بەپیرنووسینەوە بچێت. نووسەرە ڕاستەقینەکان بۆ لای نووسین ناچن، بەڵکو نووسین دەچێت بۆلایان تا بیاننووسێتەوە. ئەوەی لە بەرهەمەکانی ئازادەوە درکی دەکەین سەنگینی وشە و بەهای وشەیە لەنێو تێکستدا. ئازاد وشەی بە فیرۆ نەدەدا، ڕێزی وشە و دێڕ دەگرت. هەر لێرەشەوە کە ڕێزی خوێنەر دەگرێت و دەردەدڵ و وشەی ڕیزکراوی بە شیعر پێ نافرۆشێت.
ئەگەرچی چەند ساڵێکە ژیانئاوایی کردووە، بەڵام هەمیشە لە یادما زیندووە. ئەم هەفتەیە بە بەردەوامی لە خەیاڵمدا بوو. کاتێک لە بازاڕ پیاسەم دەکرد دێڕە شیعرەکانیم دەهاتەوە بیر و هەر لەو ساتانەشدا بیری ئەو پیاسانەم کەوتەوە، کە پێکەوە بە سلێمانیدا کردمان. هەمیشە لە پیاسەکاندا دەمویست ئەو جێگەکان هەڵبژێرێت بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت بە ئازادی خۆی بۆ کوێ دەچیت بچۆ، گرنگ ئەوەیە پیاسە بکەین. پیاسەکان زۆربەی جار بێدەنگی داگیری دەکرد، کەمجار هەبووە گفتوگۆی درێژ بکەین. هەمیشە گفتوگۆی کورت و جارجارەش ئەگەر حەزی لە گۆرانییەک بوایە لەبەر خۆیەوە کۆپلەیەکی دەچڕی. دوای دەیان پیاسە و گەڕانی دوور و درێژ، بۆم دەرکەوت ئازاد مرۆڤێکە بێدەنگی داگیری کردووە. نووسینەکانی دەنگی ئەون. ئەگەر بمویستانە بیدوێنم تەنها بە پرسیار دەکەوتە پەیڤین.
کاتێک پرسیارم سەبارەت بە زۆر نووسەر و بابەتی دونیای نووسین لێ دەکرد هەستم بەوە دەکرد ئاگاداری بەشێکی زۆری نووسەرانە، بەڵام هەمیشە خۆی لە دەربڕینی ڕای خۆی لەسەریان دەپاراست. یان شتێکی زۆر کەمی دەوت، کە قسەی مەتاتیبوون. نازانم ئەمە هۆکاری چی بوو؟ بەڵام من خوێندنەوەم بۆ ئەو حاڵەتە ئەوە بوو کە لە بەشی هەرە زۆری نووسینی ئەو نووسەرانەی بەدڵ نەبوو، کە من پرسیارم لەبارەیانەوە دەکرد، لە کۆتا دووپیاسەدا کە پێکەوە کردمان هەستم بە ڕەشبینییەکی زۆر کرد لە ئێستای نووسین.
ئازاد سوبحی لە نەسلی ئەو نووسەرانە بوو، کە نووسینی وەکو پڕۆژەیەکی جیدی و ژیانی دەبینی. بۆیە کاتێک هەستی دەکرد ناتوانێت شتێکی نوێ دابهێنێت وازی لە نووسین دەهێنا. بە پێچەوانەی زۆربەی نووسەرانی کوردەوە نووسین وەسیلە نەبوو بۆ ئەوەی پێی بگاتە پۆست و پلەوپایە و بۆیە دواساتەکانی ژیانیشی لە بێماڵییدا سەری نایەوە. بەڵام ئەو ئێستا لە ماڵی هەمیشەیی خۆیدایە.