شوان شەفیق
کە دێمە لات!
(جۆگەی شەتاوت وشك دەکەم) پیاوێکی بیابانیم.
زەمەنێکە
شیلە ھەنگوینم نەچەشتووە
دەمم وشکە و تینوویەتیم
لە پنت بە پنتی
لەشی نەرمە شۆخێكدا
نەشکاندووە!
کە دێمە لات!
لە نیوان سێو بەندەکەت
دڵۆپەی خوناو
بە زمانی ئەوین دەسڕم.
دەستێکم
دەکەمە گەردنی مانگ و
دەستەکەی تریشم
لە زەوی دێم گیر دەکەم.
بۆ ڕاگرتنی ئەم ھاوسەنگییە
“پڕگالێك لە دارکی خونچەیەکدا دەچەقێنم”
تا خوولگەی سووڕانەوەم بە دەوریا لێنەگۆڕێ!
کە دێمە لات!
دەترسم لە نێوان سۆزی بڕبڕەکانمەوە
وەچەیەك لەو مەملەکەتەی
عەیامێکە شین نەچۆتەوە
نەڕوێتەوە!
ترس
لە زمان و لێو
لە مژین و گوشین
بە ڕامووسانێك نەلاوێیتەوە.
چین چین ئارەقی تامەزرۆیم
وا وشك دەبێ!
توێژاڵێك زاخ
لەسەر سنگی ماندووم دەنیشێ!
خەیاڵاتێك
لەم ژوورە تاریکەوە دەکەمەوە
خاڵی گۆنای بلووریت
بە تاسەوە دەلێسمەوە
بێ دەنگ بن!
“کیژە شیعرێک” لە شەوی
گیان پێبەخشیندا دەنووسمەوە.