سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق و ناوچەکە لە زیادبووندایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مادەی هۆشبەر لە عێراق لە پەرەسەندندایە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئالوودەی ئەو مادەیە بوون ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات و ئەمەش وای کردووە باند و قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەریش ژمارەیان زیاتر بێت و لەگەڵ ئەمەدا پۆلیس و دادگاکانیش زیاتر بەو جۆرە تاوانبارانەوە سەرقاڵ بن. دوێنێ سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر ١١ قاچاخچیی مادەی هۆشبەردا سەپێنرا.

ڕۆژی دووشەممە، دادگاکانی عێراق سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ هه‌شت بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ركرد کە دوویان بیانین. هەروەها سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر سێ بازرگانیی دیکەی ماده‌ی هۆشبه‌ر سەپێنرا. بەپێی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی دادگای باڵای عێراق‌، دادگای تاوانی ڕه‌سافه‌ له‌ به‌غدا، ئەو هه‌شت بازرگانەی ماده‌ی هۆشبه‌ر کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە بە یەکەوە ٣٤ کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری ئەفیۆنیان لێ گیراوە.
حوکمەکان به‌پێی ماده‌ی ٢٧ی یاسای هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كانی ژماره‌ ٥٠ی ساڵی ٢٠١٧ ده‌رچوون. هاوکات دادگای تاوانی میسانی باشووری عێراقیش، دوو سزای زیندانیکردنی هەتاهه‌تایی ده‌ركرد بۆ دوو تاوانبار، ئه‌وان دوو كیلۆگرام ماده‌ی هۆشبه‌ریان لێ گیراوه‌ و به‌پێی ماده‌ی ٢٨ حوکم دراون. دادگای تاوانی نه‌جه‌فیش، زیندانیی گرتنی هەتاهه‌تایی بۆ تاوانبارێك ده‌ركردووه‌ كه‌ ٦٧٠ گرام ماده‌ی هۆشبه‌ری كریستاڵی پێ بووه‌.
سەپاندنی ئەو سزایانە ئەویش تەنیا لە یەک ڕۆژدا ئەگەر لە لایەک هەنگاوێکی یاسایی بێت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، ئەوا لە لایەکی تر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مادەی هۆشبەر زۆر بە خێرایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە پەرەسەندندایە و ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە قورسە دەکەوێتە سەر شانی دامەزراوە حکومی و ناحکومی و تەنانەت خەڵکی ئاسایی بۆ ئەوەی بەیەکەوە هاوکار بن لە بنبڕکردنی مەترسییەکە.
عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نییە کە مادەی هۆشبەریان لێ بەرهەم دەهێنرێ بەڵام دراوسێی دوو لەو وڵاتانەیە کە لێیەوە زۆرترین مادەی هۆشبەر ڕەوانەی ولاتانی جیهان دەکرێن کە یەکێکیان ئێران و ئەوەی تریان سووریایە.
ئێران سنوورێکی درێژی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان هەژمار دەکرێت کە زۆرترین مادەی هۆشبەری لێیەوە بە قاچاخ دەبردرێتە دەرەوە. حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرەرای ئەوەی کە بەردەوام دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر و گرتنی قاچاخچییان رادەگەیەنن بەڵام نەیانتوانیوە بە تەواوی ڕێ لە هاتنی ئەو مادە ترسناکە بگرن.
جگە لە ئێران، سووریا بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و هاتنەکایەی کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستی و میلیشیای جیاواز لەو وڵاتە، بەرهەمهێنان و بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر زیادی کردووە و دووکەڵی ئەو ئاگرەش تەنیا نەچووەتە چاوی عێراقییەکان بەڵکوو بەڵکوو تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی کەنداوی گرتووەتەوە.
عێراق لەگەڵ سووریادا ٦٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەیە و بوونی کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستی لەوانەش داعش هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. هێشتا بە هەزاران تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە هەن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریشیان کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی خۆیان.
یەکێک لە هۆکانی گەڕاندنەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی پێوەندیدارە بە پرسی مادەی هۆشبەر و وڵاتانی کەنداو دەخوازن حکوومەتی سووریا هاوکاریان بێ لە ڕێگری لەو دیاردە ترسناکە.
ڕۆژی یەکشەممەش دکتۆر فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سوورییەکەی ڕایگەیاند دۆخی تەناهی سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر دۆخی عێراق هەیە و داوای لە حکوومەتی ئەو وڵاتە کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بەهێزتر بکەن چونکە عێراق بووەتە گۆڕەپانێک بۆ قاچاخچییەکان تا لێیەوە مادەی هۆشبەر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازنەوە.
جێی باسە پێشتر چەندین جار لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا دەست بەسەر مادەی هۆشبەری جۆری کیپتاگۆندا گیراوە . لە ئاداری رابردوو لە یەک هەڵمەتدا سەرووی سێ ملیۆن حەبی هۆشبەر لە هەمان جۆر دەستی بەسەردا گیرا.
لەهەرێمی کوردستانیش ژمارەی ئەو قاچاخچی و تاوانبارانەی مادەی هۆشبەر کە لە گرتووخانەکان چاوەڕێی سزا دەکەن، کەم نین، بەڵام تا ڕێگاکانی قاچاخ نەگیرێن و سنوورەکان توندوتۆڵ نەکرێن ئەوا گرتووخانەکان پڕتر و کۆمەڵگەکانیش ئالوودەتر دەبن.