هێمن خەلیل- ههولێر
دكتۆرە (ڕێژنە سەیفەدین حەسەن) مامۆستا لەبەشی كوردی كۆلێژی زمان- زانكۆی سەلاحەدین، ماستەرنامەكەی لە ساڵی (2015) لەهەمان زانكۆ بە دەستهێناوە، بە ناونیشانی ( تایبەتمەندییە زمانییەكانی وشە و ڕستە لە شەڕی دەروونیدا- گوتاری ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بە نموونە). تێزی دكتۆراكەشی لە ساڵی (2021) لە زانكۆی سەڵاحەدین بە دەستهێناوە بە ناونیشانی ( كردەی پلاندانانی ئاخاوتن لە پرۆسەی وانەوتنەوەدا).
تایبەت بە پلاندانانی ئاخاوتن دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵیدا كرد:
لەبارەی پلاندانانی ئاخاوتن دكتۆرە ڕێژنە دەڵێ:” پلاندانان قۆناغی یەكەمی كردەی ئاخاوتنە، كە لە لایەن ئاخێوەرەوە ئەنجامدەدرێت بە هەردوو ڕێگەی زمانی و نازمانی، هەردوو ڕێگاكەش پێویستیان بە پلانی ورد هەیە، تا كاریگەری بكاتە سەر وەرگر و پەیامەكەی بگەیەنێت. لە پرۆسەی وانەوتنەوەدا لەگەڵ ئەوەی دەبێت مامۆستا شارەزاییەكی تەواوی هەبێت لە ڕێگا و شێوازە جیاوازەكانی وانەوتنەوە، گرنگە شارەزاییشی هەبێت لە گەیاندنی زمانی و نازمانی. واتە گرنگی تەواو بدات بە هەڵبژاردنی وشە و ڕستەی گونجاو. ڕستە و دەستەواژەكانی سادە و ڕەوان بن و گرنگی بدات بە هێز و ئاوازەی ڕستەكان و وەستانەكان. خێرایی قسەكردنی ناوەندی بێت و بەرزی و نزمی دەنگ گرنگە. واتە دەبێت قەبارەی دەنگی ناوەندی بێ، نە زۆر بەرز نە زۆر نزم، بە گوێرەی ڕووبەری پۆلەكە بێت. بەكارهێنانی تەكنیكی وەستان لە ناكاو لە قسەكردندا بە مەبەستی ڕاكێشانی قوتابی و كۆنترۆڵكردنی پشێوییەكانی ناوپۆل گرنگە. مامۆستا شارەزایی تەواوی جوڵەكانی زمانی جەستەی هەبێت و لە شوێنی دروستی خۆی بەكاریانبهێنێت. هەموو ئەمانە كاریگەری گەورە دەكاتە سەر پرۆسەی گەیاندنی پەیامی مامۆستا”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەربارەی پڕۆسەی وانە وتنەوە ڕای وایە:” پرۆسەی وانەوتنەوە پرۆسەیەكی دوو لایەنەیە لە نێوان مامۆستا و قوتابی، هەردوو لایەنەكەش خاوەنی سیمای كەسی و كەسایەتی خۆیانن. شارەزابوون و هەبوونی زانیاری لەسەر كەسایەتی یەكتر ئەوەندە پرۆسەی گەیاندن خێراتر دەكات و وا دەكات مامۆستا بە ئاسانی بتوانێت كۆنترۆڵی پۆل بكات. بۆیە وا باشترە مامۆستا لە دەستپێكی ساڵی خۆێندندا لە رێگەی فۆرمی تایبەت بە ناسینی كەسایەتی لە ڕێگەی چەند پرسیارێكەوە، دابەشی سەر قوتابیەكان بكات و لە ڕێگەی وەڵامی پرسیارەكان كەسایەتی قوتابیەكان بناسێت و بتوانێت پۆڵینی قوتابیەكانی بكات لە ڕووی كەسایەتی( داخراو- كراوە )، (هەستی – ئەندێشەیی)، (ئەقڵی – سۆزداری)، (توند – نەرم) . چونكە هەر یەك لەم كەسایەتییانە پێویستی بە هەڵسوكەوت و شێوازی وانەوتنەوەی تایبەت هەیە. زانینی ئەندازەی دەروونی قوتابی ئاسانكاری زۆر بۆ مامۆستا دەكات بۆ ئەوەی ئامانجە پەروەردەیی و زانستییەكانی بە دیبهێنێت.”.
دكتۆرە ڕێژنە لەبارەی كۆنترۆڵكردنی پۆلەوە دەڵێ:” كۆنترۆڵكردنی پۆل لە پرۆسەی وانەوتنەوە و ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام لە پۆلدا بنەمایەكەمی پرۆسەی وانەوتنەوەیە. بۆ ئەم مەبەستە هەر مامۆستایەك رێگا و تەكنیكی تایبەتی خۆی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی پۆل و ڕاگرتنی هاوسەنگی پۆل. لەسەردەمی ئەمرۆدا شێوازی وانەوتنەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و زیاتر گرنگی دەدرێت بە قوتابی كە دەبێت قوتابی سەنتەر بێت و بەشداری كارای هەبێت لە وانەوتنەوەدا. بەرێوەبردنی پۆل دەگەرێتەوە سەر ڕادەی شارەزایی مامۆستا لە تەكنیكی كۆنترۆڵكردنی پۆل و ڕاكێشانی قوتابی بۆ ناو كەشوهەوای وانەكە و دوورخستنەوە و پچراندنی لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی پۆل. بۆ ئەم مەبەستە ناسینی كەسایەتی قوتابی و شارەزابوون لە زمانی جەستە و گۆرینی شوێنی وەستان لە ناو پۆلدا گرنگە. دە بیت مامۆستا خاڵەكانی وەستانی بگۆڕێت و بە پشت بە بەكارهێنانی شێوازە جیاوازەكانی پرسیاركردن لە پۆلدا ببە ستیت و بە پێی كەسایەتی قوتابی هەوڵ بدات پرسیارەكان بگونجێت. بۆ نموونە ئەو قوتابیانەی خاوەنی كەسایەتییەكانی داخراون مامۆستا هەوڵبدات پرسیاری داخراو و كورتی ئاڕاستە بكات واتە ئەو پرسیارانەی بە بەڵی و نەخێر یان یەك وشە وەڵامدەدرێنەوە، ئینجا وردە وردە بەشداری پێبكات. دواتر شێوازی پرسیارەكەی بگۆرێت بۆ پرسیاری كراوە تاكو قوتابی ڕابێت و بتوانێت بەشداری كارای هەبێت لە شیكردنەوەی بابەتەكە. جگە لەمە مامۆستا پشت ببەستێت بە هۆكارە نوێیەكانی گەیاندن بۆ ئەوەی سەرەنجی قوتابی ڕابكێشێت”
هەروەها لەبارەی ڕوونی زمانی وانە وتنەوە دكتۆرە ڕای وایە:” ڕوونی زمانی وانەوتنەوەی مامۆستا كاریگەری زۆری هەیە لەسەر گەیاندنی پەیامە زانستی و پەروەردەییەكانی مامۆستا. بەكارهێنان و هەڵبژاردنی وشەی ڕوون و ئاسان كە قوتابی شارەزایی هەبێت لە بارەیانەوە و، هەروەها هەڵبژاردنی شێوازی گونجاو لە ڕێكخستنی وشەكان لە چوارچێوەی ڕستەدا، واتە ڕیزبوونی كەرەسەكانی لە چوارچێوەی ڕستەدا دروست بێت و دەستەواژەكان، واتاكانیان ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت و لێڵی و تەم و مژی تێدا نەبێت، ئەمە وا دەكات خێراتر و ئاسانتر مامۆستا پەیامەكەی بگەیەنێت. هەرچەندە سروشتی بابەتەكان قورس و زەحمەت بێت. بەڵام مامۆستا دەتوانێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی وشە و ڕستەی ئاسان و ڕوون بۆ قوتابیەكان بابەتەكە ئاسان بكات و بەئاسانی وەریبگرن”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ باس لەگرنگی زمانی جەستە دەكات و دەڵێ:” زمانی جەستە بە گشتی ڕۆڵێكی گەورە و كاریگەری هەیە لە پرۆسەی گەیاندندا. پرۆسەی وانەوتنەوەش پرۆسەیەكی دوو لایەنەیە لە نێوان ( مامۆستا – قوتابی). ئامانجی مامۆستا گەیاندنی پەیامەكەیەتی بە ئاسانترین شێوە. شارەزایی مامۆستا لە زمانی جەستە ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی پرۆسەی وانەوتنەوە. زمانی چاوەكان زۆر شتمان پێ دەڵێن دەربارەی باری دەروونی قوتابی، لەوانە (دڵخۆشی و بێزاری و شەرمنی …هتد)، بۆیە دەبێت پەیوەندی چاو لە نێوان مامۆستا و قوتابی بە شێوەیەكی ڕێكخراو بێت بۆ ئەوەی قوتابی هەست بكات مامۆستا گرنگی پێدەدات و ئاگادارە. زۆر جارمامۆستا تەنها لە ڕێگەی چاوەكانەوە دەتوانێت قوتابی ئاگادار بكاتەوە و ستایشی بكات. هەروەها جوڵەی لێوەكان، دەبێت مامۆستا شارەزایی ئاماژەكانی لێو بێت. جوڵەیەكی لێو بەكار نەهێنێت كە نەشیاو و نەگونجاو بێت لەگەڵ دابونەریت و كلتووری كۆمەڵایەتی قوتابیەكان. ئاماژەكانی دەست دەبێت بەشیوازی دروست بەكاربهێنرێت.چونكە جوڵەی دەستەكان بەشێوازێكی بەر بڵاو بەكاردەهێنرێن لە پرۆسەی گەیاندن. دەبێت مامۆستا جوڵەی دەستەكانی ئامانجدار بن. هەروەها ڕووكار و جل وبەرگی مامۆستا و پاراستنی مەودای دوورو نزیكی لە قوتابیەكانی و، بە ئاگا بێت لەوەی نەچێتە ناوچەی گەرمی قوتابی. بۆ ئەمەش دەبێت جگە لە شارەزایی، ئەوا شێوازی وەستانی مامۆستاكە دەبێت بە شێوازێكی ڕێكوپێك و گونجاو بێت و شوێنی وەستانەكانی لە ناوپۆلدا بگۆرێت و چەند خاڵێك دەستنیشان بكات بۆ وەستان و بەردەوام بیانگۆرێت. ئەمانە كاردەكەنە سەر باری دەروونی قوتابی و وادەكات كۆنترۆڵكردنی پۆل ئاسان بێت و دواجار ژینگەیەكی گونجاو دەرەخسێنێت بۆ وانەوتنەوە”.
لە كۆتاییدا هیوادارم گرنگی زیاتر بدرێت بە بابەتی پلانی ئاخاوتن لە بواری پەروەردە و فێركردندا لە خولەكانی تایبەت بە وانەوتنەوە و شیاندنی مامۆستایان . مامۆستایان زانیاری تەواویان پێبدرێت لەبارەی شێوازی پلاندانان بە هەردوو ڕێگای زمانی و نازمانی و كاریگەرییەكانی پلانی ئاخاوتن كە تاچەند كاردەكاتە سەر گەیاندنی پەیامەكەیان بە ئاسانترین شێوە و كاریگەری لەسەر كۆنترۆڵكردنی پۆل و بەشداریپێكردنی قوتابی بە شێوەیەكی كارا، كە دواجار كاردەكاتە سەر پێگەیاندنی نەوەیەكی پرلە زانست و خاوەن پەروەردەیەكی دروست لە بواری كۆمەڵایەتی. هەروەها توێژینەوەی زیاتر ئەنجامبدرێت لە بواری پلانی ئاخاوتن و كاریگەرییەكانی لە بوارەكانی تری وەك راگەیاندن و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان ….هتد
لە كۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە، گرنگیدانتان بە بواری پەروەردە و فێركردن جێگای دەستخۆشیە و هیوادارم بەردەوام گرنگی بەم بوارە هەستیارە بدرێت، كە پەیوەستە بە بنەمای كۆمەڵگا و پەروەردە كردنی نەوەیەكی تەندروست و وشیار.