سیروان مینەخان
نەوەی (Z Generation) یان ناسراو بە نەوەی Post-Millennials بریتین لەو نەوەی کە لە نێوان ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابووردو و سەرەتای ساڵانی ٢0١0 لەدایک بوون. ئێستە Gen Z 30%ی دانیشتووانی جیهان پێک دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢0٢5، بە ڕێژەی ٢7%ی هێزی کاری جیهانی پێک بهێنێت. ئەوان یەکەم نەوەن کە بە تەواوی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا گەورە بوون، لە جیهانێکی تەواو دەورەدراو بە تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیادا. ئەم نەوە (Gen Z) کاتێک کاردانەوەی سیاسیی دەبێت، ئەگەر ئەو پرس و بابەتە سیاسییانە پەیوەندی بە حەز و ویستەکانیان و بەتایبەتی ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی و پیشە و بێکاری و داهاتوویانهوه هەبێت. بۆیە، ئەو لایەن و حزبانە دەتوانن دەنگی ئەم نەوە بەدەست بێنن بەوەی گرنگی بە حەز و ویستەکانیان بدەن و سیاسەت و گوتاریان بە پێی تێگەیشتن و ڕوانگەی ئەم نەوە دابڕێژینەوە. بۆ بنیادنانی داهاتوویێکی باشتر و زەمینەسازیی بۆ داهاتووی ئەم نەوە، دەبێت لە تەحددی و تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوە نوێیە ئاشنا بین، دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوە بریتین لە:
١- نەوەی دیجیتاڵی: بە شارەزایی لە تەکنەلۆژیا ناسراون، چونکە لەگەڵیدا گەورە بوون. بەردەوام پەیوەستن بە سۆشیال میدیاوە و وەک ئامرازی سەرەکی پەیوەندی بەکاری دەهێنن. بەڵام لەهەمان کاتدا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، دەرفەتی کەمتریان هەیە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەستی بە کۆمەڵ بوون.
٢- هەمەچەشنێتی: نەوەی زێت، هەمەچەشنترین نەوەن، کە هۆشیاری و هەستیاری زیاتری هەیە بۆ پرسەکانی ڕەگەز، سێکس و جۆرەکانی تری هەمەجۆریی.
3- بەڕێوەبەر و کارگێری: ئەم نەوەیە زیاتر ڕوو لە بەڕێوەبردن و
ڕێکخستن دەکەن، ئارەزووی بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکی خۆیان، سەربەخۆترن لە نەوەکانی پێشووتر، ئارەزووی تاکایەتی و هەستکردن بە خودیان هەیە و دەیانەوێت خۆیان دەسەڵاتیان بەسەر
کارەکانی خۆیان هەبێت.
٤- هاوڵاتی جیهانی: ئەم نەوەیە زیاتر لەهەموو نەوەکانی پێش خۆیان ئاگاداری جیهانن و لە پەیوەندی بەردەوامدان، ئەمەش بەهۆی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری و پەیوەندییان بە سەرانسەری جیهان.
5- هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: نەوەی زێت، زیاتر لە نەوەکانی پێشوو هۆشیاری کۆمەڵایەتییان هەیە، ئارەزووی بەهێزییان هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر جیهان دروست بکەن و کار بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بکەن.
٦- تەندروستیی دەروونی: ئەم نەوە، بەهۆی فشارەکانی سۆشیال میدیا و پێویستی بەردەوامی پەیوەندیکردن، بە بەردەوامی تووشی ئاستێکی بەرزی فشار و دڵەڕاوکێ دەبن. دەستنیشانکردنی ڕۆڵ و تایبەتمەندی جیلی زێت گرنگە لە کۆمەڵگادا؛ ئەوان سەرکردە و خاوەنکار و داهێنەری داهاتووی وڵاتەکەمانن. ئەوانن کە ئایندە لە قاڵب دەدەن و کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکەن. گرنگە لە خاڵە ئەرێنی و نەرێنی، لە تایبەتمەندییەکانیان و پشتگیری لە پێشخستنی توانا و گەشەکردنیان بکەین لەکاتێکدا کە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و دەرفەتەکانی سەردەمی دیجیتاڵی دەبنەوە. بەم شێوەیە دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە ئەوان لێهاتوویی، زانیاری و سەرچاوەی پێویسبۆ دابین کراوە لەپێناو دروستکردنی جیهانێکی باشتر بۆ هەمووان. نزیکەی ڕێژەی 35%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار ١5 ساڵ و ٢٨% لە نێوان ١5-٢٩ ساڵدان؛ ئەمە نیشانەی پێکهاتەیەكی گەنجه له ڕووی تەمەنەوە. گرووپی تەمەنی 30 بۆ ٤٩ ساڵ ٢0% و، گرووپی تەمەنی ٤5 بۆ 5٩ ساڵ ١0%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن. ئەو کۆمەڵەیەی تەمەنیان لە ٦5 ساڵ زیاترە، ٤.3%ی کۆی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەم پێیەیش، ئەم نەوە دەتوانێت کاریگەریی قووڵی لەسەر هەڵبژاردن و تەنانەت بەپێچەوانەوە هەڵگیرساندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەبێت. بۆیە هەرێمی کوردستان بەتوندی گیرۆدەی وهڵامدانەوەی ویست و داواکاری و کاردانەوەکانی ئەم نەوە دەبێت، ئەگەر حزبە سیاسییەکان و حکوومەت نەتوانن حەز و ویست و داواکارییەکانیان دەستەبەر بکەن. تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی نێوان جیلی زێت و نەوەکانی سەردەمی پێش ئەوان، گرنگە بۆ بنیادنانی
کۆمەڵگایەکی گشتگیرتر، یەکسانتر و بەهێزتر کە بەهای فرەچەشنی و داهێنان و دادپەروەری لە خۆ بگرێت.