ڕائیب جادر – هەولێر
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەم چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەبێتە بنەما بۆ یاساکانی بودجە و نەوت و گاز. دەشڵێ: ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکات، پشکی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی ١٢.٦٧% جێگیرکراوە، کۆی گشتی دەکاتە شازدە ترلیۆن و شەسەد و نۆھەت ملیار دینار.
دوایی چەندین کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان ھەردوو شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و چەند پرسێکی تری ھەڵواسراو لەنێوان ھەردوولادا، ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژووکرا کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە لەم ڕێککەوتنەدا دەستوور کراوەتە بنەما و دۆسیەی نەوت بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبردرێت، بۆ لەمەودوا ھیچ لایەنێک ناتوانێت ئیڕادەی خۆی بەسەر ھەرێمدا بسەپێنێت، کە ھەرێم پێشتریش ئەمەی قبووڵنەبووە.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵی واژووکرا.
- کەی خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە دەکرێت؟
-دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق کرد، ڕادەستی لیژنەی دارایی کرا، لەو چەند ڕۆژەدا تێبینییەکانی خۆ لەسەر بودجە ئامادە دەکەن، ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای مانگی ٥ پەسەند بکرێت.
*بودجەی ئەمساڵ ھیچ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ بودجەی ساڵانی ڕابردوو؟
-بودجەی ئەمساڵ زۆر جیاوازە لەچاو بودجەی ساڵانی ڕابردوو، بودجەی ئەمساڵ نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لەگەڵ بودجەی پێشخۆی دوو بەرامبەرە، ھەروەھا نزیکەی ٥٠ تڕلیۆن دینار بۆ وەبەرھێنان دانراوە، کە ئەوەش یەکەمجارە ئەو بڕە پارەیە بۆ وەبەرھێنان دابنرێت، سەبارەت بە کوردستانیش پێشھاتی نوێی تێدایە، ماددەکانی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، تاڕادەیەکی زۆر جێگەی ڕەزامەندی لایەنە کوردستانییەکانە.
*پێتوایە ئەمساڵ پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، یان وەکو ساڵانی ڕابردوو دەبێت؟ - ئەمساڵ جیاوازە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ڕێککەوتنێکی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، بەتایبەتی لەسەر مەلەفی نەوت، کە ھەر دوولا نیەتی جددیان ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، ھەر لەبەر ئەوە زۆر گەشبینین، بۆیە بڕواناکەم ئەمساڵ ھیچ بەربەستێک دروست ببێت، دوای ئەوەی بودجە لە پەرلەمان پەسەند کرا، حکوومەت وەکو خۆی جێبەجێ دەکات.
*کەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟
-ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەنجامی باشی بۆ ھەردوولا دەبێت، ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە دەکات، ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کردووە ڕێککەوتنە نەک ڕادەستکردن، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان ھەردوولا، حکوومەتی فیدراڵی تەنھا چاودێری پڕۆسەکە دەکات نەک پڕۆسەکە گشتی لەژێر دەستی بێت و بەڕێوەی ببات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠.٠٠٠ بەرمیل دەفرۆشێت و داھاتەکەی دەچێتە ناو ھەژمارێکی بانکی، کە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، حکوومەتی عێراق ناتوانێت ئەو داھاتە بەکاربێنێت و دەسەڵاتی خەرجکردنیان نییە، بۆیە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەناو بودجە جێگیر کراوە، تەنھا ماوە تورکیا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکاتەوە، بۆیە ئەو بابەتە زیاتر بابەتێکی عێراقییە، نەک ھەرێمی، چونکە بەپێی بودجەی ٢٠٢٣ ئەو چوار سەد بەرمیلەی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، بەشێکە لە داھاتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەگەر بێت و حکوومەتی ناوەند پەلە نەکات لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، داھاتی عێراق کەم دەبێت، بۆیە عێراق پەلە دەکات و ئەو بابەتە چارە دەبێت و لە بودجەدا وەکو ڕێککەوتن جێگیر کراوە.
*کەواتە تا چەند جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی ھەر دوولایە؟
-عێراق ئارام نابێت، تا ھەرێمی کوردستان ئارام نەبێت، عێراق ناتوانێت ھەنگاوی باش بنێت تا کێشەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێم چارە نەکات، دەستەڵاتدارانی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ھەتا کێشەکانیان لەگەڵ ھەرێم چارە نەکەن، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، راستە لە یاسای بودجە ھەموو مافەکانی کورد جێگیر نەکراون، بەڵام جێبەجێ کردنی یاسای بودجە و دانانی بەشی ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتن لەسەر مەلەفی نەوت و گاز، ڕاستەوخۆ ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ڕێککەوتنەکە ببێتە دەرفەت بۆ چارەکردنی تەواوی کێشەکانی دیکەی نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەتی کێشەی ماددەی ١٤٠ و نەوت و گاز.
*پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق چەندە؟
-پشکی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی ١٢.٦٧% جێگیرکراوە، کۆی گشتی دەکاتە شازدە ترلیۆن و شەش سەد و نۆھەت ملیار دینار، ئەو قەبارەی لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان داندراوە، جێگیرە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
*دابەزاندنی نرخی دۆلار کاتییە ؟
-پێشتر چەندین جار رام گەیاندووە نرخی دۆلار دادەبەزێت، ھێشتاش دادەبەزێت و دەگاتە ئەو نرخەکەی کە حکوومەتی عێراق دیاری کردووە، چونکە حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتووە و مەرجەکانی سووک کردووە، ئەگەر لە ئێستەدا عێراق کار نەکات بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانی ئەمریکا نرخی دۆلار جارێکی دیکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئێستە نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت و دەگاتە ئەو ڕێژەیەی کە حکوومەتی عێراق دیاری کردووە.