ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
د. بڕوا هیوا جەمیل پزیشكی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم، باس لە هۆكارەكان و نیشانەكانی نەخۆشینی ژانوبا (ڕۆماتیزم) دەكات و ڕایدەگەیەنێت ڕۆماتیزم نەخۆشینێكی درێژخایەنە و زیاترلە ٢٥٠ جۆری هەیە، بەڵام هەندێكیان كورتخایەنن.
د. بڕوا هیوا کە هاوكات بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاریی ڕۆماتیزم و ڕاهێنانی پزیشکییە لە سلێمانی دەربارەی كارەكانی سەنتەری ڕۆماتیزم ڕوونی دەكاتەوە كە سەنتەرەكە پێك هاتووە لە دوو بەشی سەرەكی؛ بەشی چارەسەری نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەكان و بەشی چارەسەری سروشتی، كە بەشێكی سەرەكییە لەم سەنتەرەدا و ڕۆژانە نزیكەی حەفتا هەشتا نەخۆش چارەسەری سروشتی وەردەگرن و رێژەكەش لە %70 ژنانن و ئەوانی تر پیاوانن.
نەخۆشی تر هەیە وەك نەخۆشی سەدەفی ڕۆماتیزمی یان نەخۆشی گورگەسوورە و نەخۆشی ڕەقداگەڕانی پێست بە گشتی؛ ئەمانە لە جۆرە باوەكانن و درێژخایەنن و سەردانمان دەكەن و دەرمانە درێژخایەكانی ئەم نەخۆشانە بە شێوەی دەفتەر لە سەنتەرەكەماندا سەرف دەكرێت و نەخۆشەكان مانگانە سەردانمان دەكەن.
ئەو نەخۆشخانە كامانەن دەتوانن سەردانی ئەم سەنتەرە بكەن؟
د. بڕوا هیوا: نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزم و جومگە، ڕۆژانە نزیكەی 150 بۆ 200 نەخۆش سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن و چارەسەر وەردەگرن، ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن بە دوو شێوە دێن یان ڕاستەوخۆ دێن یان لە ڕێگەی خەستەخانەی شار یان لە رێگەی نۆرینگەكانەوە دێن.
ئەو نەخۆشانەی دێن زیاتر دەناڵێنن بە دەست ئازارێكی درێژخایەنی جومگە و ڕۆماتیزمەوە یان بڕبڕەی پشت و جومگەی ئەژنۆ و جومگەكانی تریان و، بێ هیچ ئیحالەیەك دەتوانن سەردان بكەن. هەندێك لە نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەكانی ترەوە دێن یان لە دەرەوەی شارەوە دێن و ئیحالە كراون، لێرە چاویان لێ دەکەن و چارەسەریان بۆ دەكرێت، چەند شێوازێك بینیمان هەیە.
جۆرەكانی نەخۆشینی ڕۆماتیزم چیە؟
دەتوانین نەخۆشیەکانی ڕۆماتیزمی پۆلێنیان بكەین بە چەند جۆرێك و زۆرترینیان نەخۆشی ڕۆماتیزمی خوێنە و ناسراوە بە ڕۆماتۆیید و ئەم نەخۆشانە زۆر سەردانمان دەكەن لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشانە پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە و دەفتەری درێژخایەنی ڕۆماتیزمەیان هەیە و مانگانە دەبێت پزیشكی پسپۆڕ بیبینێت و چارەسەری بەردەوام وەربگرێت.
ڕۆماتیزم نەخۆشیەكی درێژخایەنە و زیاترلە 250 جۆری هەیە، بەڵام هەندێكیان كورتخایەنن وەك ڤایرۆسیەكان یاخود گرژداگەڕانی ماسوولكە و هەوكردنی سادە لە ماوەی مانگێك چارەسەر دەبێت بە دەرمانێكی سەرەتایی، بەڵام بەشێكی تریان درێژخایەنە و ئەو نەخۆشانە زیاتر سەردانی سەنتەرەكەمان دەكەن و پێیان دەوترێت ڕۆماتیزمە درێژخایەنەكان وەك ڕۆماتیزمی خوێن یان ڕۆماتیزمی سەدەفی یان ڕۆماتیزمی بڕبڕەی پشت كە بە ڕەقداگەڕانی بڕبڕەی پشت ناسراون.
نیشانەكانی ڕۆماتیزم چیە؟
د. بڕوا هیوا: لە نیشانەكانی ڕۆماتیزم سوورداگەڕانی پێڵووی چاو و هەوكردنی بەرگی چاو یان ئەو كەسانەی پەڵەی پێستیان هەیە و بەشێكی زۆر لە ژانوبادارەکان (ڕۆماتیزمدارەکان) دەناڵێنن بە دەست چەند نیشانەیەك وەك برین و هەوكردنی چاو یان برینی پێست یان پەڵەیەكی بێزاركەر لەسەر پێستیان یان لەسەر پەلەكانی دەست و قاچیان دروست دەبێت ئەمانەش هەندێكجار لە سەرەتای نەخۆشیەكەیان قۆناغێك لە قۆناغەكانی نەخۆشیەكە تووشیان دەبێت.
سەرەتاییترین نیشانەكانی ڕۆماتیزمە كەسێك گومان بكات ڕۆماتیزمەی هەیە بریتیە لە ئازار و دواتر ئازارەكە دەبێتە ئاوسان یان ڕەقداگەڕانی جومگە یان سووربوونەوە و گەرمداگەڕان، ئەمانە پێنج نیشانەی سەرەكیی ڕۆماتیزمە لە نەخۆشدا و هەركەسێك ئەم نیشانانەی هەست پێكرد لە جومگەیەك یان لە چەند جومگەیەكیدا وا باشترە لە زووترین كاتدا سەردانی پزیشكی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم بكات تاوەكو نیشانەكانی هەڵبسەنگێنێت.
هۆكارەكانی رۆماتیزم چیە؟
د. بڕوا هیوا: هۆكارەكانی ڕۆماتیزم دابەش دەبێت بۆ دوو هۆكار و سەرەكیترین هۆكاری نەخۆشی ڕۆماتیزم بۆماوەییە واتە نەخۆشەكە لە باوانیەوە هەڵگری کنێت (جینات)ـی ڕۆماتیزمە لە دایك یان باوك یاخود باوانی سەرووترەقە بۆی ماوەتەوە و بە هۆی ئەم جیناتەوە ئەگەری توشبوونی زیاترە بەراورد بە كەسێكی ئاسایی.
هۆكاری ژینگەیی كاریگەری هەیە لەسەر دەركەوتنی نیشانەكانی ڕۆماتیزم لە تەمەنێكدا و لە هۆكارە ژینگەییەكان (قەڵەوی، جگەرەكێشان، سەرمابوون، خواردنەوە كحولیەكان، خواردنی مزیڕ و نەبێوەی، نەجووڵان، ناجێگیریی حاڵەتی دەروونی) هەروەها هەندێك جۆری خواردن بۆ هەندێك جۆر ڕۆماتیزم كاریگەرن و دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەكانی لە تەمەنێكدا.
تووشبوون بە ڕۆماتیزم پەیوەستە بە تەمەنێكی دیاریكراوەوە؟
د. بڕوا هیوا: ڕۆماتیزم تەمەن ناناسێت، لە منداڵی شەش مانگانەوە بگرە هەتا تەمەنی پیری، بەڵام بەشە زۆرەكەی نەخۆشی ڕۆماتیزم دەتوانین بڵێین لە 70% بۆ لە80%ی ژنان تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن لە سەروو تەمەنی 50 بۆ 60 ساڵانەوە، واتە زۆربەی ژانوبادارەکان لەو تەمەنەدان.
چارەسەری ڕۆماتیزم چیە؟
د. بڕوا هیوا: رۆماتیزم پاش ئەوەی دیاری كرا و جۆرەكەی دەستنیشان كرا چارەسەری تەواو وەردەگرێت و لە هەندێك نەخۆشدا بە دەرمان لەوانەیە چارەسەر نەبێت، لەوانەیە پێویست بە دەرزی جومگە بكات و دەرزی دژەهەوكردنی جومگە یاخود چارەسەر بە دەرزی بایەلۆجی و دژەڕۆماتیزمە بەهێزەكانی بۆ دەكرێت و هەندێجار ئەگەر لە قۆناغە كۆتاكانیدا بێت جومگەكە خوار بووە و لەكار كەوتووە؛ لەو كاتەدا پێویست بە نەشتەرگەری دەكات و زۆربەی كات نەشەرگەریەكە بریتیە لە گۆڕینی جومگە.