دلۆڤان رەحیم – ههولێر
لەدوای ئەو هێڕشەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، مشتومڕەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتە لووتکە، بەکارهێنانی خاکی کوردستان دژی وڵاتێکی دراوسێ لە دوو ڕۆژی رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر کرا. ئێستا تورکیا لە ئاستی باڵادا یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ کراوە و دەڵێ پەیوەندی نزیک و پتەویان پێکەوە هەیە.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای نزیکی حکوومەتەکەی ڕایگەیاند: پەکەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە، ئێمە کە لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ دەکەین، نکۆڵی لێ دەکەن.
قسەکانی چاوشئۆغڵو لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 8ـی مانگ بە درۆن هێڕش کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی مەبەستیش تیرۆرکردنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بوو. بەرپرسانی هەسەدە و مەسەدە ڕایانگەیاند کە ئەوان لە سلێمانی بوون، هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکاش پشتڕاستیان کردەوە کە سەربازی ئەمریکی لە نزیک شوێنەکە هەبوون، لێکۆڵینەوەش لەو پرسە وەکو ئەمریکا دەڵێ، بەردەوامە ، چاوشئۆغڵو لە قسەکانی دا لەگەڵ aHaber باسی ئەو هێرشەی نەکرد .
بەرپرسانی عێراقی تورکیایان تۆمەتبار کرد بەو هێڕشە، بەڵام هێشتا تورکیا ڕاینەگەیاندووە کە ئەوان هێڕشەکەیان کردووە یان نا؛ بەڵام ڤەدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: پێنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە هێڕشەکە دەکات و ئەوان دژی هەر هێڕشێکیشن کە زیان بە سەربازانیان لە عێراق بگەیەنێت .
ئارۆن شتاین، شارەزای کاروباری ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ : ئەنقەرە بە سادەیی ئەوە هەڵدەبژێرێت کە ئەمریکا لە هەنگاوەکانی ئاگادار نەکاتەوە، لەکاتێکدا ئاگاداری هەموو دۆخی سلێمانی نییە. .
ئەو دەڵێ: ئەمریکا زیاتر چاوی لەسەر شەڕی داعشە و پێی گرنگترە، لەجیاتی ئەوەی چاوی لە شارێك بێت کە هیچ بەرژەوەندی ئاسایشیی ئەمریکای تێدا نییە. پیتەر گاڵبرێس باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا و شارەزای کاروباری عێراق، دەڵێ: هەوڵی کوشتنی دوو بەرپرسی کورد لەو ناوچەیە، کارێکی عاقڵانە نییە.
هاوشانی ئەوە، سێ ڕۆژ پێش ئەو هێڕشە درۆنییە، گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیاش بۆ سلێمانی وەستێنران، تورکیا لەو باوەڕەدایە کۆریدۆرێکی تیرۆر لە نێوان سلێمانی و سووریا دروست بووە. چاوشئۆغلو لەوبارەوە ایگەیاند: بە گوێرەی زانیاریی ئێمە ئەو هەلیکۆپتەرەی ماوەکانی پێشوو لە دهۆک کەوتە خوارەوە، پەکەکە لە فەرەنسای کڕیوە و دواتر ئەو کارەی پێ کراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها دەڵێ فڕۆکەخانەی سڤیل کە هەموو کەس بەکاری دێنێت، لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەکارهێنراوە، پەکەکە فڕۆکەخانەی سڤیلی قۆستووەتەوە بۆ کارەکانی لە سلێمانی و یەکێتیشی کۆنتڕۆڵ کردووە.