شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کورستان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان لەژێر ڕۆشنایی کارنامەی حکوومەتدا، گۆڕانەکان تەواوی جومگەکانی گرتووەتەوە لە سێکتەرەکانی حکوومەتدا، بەڕێوبەری بانکی نیشتیمان، کە بانکێکی حکوومیە و لقی بانکە بازرگانیەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوورییە و بە دایکی بانکەکانی ھەولێر ھەژمار دەکرێت، پەنجە دەخاتە سەر ئەو گۆڕان و خزمەتە بەرچاوەی پێشکەشی ھاووڵاتیان دەکرێت لە کاتی مامەڵە جیاوازەکانیاندا.
- لە ماوەی کارکردنتاندا توانیووتانە چ گۆڕان و ئاسانکارییەک لە کاری بانکی دا پێشکەش ھاوڵاتیان بکەن؟
- لە سەرەتای کارکردنم وەک بەڕێوەبەری نوێی بانکی نیشتمان لە سەنتەری شاری ھەولێر، ھەستم کرد جۆرێک بێسەروبەری و کەموکوڕی و بێبەرنامەیی لە ئیدارەدان لە کاری بانکیی لەم بانکەدا دیاربوو؛ کە ئەم بانکە بانکێکی حکوومیە و کۆنترین بانکی شاری ھەولێرە پێشتر بە بانکی (ڕەشید – ھەولێر١٧) ناسرابوو، پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بانکی نیشتمان، ھاوکات لقێکیشە لە بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێم. بەر لەوەی منیش دەست بەکاربم چەند کێشەیەکی تایبەتی ھەبوو، بەو پێیەی زۆرترین ھاووڵاتی سەردانمان دەکەن و بە دایکی بانکەکان دادەنرێت، چونکە کۆنترین بانکی ھەولێرە و زۆرترین ھەژماری بانکی لێرەدایە و ساڵانەش چەندین کارمەندی بە توانا پێدەگەیەنێت و زۆریشیان ئەمساڵ خانەنشین دەبن؛ تەواوی بەشەکانیشم گۆڕی لە ڕووی ھەیکەلی و گۆڕانی شوێن و کاری فەرمانبەرەکان و بەدواداچوونی نوێ بۆ دۆسییەکانی دیکەی وەک قەرزە بازرگانیەکان و ئاسانکارییەکان و دۆسیەی مردووان و (صندوق امان) و سندووقی (ئەمان)، ئەو سندوقەیە، کە تەنیا لە بانکەکەی ئێمەدا ھەیە و ھیچ بانکێکی تر نییەتی، کە تایبەت دەدات بە ئەوانەی لە بانکەکەمان بۆ دانانی پارە و بەڵگەنامە گرنگەکانیان لەوێ ھەڵدەگرن و تایبەتن بە کارەکانی خۆیان.
- چیتان کردووە بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی ڕۆتین لە مامەڵەی ھاوڵاتیاندا؟
- ھەوڵمانداوە زۆرترین چاکسازی و ئاسانکاری لە سیستمی بانکیدا بکەین، ئێستا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە پشت بەستن بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانیەکان کە سەرجەم بانکەکان لەژێر سەرپەرشتی بانکە بارزگانیەکان کار دەکەین، توانیمان ڕێژەیەکی بەرچاو لە کارەکانی بانکی بە ئەلیکترۆنی بکەین بۆ خێرایی ڕاپەڕاندنی کارە بانکیەکان و کەم کردنەوەی ڕۆتین بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
بە نموونەش چەندین دۆسیەی کەڵەکەبوو مابوونەوە، کە توانیم بە شەخسی چارەیان بکەم و داھاتێکی زۆریش بەڕێگەی یاساییەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێنینەوە، کە بڕەکەی دەگاتە شازدە ملیار دینار. قەرزێکی ئاسانکاریی و بارزگانی ھەیە لە پێشووتردا دراوە بە ھاوڵاتیان، بەداخەوە کە نەگەڕابووەوە بۆ حکوومەت. بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی بەدواداچوون و ھەماھەنگی، توانیمان ئەو جۆرە قەرزانە بە ڕێگەیەکی یاسایی لە وەبەرھێنەران و ھاووڵاتییان وەربگرینەوە. - قەرزەکانی حکوومەت تەنیا لای ھاووڵاتییە یان وەبەرھێنەران؟
- زۆربەی ئەوانەی قەرزیان لە بانکی (نیشتمان) کردووە وەبەرھێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان و سەرمایەداران بوون، ھاوکات ھاووڵاتی ئاسایشی تێدا دەبینرێت، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی پێشوو چەند جۆرە قەرزێکی وەک ھاوسەرگیریی و قەرزی گەورەی عەقاری و ھتد.. دراوە بە وەبەرھێنەران، ئەمەش لە ڕێگەی بە ناوکردنی موڵکێک بۆ ئەوەی لە داھاتوو حکوومەت بە مافی خۆی بزانێت فشار لە وەبەرھێنەر بکات قەرزەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە. لێرەشدا ئێمە توانیمان بە ڕێگەی فەرمانگەی تاپۆ و فەرمانگەی جێبەجێکار (تەنفیز) ئەو قەرزانە بگەڕێنینەوە بۆ خەزێنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
•* دەگوترێت ئێوە لە سندوقی (ئەمان)ـدا زۆرترین داھاتتان خستووەتە سەر خەزێنەی حکوومەت لە کاتێکدا ئەو سندوقە پارەی ھاووڵاتییانە ئەمەیان چۆن؟
(سندووقی ئەمان) تایبەتە بەو ھاوڵاتییانەی ساڵانێکی زۆرە لەم بانکەدا دایانناوە و بەپێی یاسای بانکی دەبێت ساڵانە بڕێکی کەم وەک (عمولە) بە حکوومەت بدەن و کلیلی سندووقەکانیش لای خۆیانە، دوای بەدواداچوون و زانیاری وردم بۆ ئەو سندووقانە کە دەگاتە (٥٧٠) سندووق، بۆ ئەو مەبەستە لیجنەیەکمان پێکھێنا و دەرکەوت (٢٠٠) سندووق چالاکە و تەنیا مافە بانکیەکەی نەداوە، کە عمولەیە، ئەو سندووقانەش بەپێی قەبارەکانیان باجەکانیان زیاترە، دوای ئەو بەدواداچوونەشمان بۆمان دەرکەوت نزیکەی ١٠٠ سندووق خاوەنەکانیان دیارنین کە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئەمڕۆ سەردانیان نەکردووە و ھیچ وارسێکیشیان نییە و ڕەنگە ھەر لە ژیاندا نەمابن، بۆیە ئێمە ڕێکاری یاسایمان گرتووەتەبەر و نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان کردووە و دواتر لە ڕێگەی ڕۆژنامەکان و فەرمانی دادگای ھەولێرەوە ئاگاداری بڵاودەکەینەوە، بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان بێن و سندووقەکانیان بکەنەوە گەر زانیمان نەماون ناچارین بە ڕێگەی یاساییەوە دەیکەن بە داھات بۆ حکوومەت.
- ئێوە ڕاوێژتان پێکراوە بۆ ڕێکخستنی پڕۆژەی ھەژماری من، کە پڕۆژەیەکی نوێی حکوومەتی ھەرێمە بۆ سیستەمی دابەشکردنی مووچە؟
- لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە بازرگانییەکان و کەرتی تایبەت و بانکی ئەھلی و حکوومی ھەژمارێکی تایبەت بۆ وەزارەتەکان و فەرمانگە حکوومیەکان دەکەینەوە، بە ڕێگەی سیستەمی (ATM) مووچەکانیان لە لای ئێمەوە وەربگرن، ئەو سیستەمەش جێگرەوەی سندووقە بانکییەکان دەبێت، فەرمانبەران یان سەرمایەداران دەتوانن بە ویستی خۆیان بڕی پێویست ڕابکێشن و ئەوەی کە دەیانەوێت پاشەکەوتی بکەن لە نێو کارتەکانیان دا بھێڵنەوە و ھەر فەرمانبەرێکیش کۆدێکی تایبەت بەخۆی ھەیە و کەس ناتوانێت لە جیاتی ئەو پارەکەی وەربگرێت. حکوومەت زۆر بە جددی لە ھەوڵدایە بۆ کاراکردنی ھەژماری من، کە خزمەتێکی گەورە پێشکەش خەڵکی کوردستان دەکات، ھاوکات فەرمانبەران و خانەنشیانان مووچەکانیان بەبێ نۆرە گرتن دەتوانن لە ڕێگەی کارتەکانیانەوە وەربگرن.
- قەرزی بچووک و قەرزی گەورە دەدرێت بە ھاوڵاتیان؟
- بەداخەوە ئێستا ھیچ جۆرە قەرزێک لەم بانکە و گشت بانکە حکوومیەکان نادرێت بە ھاووڵاتییان، بەڵام لە پێشووتردا چەند جۆرە قەرزێک دراوە و تا ئێستاش بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیجنەیەکی تایبەتمان پێکھێناوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە، ھەر کاتێکیش حکوومەتی ھەرێم گەیشتە ڕێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەوکاتە بەپێی ڕێنمایی نوێ دەست دەکەینەوە بە پێدانی قەرز بە ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێم.
- جیاوازی ئێوە و بانکە پڕۆفیشناڵەکان چیە؟
- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، کە بە سیستەمێکی بانکی دیجیتەڵی یاخوود ئەلیکترۆنی بکرێتە ھاوشێوەی بانکە جیھانییەکان و کەرتی بانکیش بەرەو پێش بخرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریداوە بانکێکی مەرکەزی بکاتەوە بە ناوی (بانکی نیشتمان)، سەرجەم بانکەکانی ھەرێمی کوردستان گرێ دەدرێت بەم بانکەوە، ئێمەش ھەموومان دەبین بە لقێک لەو بانکە، کە گرێدەدرێت بە عێراق و وڵاتانی دنیا و پڕۆفیشناڵیەتیش لە کاری بانکی کارکردنی ئەلیکترۆنیە و ڕۆتین ناھێڵێت، ھاوکات ئەگەر ھاتوو وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی بدات بە کردنەوەی بانکی مەرکەزیی نیشتمان ئەوکاتە بانکەکە لەگەڵ عێراق و جیھانی دەرەوە دەبەسترێتەوە.