پیرۆزیە‌تی مانگی ڕە‌مە‌زان و خاكی كوردستان

عومەر چنگیانی

گەرچی ئەو ناونیشانە بۆ هەفتەی ڕابردوو توێشووی دوو گوتار بوون کە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی پێشنیازمان کردبوو بە مامۆستا بەڕێزەکان، لای خۆمەوە بە ئەرکم زانی هەردوو بابەتەکە لە دووتوێی ١٩٤ەمین گوتاری جومعانەم لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا لە نۆی ڕەمەزانی ١٤٤٤ بەرانبەر بە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٣ جێ بکەمەوە و، لێرەدا پوختەیەکیان دەخەمە بەردیدی
ئێوەی بەڕیز.
یەکەم/ رەمەزان، مانگی قورئانی پیرۆز:
خودای گەورە لە ١٨٥ەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا دەفەرمێت: (مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە کە قورئانی تێدا نێردراوەتە خوارەوە و ڕێنماییە بۆ مەردمیەل و بەرچاوڕۆشنیبەخش و ناوەنگیری نێوان توولەڕێگاکان و ڕێگای هەق و ڕاستییە). ئەم ئایەتە پڕلەبەخشش و پیرۆزە لەم لاوە گرنگیی ئەم مانگەمان بۆ دەردەخات، لەو لاوە گرنگیی قورئان؛ بەجۆرێک مرۆڤ لەم مانگەدا زیاتر لەو مانگەکانی تر ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی سوود لە قورئان وەربگرێت، بۆمان دەردەکەوێت مرۆڤ بە درێژایی شەو و لە پەڕی ڕۆژدا قورئان دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرێت، پێغەمبەری خودا، دروود و ساوی خوای لەسەر، دەفەرمێت: (ئەوەی پیتێك لە قورئان بخوێنێتەوە دە بەرانبەر خێر و چاكەی بۆ دەنووسرێت، من ناڵێم (الم) پیتێكە، بەڵكو ئەلیف پیتێكە و لام پیتێكە و میم پیتێكە). بیرکردنەوە لە قورئانی پیرۆز؛ خودای گەورە لە بیستونۆهەمین ئایەتی سورەتی(ص)دا دەفەرێت: (ئەم کتێبەمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە کە هەم پیرۆز و بەفەڕ و پڕلەبەخششە و، هەمیچ بۆ ئەوەم ناردووە، تا لە ئایەتەکانی ورد ببنەوە و، بۆ خاوەن ئەقڵ و ئیدراک و هەستە بەرزەکان ببێتە هۆکاری بەرچاوڕوونی و لێوردبوونەوە). کەواتە تێڕوانینەكە بریتییە لە سەیرکردنی دەرئەنجامی شتەکان و سەرنجدان لێیان و تێڕامان لە قورئان؛ واتە سەیرکردنی سەرەتا و بنەتای شتەكان، پاشان جار لە دوای جار و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بەم ئایەتەدا، هەروەكو ئیمامی تەبەری خوای لێ رازی بێت لە شیكردنەوەی ئەم ئایەتەدا دەفەرمێت: بەجۆرێک کە بیر لەو بەڵگانەی خودا بکەنەوە کە تێیدایە و، بزانن خودا چ یاسایەکی تێدا داناوە،
هەتا فێر ببن و کاری لەسەر بکەن. بەرجەستەکردنی قورئان لە ژیانماندا؛ ژیان لەگەڵ قورئان، ژیانە لەگەڵ خوای گەورەدا، بۆیە کاتێک مرۆڤ قورئان لە ژیانیدا بەرجەستە دەکات، وەک ئەوە وایە لە سەفەری ژیانیدا لەگەڵ خوای گەورەدا بژیێ؛ بۆچی نا، خوا ئەو ڕووناکییەیە کە ڕووناکی بە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دەدات، هەر خواش رێبەری گەشتەكانی ژیانیەتی، هەروەكچۆن گەشتیارێك حەز دەكات بەڵەد و رێبەرێكی لەگەڵدا بێت و بزانێت گەشتەكەی لە کوێوە دەست پێدەكات و لە كوێ دەگاتە جێ؟ بە هەمان شێوەیش مرۆڤی بسڵمان پێویستە بۆ گەشتی ژیان قورئانی پیرۆز لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ ئەوەی ببێتە ڕێنوێنی بۆ
ژیانی، نەبادا گومڕا ببێت یان بەدبەخت.
دووەم/ پیرۆزیەتی خاکی کوردستان:
ئەو کاتەی سەرپێچییەکانی مرۆڤ لە سەردەمی (نوح)ی پەیامگەیێنی خوادا، ساوی خوای لەسەر بێ، دەگاتە قۆناغی بەناخداچوون و نغرۆیی و داڕمانی بەهاکان و، بڕیاری پڕ لە تۆڵە و خەشمی خوا بۆ مرۆڤەکان دەردەچێت و، بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، خواگیان، نوح ڕینمایی دەکا کە چۆن بپاڕێتەوە و لە بیستونۆیەمین ئایەتی سوورەتی (موئمینون)دا دەفەرمێت: (فەرمانمان بۆ دەرکرد بێژە ئەی پەروەرێنی من لە شوێنێکدا لەنگەرم پێ بگرە و بمگیرسێنەوە کە پیرۆز بێت. کە هەر خۆت باشترین مەنزڵگا بۆ خەڵک هەڵدەبژێری و باشترین خانەخوێیت). کە ئەوە بوو وەک لە چلوچوارەمین ئایەتی سوورەتی (هود)دا هاتووە کەشتییەکە لەسەر چیای جوودیدا لەنگەری گرت، جودییش دەکەوێتە باکووری کوردستان، نزیک شاری (شرنخ) واتە شاری نووح؛ کەوابوو تاکی کورد نەک هەر مافی خۆیەتی کوردستانی خۆش بوێ بەڵکو نیشتمانویستییەکەی ئەرکە؛ وەکچۆن چونکە قورئان، قودسی لا پیرۆزە و بە پیرۆزی داناوە، بە هەمان کێش و پێوەریش دەبێ کوردستانی لا پیرۆز بێ و نیشتمان و خاکخۆشەویستیەکەیشی کارێکی پیرۆزە و پەیامگەیێن، دروود و ساوی خوای لەسەر، کاتێ کە لە مەکە وەدەر نریا، لە دەرەوەی شارەکەوە ئاوڕێکی بۆ دواوە دایەوە و بە حەسرەتەوە فەرمووی: (ئای کە شارێکی خۆش و جوان و شیرین و قەشەنگیت بە لای منەوە؛ گەربوایە و خەڵکەکە وەدەریان نەنامایە لە هیچ جێگایەکی تر نەدەحەوامەوە و نیشتەجێ نەدەبووم) (١). کەوابوو خۆشویستنی شارە پیرۆزەکەی مەککە بەشێك بوو لە ڕێبازی خۆشەویستمان، دروود و ساوی خوای لەسەر بێ؛ مەبەست لە نیشتمان، ئەو زێد و خاکەیە کە لەوێ لەدایک بووینە؛ نیشتمان بەهای مەعنەویی مرۆڤە، بۆیە مرۆڤی بێنیشتمان هێزە مەعنەویەکەی نامێنێت، چونکە مرۆڤ هەر بە سرووشتی خۆی، هەمیشە وابەستەی نیشتمانەکەیەتی.

ھەواڵی زیاتر