ڕۆژووەوانان، زۆربەیان بە ڕۆژدا خەوەنووچکە دەیانباتەوە؛ بۆچی؟

بەشێكی زۆری ڕۆژووەوانان لەبەر شەوبەیاریکێشان و کەمخەوی، بە ڕۆژدا هەر خەواڵوون و، بە ڕێکوپێکی كاری خۆیان پێ بەڕێ ناکرێ.

ڕێکخستنی خەوی شەوان، زۆر گرنگە؛ شەوان زوو بخەویت تاوەکو بتوانیت پارشێوان لەکاتی خۆیدا هەڵبستیتەوە و بە ڕۆژ لە کاتی کاردا چالاک بیت و خەوەنووچکە نەتگرێ. 

د. سەفوەت عەبدولكەریم خۆشناو، پزیشكی شارەزای فریاكەوتن ڕوونی دەكاتەوە كە خەوی ڕێکخراو دەبێتە هۆی چالاککردنی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین کە لە خەوی رۆژدا دروست نابێت.

ئەو پزیشكە، ڕۆژووەوانان مۆچیاری دەكات كە پێویستە: گرنگی زۆر بە پارشێوکردن بدرێت و نابێت پارشێو نەکەیت، ەهیچ بیانوویەک؛ بڕێکی پێویست لە ئاو شلەمەنی و خۆراک بخورێتەوە بۆ ئەوەی جەستە تووشی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو نەبێت. هەروەها لەسەرەتای ڕۆژووکردنەوەدا پێویستە بە خورما و ئاو بەربانگ بکرێتەوە؛ بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئاو و شەکر بگاتە جەستە، بۆ دوورکەوتنەوە لە دابەزینی شەکر لە خوێن و وشکداگەڕنی جەستە. هەروەها گرنگیشە كە بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا برسی و تینووت نەبێ لە کاتی پارشێودا دوور کەونەوە لە خواردنی چەور و سوێر؛ هەوڵ بدەن خواردنی تەندروست بخۆن.

ئەو پزیشكە ئامۆژگاری ڕۆژوانان دەكات كە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕۆژوودا زۆر تینووت نەبێت ئەوا لە پارشێودا خواردنە ڕیشاڵەییەکان بخۆ وەک (گوێز، بادەم، سێو، قەرنابیت، پەتاتە، چەوەندەر، هەرمێ، مۆز، برۆکلی) چونکە خواردنە ڕیشاڵییەکان ئاو بۆ ماوەیەکی زیاتر لە لەشدا دەهێڵنەوە.

د. سەفوەت خۆشناو دەشڵێت: بۆ ئەوەی برسیت نەبێت پێویستە لە پارشێودا ئەو خواردانە بخۆی کە پڕۆتینیان تێدایە وە(نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، هێلکە، ماسی، شیری سروشتی) هەروەها بۆ ئەوەی تووشی ئازاری گەدە و ڕیخەڵۆکە نەبێت دەبێت لەکاتی بەربانگدا خواردنی کەم و تەندروست بخۆی؛ دوای نانی پارشێویش نابێت ڕاستەوخۆ بخەویت، لایەنی کەم دەبێت نیو کاتژمێر بەینی بدەیتێ. بۆ ئەوەی تووشی شێرپەنجە و لەکارکەوتنی گورچیلە نەبیت پێویستە لە مانگی رەمەزان و دوای مانگی رەمەزانیش دوور کەویتەوە لە خواردنی سورکراوە و پاقلاوە و شیرینیە دەستکردەکان و شەربەتە ڕەنگینەکان کە لە دەرەوەی ماڵ دروست دەکرێن.

هەروەها لە ماوەی نێوان بەربانگ و پارشێودا پێویستە بڕی ١٠ بۆ ١٥ پەرداخ ئاو بخورێتەوە؛ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە پێویستە بە ڕێنمایی پزیشکی بەڕۆژوو بن.

د. سەفوەت خۆشناو بە بیری جگەرەكێشەكانیش دەهێنێتەوە كە ئەم ڕەمەزانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆیان تا واز لە جگەرە و نێرگەلە و مادە کحولییەکان بهێنن، چونکە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دەمارەکانی دڵ و جگەر و، دەبێتە هۆی تەسکداگەڕانی دەمارەکانی دڵ و وەستانی لەناکاوی گورچیلە.

ھەواڵی زیاتر