لە پاڵ هەموو سێکتەرەکانی دیکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەتی بە بابەتی ژینگە داوە. لە ماوەی کارکردنی کابینەکەشدا، لە بایەخدان بە ئاو و هەوا و خاک، چ لەسەر ئاستی پەرەپێدانی ژینگە و چ لەسەر ئاستی ڕێگری لە زیانگەیاندن بە ژینگە، هەنگاوی گرنگ نراوە.
ڕەوشی ژینگەی هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە پێگەی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: بۆ زانینی ڕەوشی ژینگە دەبێت سەیری پێکهێنەرەکانی بکەین، ئەوانیش بریتین لە، ئاو، خاک و هەوا. لە ڕێگەی ڕێکخراوی GIZ-ی ئەڵمانییەوە کە توێژینەوەی دووساڵەی لەبارەی هەوا لە دهۆک و هەولێر کرد و بۆ سلێمانی و هەڵەبجەش دەیکات، هێشتا ژینگەی هەرێمی کوردستان لە دۆخی باشدایە. لەبارەی ئاویشەوە، ئاوی سەرزەوی پشت بە باران دەبەستێت کە ئەمساڵ لە ئاستێکی باشدایە. ئەوەی دیکە ئاوی ژێرزەوییە. لەبارەی خاکەوە دۆخی زۆر باشە، تەنیا ماددە قڕکەرەکان گرفتن کە لە هەوڵداین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵدا پەینی سرووشتی بەکار بێت نەک پەینی کیمیایی.
ڕەتکردنەوەی٤٥٠ پڕۆژە
عەبدولڕەحمان سدیق، دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەت داوای لێمان کرد کە بە هیچ شێوەیەک سازش لە ڕووبەری سەوزایی نەکرێت، ئەو ڕێژەی ٢٥%ـە سەوزاییەی دامانناوە، بۆ هەر شوێنێک بێت، پێویستە جێبەجێکارەکەی پەیڕەوی بکات، بە پێچەوانەوە پڕۆژەی سەوزایی لە شوێنێکی دیکەدا، وەکوو باخچەی شارەوانی، یان لە ناو زانکۆ و قوتابخانە یان نەخۆشخانەکاندا ئەو ڕووبەرە سەوزاییەی پێ جێبەجێ دەکرێت. بەم شێوەیە لە کۆی دوو ساڵی ڕابردوودا، ٦٠٠ هەزار مەتر دووجا ڕووبەری سەوزایی بە کەرتی تایبەت لە شوێنی جیاجیا دروست کراوە.
سەبارەت بە مۆڵەتی پرۆژەکانیش، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەڵێت: لە چوار ساڵی ڕابردوودا مۆڵەت بە نزیکەی هەشت هەزار پڕۆژە دراوە و ٤٥٠ پڕۆژەش بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی ژینگە ڕەتکراونەوە. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، زیاتر لە ١٤ هەزار پڕۆژە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە پشکنینیان بۆ کراوە و زیاتر لە ٥ هەزار هەڵمەتی هۆشیارییش کراوە.
دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ئاو
عەبدولڕەحمان سدیق دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ژینگە و کشتوکاڵ و شارەوانییەوە، توانی پرسی ئاو بکاتە یەک پاکێج کە یاسای ژمارە ٤ی بۆ دەر کردووە. ئەمە یاسای پاراستن و ئیدارەدانی ئاوە؛ ئەنجومەنێکی باڵای ئاو، لە هەرێمی کوردستان لە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دامەزراوە، کە نوێنەرانی کشتوکاڵ و ژینگە و شارەوانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکانی دیکە تێیدا ئەندامن و سەرپەرشتی دەکەن.
کێشەی ئۆتۆمبێلەکان
لەبارەی تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەردی گزۆزیان دەرهێنراوە و وەزارەتی ناوخۆ بە مەرجی دادەنێت بەردەکانیان تێدا بێت، سدیق گوتی: ئەو بڕیارە لە سۆنگەی بە گرنگ زانینی بەرژەوەندیی گشتییەوە بوو. چونکە گەر ئەوە نەکرێت، تێچووی ژینگە و نەخۆشییەکان لەسەر حکومەت زۆر زیاتر دەبێت. بۆیە ئێمە دەڵێین هۆی پیسبوونی ژینگە بە پلەی سەرەکی ئۆتۆمبێلە، کە ژمارەیان ددوو ملیۆن و سەد هەزاری تێپەڕاندووە؛ پێویستە هۆکاری گواستنەوەی گشتیمان هەبێت و هۆکاری گواستنەوەی تایبەتییش ڕێک بخرێت کە نەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. لەو سۆنگەوەیە کە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەردی ساڵۆنسایان دەرهێنراوە، لەسەر ڕاسپاردەی ژینگەیی ئێمە داوە.
ڕێنماییە نوێیەکان
لەبارەی پاراستنی دارستانەکانەوە گوتی: تازەترین ڕێنماییمان لەوبارەیەوە دەرکردووە و بڵاو بووەتەوە، کە تێیدا سزاکان دیاری کراون، ئەوانیش بریتین لە پێبژاردن و وەرگرتنی پارە و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی حکوومەت. لەو بوارەدا بەشە داراییەکەی لەلای وەزارەتی داراییە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو سزایانە بسەپێنین. ڕێنماییەکمان هەیە بە ناوی “پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی” لە هەمان کاتدا دوو جۆر ڕووبەری سەوزاییمان هەیە، ئەوەی لە سنووری شارەوانییەکاندایە و باخ و باخچەکان دەگرێتەوە، بەڵام دارستانەکان لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی وەزارەتی کشتوکاڵە؛ دوا ڕووپێو کە کرابێت لە ساڵی ٢٠١٥ بوو، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین ڕووپێوێکی تازە بکەین، بۆ ئەوەی ئێمە بزانین ئایا لە ئاستی سەوزاییی ١٢.٤% ماوین یان زیادمان کردووە.
بیناسازیی ئاسۆیی
لەبارەی پێوەری جیهانیی سەوازیی لە هەرێمی کوردستان، عەبدولڕەحمان سدیق ئەوەشی گوت، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهانییدا نییە، چونکە شارەکانی کوردستان بە شێوەی ئاسۆیی فراوان دەبن نەک ستوونی. بیناسازی و کولتووری ئێمە ئاسۆییە و ستوونی نییە، ئەمەش وادەکات ڕووبەری جاددە و قیر و کۆنکرێت زیاتر بێت، بۆیە شەڕی ئێمە بۆ ژینگە زۆر قورسە و جیاوازە لە وڵاتانی دیکە. بە دڵنیاییەوە ڕووبەری سەوزاییمان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا نییە. بەڵام بە شێوەی سەرەکی ١٢.٤% مان بۆ دارستان هەیە، وە بۆ سەوزایی نێو شار ١٩.٥%ـیە.
دەرچووانی بەشی ژینگە
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەڵێت: لەسەر ئاستی ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکان، لە کۆی شەش هەزار ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو، ٢٢١یان ژینگەپارێزن و لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک نوێنەریان هەیە و لە داڕشتنی سیاسەتی ژینگەییی ئێمە بەشداری دەکەن. لەسەر ئاستی دەرچووانی ژینگە، توانیمان لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٢، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بەدەست بهێنین تاکو لەگەڵ هەر مۆڵەتێک بە پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت، دەبێت دەرچوویەکی ژینگە دابمەزرێنێت و مووچەکەشی بکەوێتە سەر کەرتەکە. چونکە ئەو وەک چاودێر، ڕێنمایی و سەرپەرشتی ژینگەیی پڕۆژەکە دەکات. سەرەنجام تەنیا لە هەولێر، ٧٠ دەرچووی ژینگە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لەو کەرتەدا کاریان بۆ دۆزراوەتەوە.
کۆنفرانسی “وەبەرهێنانی سەوز”
عەبدولڕەحمان سدیق دەشڵێت: خاڵیکی دیکە، ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت بە پێدانی ڕێنمایی و هۆشیاری، وەکوو چۆن بەهرەوەر و ساماندار دەبن لەم وڵاتە، ئەرکیشیانە خزمەتی ژینگەکەی بکەن. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری قسەمان کردووە، کە ٣١ کەناڵی ئاسمانی و ١٢٦ تەلەفزیۆنی لۆکاڵی و ١٧٥ ڕادیۆی ئێف ئێم لە هەرێمدا هەن، ئەگەر هەریەک لەو سەکۆیانە بەرنامە و پڕۆگرامی ژینگەیی هەبێت، کاریگەریی زۆری لەسەر هۆشیاریی ژینگەیی دەبێت.
لەبارەی هەماهەنگییشەوە، خاڵی زۆر گرنگ ئەوەیە، ئێمە دوو مانگ جارێک لەگەڵ نوێنەرانی گشت وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبینەوە، بە نوێنەری هەمووان دەڵێین چالاکییەکەیان لە چ بوارێک بووە و چۆن ژینگەیان لەبەرچاو گرتووە و لە کوێشدا دژی ژینگە وەستاونەوە. ئەوە هەنگاوی ئاشتبوونەوە و هەماهەنگیی هەموو دامەزراوەکانە بۆ پاراستنی ژینگە. لە بەرنامەشماندایە کۆنفرانسی “وەبەرهێنانی سەوز” ساز بکەین، بەو ئاراستەی چۆن وەبەرهێنان بەرەو سەوزکردن بگوازینەوە؛ واتا هەر پڕۆژەیەک کە هەیە دەبێت لە خزمەتی ژینگەدا بێت.