یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

شاعیر و شێوه‌کار رێزان قه‌ساب: زۆرینه‌ی شیعره‌کانم بۆ پیاوێک نووسیووه‌، که ‌ته‌نها له ‌خەیاڵمایە و بوونی نیه‌

حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف – هه‌‌ولێر

شاعیر و شێوه‌کار و مامۆستای هونه‌ر، رێزان محه‌مه‌د سه‌عید، ناسراو به‌ (رێزان قه‌ساب) له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌؛ خاوه‌نی دوو به‌رهه‌می شیعرییه‌، یه‌کێکیان سیدیه‌کی شیعرییه‌ به ‌دەنگی خۆی که‌ له‌ ده‌ تراک پێک هاتووه ‌و له‌ ساڵی ٢٠١٥ تۆمار کراوه‌، دووهه‌میشیان کتێبێکی شیعرییه‌ به‌ ناوی (هه‌ناسه‌)، که‌ کاتی خۆی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی کۆڕی ناساندنی بۆ کراوه‌ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌م دوو به‌رهه‌مانه‌ش له‌ چه‌ند کتێبێکی مێژوویی به‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند ده‌قێکدا، به‌شداری کردووه‌. یه‌کێک له‌و به‌رهه‌مانه‌ش (خستنه‌خواره‌وه‌ی ده‌مامکه‌کان) بووه‌ که ‌تایبه‌ت بوو به‌ ڤایرۆسی نه‌گریسی کۆرۆنا، ئه‌ویش له ‌ئاماده‌کردن و نووسینی جه‌مال جه‌باری بوو، خێزانداره‌ و دایکی سێ کچه‌، ‌ئێستا له‌ شاری سلێمانیدا نیشته‌جێیه‌.

رێزان له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی دیدارێکی رۆژنامه‌ی هه‌ولێردا گوتی:

  • شیعر لای تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
    ــ شیعر لای من ئه‌و دنیا جوانه‌ راستگۆیه‌یه‌ که‌ به‌بێ ماسک مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کات.
    ـ زیاد له‌و هه‌موو ژانره‌ ئه‌ده‌بیانه‌ بۆ ته‌نها ڕووت کرده‌ شیعرنووسین، باشه‌ جگه ‌له‌ شیعر، هیچ به‌هره‌یه‌کی تری هونه‌ریتان هه‌یه‌ و چۆن؟
    ـ هه‌ر له ‌مناڵیمه‌وه‌ هۆگر و ئاشقی شیعر بووم، که‌ سه‌رنجم ده‌دا رۆژبه‌رۆژ له‌گه‌ڵما زیاتر گه‌وره‌ ده‌بوو، بۆیه‌ شیعرم زیاتر خۆش ویست، من جگه ‌له ‌نووسینی شیعریش شێوه‌کاریشم ئه‌و به‌هره‌یه‌ش هه‌ر له ‌منداڵیمه‌وه‌ تیامدا چه‌که‌ره‌ی کردووه‌، هه‌تاکو ئێسته‌ش به‌رده‌وامم.
  • ئێستای شیعری کوردی چۆن ده‌بینی؟
    ــ ‌ئێستا شیعری کوردی له‌ بارێکی جه‌نجاڵ و پڕکێشه‌دا ده‌یبینم، وه‌ک حه‌زره‌تی شێخ ره‌زا فه‌رمووی (شاعیر زۆرن له‌و عه‌سره‌دا وه‌کو حه‌شری…)
    به‌ داخه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ که ‌شاعیره‌ باشه‌کانیش ون بوونە له‌ناویاندا.
  • بۆ کێ ده‌نووسیت و ئامانجت چییه‌ له‌ نووسیندا؟
    ـ من بۆ هه‌موو جوانیه‌کانی سروشتی کردگار و هه‌موو باره‌ نه‌خوازراوه‌کان و ناعه‌داله‌تیه‌کانی ژیان ده‌نووسم، هه‌ڵبه‌تە ئامانجیشم گه‌یاندنی په‌یامی ناخی خۆمه‌ بۆ جیهان.
  • ئاشنایه‌تیت چۆنه‌ له‌گه‌ڵ کتێب و خوێندنه‌وه‌دا؟
    ـ باشم، له‌ چاو ئه‌م جه‌نجاڵیه‌ی ئێستای کتێب تێی که‌وتووه‌، ده‌خوێنمه‌وه‌.
  • کێ هاوکارو هانده‌رت بووه‌ له‌ نووسیندا؟
    ـ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م یه‌که‌م هانده‌رم بوون دواتریش هاوڕێ نزیکه‌کانم.
  • پیرۆزیی خاکی نیشتمان و گه‌وره‌یی شه‌هیدان و کۆچی ئازیزان له‌ کوێی شیعره‌کانی تۆدان؟
    ــ زۆرینه‌ی شیعره‌کانم بۆ خاکی پیرۆزی نیشتمان و بۆ پێشمه‌رگه‌ نووسیووه‌، هه‌روه‌کو ئاشکرایه‌ نیشتیمان به‌شێکی گرنگه‌ له‌ من، هاوکات شه‌هیدانمان خوێنی گه‌شی نیشتمان و بنیاتنه‌ری ئه‌مڕۆیه‌.
  • ڕات چییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆروبۆریه‌ی شیعر؟
    ـ وابزانم هه‌ر ئه‌و هۆکاره‌یه‌که ‌شاعیری راسته‌قینه‌مان که‌من.
  • قه‌ڵه‌می ژن، له‌ نووسین و شیعردا چۆن ده‌بینی و تاچه‌ند ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ بۆته‌ چه‌کی داکۆکیکار له‌ مافه‌کانیان و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان؟
    ـ به‌ داخه‌وه‌ تاکو ئێستاش قه‌ڵه‌می ژن به ‌ته‌واوی ئازاد نه‌کراوه‌ تاکو بتوانێ به‌بێ ترس و به‌ راستی باسی ناخی خۆی بکات.
    ـ شیعرت بۆ پیاو نووسیوه‌؟
    ـ به‌ڵی، من زۆرینه‌ی شیعره‌کانم بۆ پیاوێک نووسیووه‌، که ‌ته‌نها له ‌خه‌یاڵمایه ‌و بوونی نیه‌.
    ـ بوونی فه‌یسبوک و ئه‌نته‌رنێت نه‌بوونەته‌ ڕێگر له ‌به‌رده‌می خوێندنه‌وه‌ و پیرۆزیی کتێبدا؟
    ـ به‌ڵێ، زۆریش رێگره‌؛ زۆر زۆر به‌ داخه‌وه‌، به‌ڵام کتێب پیرۆزیی خۆی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌ و له‌ ده‌ستیشی نادات.
  • چی تازه‌تان له ‌به‌رده‌ستایه‌؟
    ـ خوا پشتیوانمان بێت، به‌نیازی چاپکردنی نامیلکه‌ شیعرێکم بۆ منداڵان.