ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت قەرەبووی بەشێک لە زیانی دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی کرد و بەرزبووەوە، بەڵام ترس لە سستیی ئابووریی جیهان وایکردووە، بەرزبوونەوەکە سنوورداربێت.
لە ماوەی مانگی رابردوودا، نرخی نەوتی خاوی برێنت تاڕادەیەک ناجێگیر بووە، بەشێکی سەرەکیی هۆکارەکەیشی ترسە لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە نیشانەکانی بەرەوپێشچوونی خواستی چینە بۆ نەوت.
چین لە سەرەتاکانی ئەم مانگە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنای ئاساییکردەوە، بەڵام لە ئەمریکا و ئەوروپا کۆمەڵێک نیشانە بۆ لاوازبوونی ئابووری لە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بەتایبەتی دەرکەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-1-2023، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 86 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، کە بەراورد بە رۆژی رابردوو، 44 سەنت بەرزبووەتەوە. هاوکات هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش بە 80 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێستا چاوی بازرگان و مامەڵەکاران لەسەر بڵاوکردنەوەی داتاکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکایە کە بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممە بڵاوبکرێتەوە، ئەوەش بەرچاوڕوونیی زیاتر دەخاتەڕوو لەبارەی ئابووریی ئەمریکا کە گەورەترین ئابووریی جیهانە.
زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودایە
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە پارێزگاری لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا کرد. هەرچەندە بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک لە 1937 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1930 دۆلار، بەڵام هێشتا ئەو ئاستە بەرزترین ئاستییەتی لە مانگی مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی چەندین ئاماری پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا بڵاوبوونەوە و دەرکەوت کە ئابووریی ئەمریکا هێشتا لە دۆخێکی بەهێزدایە، سەرەڕای نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ئەمساڵدا، هێشتا هەستی بەکاربەران لەو وڵاتەدا بەهێزە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 1933 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.