نزیكه‌ی 70٪ی قوتابخانەکانی کوردستان توێژەری کۆمەڵایەتییان نییە

دانا له‌تیف ـ هەولێر

كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ كارنامه‌ی خۆیدا بایه‌خێكی زۆری به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا داوە‌، ئه‌مه‌ جێگای دڵخۆشییه‌ و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م سێكته‌رانه‌ خۆی له‌خۆیدا بایه‌خدانه‌ به‌ مرۆڤ لە‌‌ ئێستا و داهاتوودا. ده‌بێ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا‌ش به‌رجه‌سته‌ی ته‌واوی ئه‌م كارنامه‌یه‌ بكه‌ن و پێوه‌ی پابه‌ند بن.

له‌ په‌ره‌ورده‌ی نوێ و سه‌رده‌مدا، قوتابی سە‌نتە‌ری پڕۆسە‌ی پە‌روە‌ردە‌یە‌‌ و لە‌پێناو گه‌شه‌كردن و بوونی بە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی كاریگە‌ر بۆ نیشتیمان و ژینگە‌كە‌ی،‌ ئه‌وا پێویستی به‌ مامۆستا، پڕۆگرام، قوتابخانه‌ و ڕێنماییكاری پە‌روە‌ردە‌یی (توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) ھە‌یە.
ڕێنماییكارانی پە‌روە‌ردە‌یی كە‌ دە‌رچوانی ھە‌ردوو بە‌شی كۆمە‌ڵناسی و دە‌روونناسی دە‌گرێتە‌وە‌‌ توانیویانە‌ به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ بكه‌ن له‌ بونیادنانی كه‌سایه‌تیە‌كی بە‌ھێز و ڕە‌خساندنی ژینگە‌یە‌كی پە‌روە‌ردە‌یی وه‌ها كه‌ قوتابی لە‌گە‌ڵ فێربووندا پە‌روە‌ردەده‌ش بكرێت. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌و قوتابخانانه‌ به‌دیهاتووه‌ كه‌ ڕێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان رایگەیاندووه‌ كه‌ لە نزیكه‌ی 7000 هەزار قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 هەزار و 200 قوتابخانەیان توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌ر نییە، ئەوەش وایکردووە کەیس و کێشەکانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دابێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ش دابنێت.
كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یان ئاماژەیان بەوەداوه‌ كه‌ چەندین جار له‌ هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیاندا بوونه‌ و بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەشیان لێ ئاگادار كردۆته‌وه‌، بەڵام هه‌ر چه‌نده‌ وانه‌بێژ بۆ قوتابخانه‌كان دانراون، كه‌چی هیچ تویژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دانه‌نراون، ئەمەش کاریگەری ئایندەیی زۆر و خراپی لێدەکەوێتەوە بەتایبەت لەسەر بواری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و بۆته‌ هۆی لاوازبوونی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی فه‌رمی و حكومی.
لەو راگەیه‌نراوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان کە ئاڕاستەی هەریەک لە وە‌زیری پە‌روە‌ردە‌، پە‌رلە‌مانتارە‌كان و لیژنە‌ی پە‌روە‌ردە‌ و خوێندنی باڵا کراون هاتووە: “بە‌پێی ئاماری وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە‌ نزیكەی (7000) قوتابخانە لە هه‌رێمی كوردستان هەن، كەچی تەنیا نزیكەی (1800) رێنماییكاریی په‌روه‌رده‌یی هەن و لە زیاتر لە‌ (5000) قوتابخانە رێنماییكاری په‌روه‌رده‌یی هه‌ر نییه‌.
بێلان نامیق، كه‌ توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دانه‌مه‌زراوه‌ پێیوایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ھیچ ھە‌وڵ و ھە‌نگاوێكی بۆ دانانی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ قوتابخانه‌كان نه‌ناوه‌ و كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و توێژه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌، له‌ كاتێكدا پرۆسه‌ی فێركردن بێ په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست مه‌یسه‌ر نابێت، ئە‌مە‌ش بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی لە‌ پڕۆسە‌ی پە‌روە‌ردە‌ دروستكردووه‌، ئێستا له‌ قوتابخانانەكان كێشە و دیاردە كۆمەڵایەتی و دەروونی و پەروەردەیییەكان رۆژ به‌ڕۆژ ئاستیان له‌ زیادبووندان‌، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ش له‌م ماوه‌یه‌ ئه‌مه‌ی پشتڕاستكردۆته‌وه‌.
پاوان كۆیی، ده‌رچووییه‌كی به‌شی ده‌روونناسییه‌ و دانه‌مه‌زراوه‌ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری ڕاگه‌یاند كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌ و ئارێشه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له‌ قوتابخانه‌كانی كوردستان هه‌یه‌‌، داواتان لێدەكەین به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت رێنماییكاران له‌ قوتابخانه‌كان دابنرێن، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان له‌م خزمه‌تگوزارییه‌ كاریگە‌رە‌ بێبه‌ش نه‌بن، جا چ به‌ گرێبه‌ست بێت یان به‌شێوه‌ی وانه‌بێژ، چونكه‌ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانن زۆربه‌ی كێشه‌كانی نێو قوتابخانه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هیچ دیكه‌ قوتابی نه‌بێته‌ قوربانی نه‌بوونی توێژه‌ر و خه‌مساردی له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی دانه‌نانی توێژه‌ران له‌ قوتابخانه‌كان.
نابێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیربچێت كه‌ بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی قوتابیان لە هەرێمی کوردستان ڕێژه‌كه‌ی گەیشتووەتە ملیۆنێک و 815 هەزار قوتابی، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 715 هەزار قوتابی لە قوتابخانەی حکوومی دەخوێنن و 90 هەزار قوتابیش لە قوتابخانە ناحکومییەکانن، كه‌ به‌ پێی ستانداردی جیهانی یونسكۆ و ڕێكخراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌بێت نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار و 500 توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

ھەواڵی زیاتر