سولەیمانی

لە بیرم دێ سولەیمانی، مەڵبەندێکی هۆشیاری بوو
دەڤەری هونەری جوان و ئەدەبی بەرەنگاری بوو
نە دیلی دەستی ئیخوان بوو، نە ژێرچەپۆکەی قاعیدە
نە شمشێری سایکۆپاتێ، لە پەڕەی دڵی کاری بوو
نە کەس گەمەی بە ئاوەزی، لاوە ئازاکانی دەکرد
نە ململانێی سیاسی، مەشرووعێکی تیجاری بوو
جاران لەوێ نە ستەمکار، باسی عەدالەتی دەکرد
نە دز دەیگوت بژی یاسا، نە خۆپیشاندان یاری بوو
نە گۆشەنووسی بێسەواد، خۆی لێ دەبوو بە ڕۆبسپیر
نە سیخوڕی نێودەوڵەتان، نموونەی فیداکاری بوو
نە فەیلەسووفی قولابی، ڕۆڵی سارتەری دەبینی
نە کۆلکەمەلای لیخنبیر، هەتاوی کوردەواری بوو
درێغ بۆ ئەو دەمەی ئێمە، بە گژ بەعسا دەچووینەوە
ئەوسا خەبات ئەوەندە خاوێن بوو وەکوو دڵداری بوو

٩ی ٤ی ٢٠١١

ھەواڵی زیاتر