تیباس: فاتی له‌ ئمباپێ باشتره

به‌ یارمه‌تیی ڕۆناڵدۆ، یونایتد ده‌یه‌وێ زیدان بباته‌ شوێنی سۆڵشایه‌ر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

به‌ یارمه‌تیی ڕۆناڵدۆ، یونایتد ده‌یه‌وێ زیدان بباته‌ شوێنی سۆڵشایه‌ر
یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، ده‌یه‌وێ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ به‌كار بێهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بۆند له‌گه‌ڵ زیدان واژۆ بكه‌ن و جێی سۆڵشایه‌ر بگرێته‌وه‌.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 14/11/2021، مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، ده‌یه‌وێ له‌ داهاتوودا زیدان ڕازی بكا ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌یه‌وێ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ به‌كار بێنی.
یانه‌كه هه‌وڵه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌ زینه‌دین زیدانی فه‌ره‌نسی بێنێ، تا ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیی یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێ، تا شوێنی راهێنه‌ری نه‌رویژی ئۆلی جۆنار سۆڵشایه‌ر بگرێته‌وه‌.
گووشار له‌سه‌ر ئه‌و راهێنه‌ره‌ زیاد بوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێسته‌ له‌ خولی ئینگلیزدا له‌ خانه‌ی شه‌شه‌مدایه‌، به‌ تایبه‌ت دوای شكستی به‌رانبه‌ر لیڤه‌رپوول، به‌ ئه‌نجامی 0-5 له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئۆڵدترافۆرد و دۆڕانی به‌رانبه‌ر مانچسته‌ر سیتی به‌ ئه‌نجامی 0-2
سه‌ره‌ڕای گۆڕانكاریی كارگێری، كه‌مێك ڕه‌خنه‌كان له‌ سۆڵشایه‌ر ڕه‌وینه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌رك و پۆسته‌كه‌ی له‌ مه‌ترسیدایه‌.
رۆژنامه‌ی زه‌ تایمز بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ مانچسته‌ر یونایتد ئێسته‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ رازیكردنی زینه‌دین زیدان تا ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌یان و له‌ شوێنی ئۆلی جۆنار سۆڵشایه‌ر ده‌ستبه‌كار بێ.
زیدانی ته‌مه‌ن 49 ساڵان، ئێسته‌ راهێنه‌رایه‌تیی هیچ یانه‌یه‌ك ناكا، له‌و كاته‌وه‌ی له‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید رۆیشتووه‌ له‌ كۆتایی وه‌رزی ڕابردووه‌وه‌.
له‌ ماوه‌ی هه‌ردوو كاتی راهێنه‌رایه‌تیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریاڵ مه‌دریددا، زیدان جێی سه‌رنج بوو وه‌كوو راهێنه‌ر، سێ ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی چامپیۆنس لیگی برده‌وه‌، هاوكات دوو ناسناوی خولی ناوخۆییشی برده‌وه‌.
رۆژنامه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ زیدان هێشتا رازی نییه‌ به‌ كاركردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، كه‌ له‌ ئێسته‌دا بۆ ئه‌و شوێنێكی گونجاوه‌.
دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، كه‌ یانه‌كه‌ وای ده‌بینێ، كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان زیدان و ڕۆناڵدۆ بقۆزێته‌وه‌ و ڕۆناڵدۆ ببێته‌ كارایه‌كی یاریده‌ده‌ری باش، بۆ رازیكردنی زیدان به‌وه‌ی ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی مان یوو، كه‌ به‌ شوێنێكی گونجاوی بزانی.
له‌ شان ڕۆناڵدۆ، هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان رافائێل ڤاران به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید و ئێسته‌ی یانه‌ی مان یوو، كه‌ زیدان بۆ ریاڵ مه‌دریدی بردبوو، ده‌بێته‌ كارایه‌كی دیكه‌ بۆ ڕاكێشانی زیدان بۆ یانه‌كه‌.وێڕای زیدان، چه‌ند راهێنه‌رێكی دیكه‌ به‌ربژێرن بۆ راهێنه‌رایه‌تیی یانه‌ی مان یوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ دیسمێبه‌ری داهاتوو له‌و رووه‌وه‌ گفتوگۆ بكا، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ دوای دۆڕاندنی به‌ لیڤه‌رپوول، ئه‌گه‌ری نه‌مانی زیاتره‌.
ڕاپۆرته‌كانی پێشتر باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ چوار راهێنه‌ر به‌ربژێرن بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سۆڵشایه‌ر، ئه‌وانیش وێڕای زیدان، ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی، ئیریك تین هاج و براندن رۆدگرێز.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆنتی، بایه‌خ به‌وه‌ ده‌دا ببێته‌ راهێنه‌ری مان یوو، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناكا و هه‌لی بوونه‌ راهێنه‌ری توتنهامی دوای دوورخستنه‌وه‌ی نۆنۆ سانتۆ بۆ هاته‌ پێش.
رۆدگرێز، راهێنه‌ری یانه‌ی لیسته‌ر سیتی، بژارده‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ ئه‌گه‌ر سۆڵشایه‌ر بڕوا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لیڤه‌رپووله‌وه‌ بكا، كه‌ له‌ 2012 تا 2015 راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه‌ بوو.

تیباس: فاتی له‌ ئمباپێ باشتره
خافیێر تیباس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خولی ئیسپانی، وای ده‌بینێ كه‌ ئه‌نسۆ فاتی یاریزانی لاوی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، زۆر له‌ كیلیان ئمباپێ باشتره‌.
خافیێر تیباس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی خولی ئیسپانی، سه‌رسامیی خۆی به‌ ئاستی ئه‌نسۆ فاتی پیشان دا و دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ توانایه‌كی وای هه‌یه‌ له‌ كیلیان ئمباپێی یاریزانی یانه‌ی پاریس سان جێرمان باشتره‌.
ئێسته‌ فاتی له‌ پڕۆسه‌ی چاكبوونه‌وه‌یدایه‌ له‌و پێكانه‌ی له‌ ڕانی چه‌پیدا تووشی بوو، كه‌ ئێسته‌ یانه‌كه‌ی پێویستی به‌ تواناكانیه‌تی، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی چاڤی هێرناندێز بووه‌‌ راهێنه‌ری یانه‌ كاته‌لۆنییه‌كه‌.
له‌و كاته‌دا باسی فاتی كرا، كه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ كرا، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئمباپێ بچێته‌ ریاڵ مه‌درید، ئه‌ویش وتی: خولی ئیسپانی یاریزانی زۆر باشی هه‌یه‌، وه‌كوو ئه‌نسۆ فاتی، كه‌ له‌ ئمباپێی ئه‌ستێره‌ی فه‌ره‌نسی باشتره‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تووشی پێكان بووه‌.

ھەواڵی زیاتر